ئەیلول 21, 2019

باندێكی دزیكردن له‌ سلێمانی ده‌ستگیر كرا

پۆلیسی پارێزگای سلێمانی ده‌ستگیر كردنی باندێكی دزیكردن ڕاده‌گه‌یه‌نێت، كه‌ له‌ شه‌وی عه‌ره‌فه‌دا دزیان له‌ چه‌ند ماڵێك كردووه‌ و ئاشكرای ده‌كات، له‌ ڕۆژانی جه‌ژنی قوربانیدا چه‌ندین تۆمه‌تباریان به‌ تۆمه‌تی جیاجیا ده‌ستگیر كردووه‌، له‌ نێویاندا چوار تۆمه‌تبار هه‌ن هه‌وڵی ڕفاندنی ئافره‌تێكیان داوه‌.

١٨ ی ئاب سه‌ركه‌وت ئه‌حمه‌د گوته‌بێژی پۆلیسی پارێزگای سلێمانی له‌ كۆنگره‌یه‌كی ڕۆژنامه‌وانیدا ڕایگه‌یاند، پێرێ باندێكی دزیكردنیان ده‌ستگیر كردووه‌، كه‌ شه‌وی عه‌ره‌فه‌ دزیان له‌ چه‌ند ماڵێك كردووه‌، ژماره‌ی بانده‌كه‌ سێ پیاو و ژنێكن.
له‌ كۆنگره‌ ڕۆژنامه‌وانییه‌كه‌دا پۆلیسی پارێزگای سلێمانی ژماره‌ی ڕووداوه‌كانی ڕۆژی جه‌ژنی ئاشكرا كرد، كه‌ له‌ ڕۆژانی جه‌ژنی قوربانی، سێ تۆمه‌تبار به‌ تۆمه‌تی دزیكردن ده‌ستگیر كراون، تۆمه‌تبارێكیش به‌ تۆمه‌تی كوشتن و چوار كه‌سیش كه‌ هه‌وڵی ڕفاندنی ئافره‌تێكیان داوه‌ ده‌ستگیر كراون.
به‌ڕێوه‌به‌ری ڕاگه‌یاندنی پۆلیسی پارێزگای سلێمانی ئاماژه‌ی بۆ ئه‌وه‌ش كرد، هه‌ر له‌ ڕۆژانی جه‌ژندا، دوو تۆمه‌تباری دیكه‌یان كه‌ به ڕه‌گه‌ز عه‌ره‌بن ده‌ستگیر كردووه‌ و ئه‌وان كه‌ڤه‌ری ستوونی كاره‌بایان دزیوه‌ و تۆمه‌تبارێكی دی كه‌ بڕێك پاره‌ی له‌ هاوڵاتییه‌ك دزیوه‌ ده‌ستگیر كردووه‌، دوو تۆمه‌تباری دیكه‌ش به‌ تۆمه‌تی به‌ كارهێنانی مادده‌ی هۆشبه‌ر ده‌ستگیر كراون و ده‌ستیش به‌سه‌ر بڕێك مادده‌ی هۆشبه‌ردا گیراوه‌.
سه‌ركه‌وت ئه‌حمه‌د خستیه‌ڕوو، هه‌ر له‌و ماوه‌یه‌دا ده‌ستیان به‌سه‌ر ئۆتۆمبێلێكی دزراو و ژماره‌یه‌ك چه‌ك و تاپڕدا گرتووه‌ و خاوه‌نه‌كانیان ڕووبه‌ڕووی دادگا كراونه‌ته‌وه‌.

© 2017 Hawler