ئەیلول 18, 2019

زیاتر لە ١٠٠ تێبینی لەسەر بودجەی ئەمساڵی کەرکووک هەیە

راكان جبووری، پارێزگاری سەپێندراوی كەركووك، بە بێبەشكردنی گەڕەكە كوردییەكان، بەشێك لە پڕۆژەكانی ڕاگەیاند، سەرۆكی ئەنجوومەنی ئەو پارێزگایەش جەخت دەكاتەوە، ئەو كارەی جبووری دەیكات، بۆ ریكلامی هەڵبژاردن و بەردەوامیدانە بە پرۆسەی تەعریب.

دوای ڕەتكردنەوەی ئەنجوومەنی پارێزگای كەركووك لەسەر شێوازی خەرجكردنی بوودجەكە، ئەنجوومەنی وەزیران بڕیاریدا لەڕێگەی لێژنەیەكەوە پارەكە خەرج بكرێت، بەڵام دواجار بەبێ گەڕانەوە بۆ ئەنجوومەن، بودجەكە خەرجكرا.
لەكاتێكیشدا 430 ملیار دینار بوودجەی ئەمساڵی كەركووكە، ئەندامانی ئەنجوومەن زیاتر لە 100 تێبینیان لەسەر چۆنیەتی خەرجكردنی هەبووە، دوای مشتوومڕێكی زۆر نەگەیشتنە ڕێككەوتن، سەرئەنجام بڕیاردرا بە چاودێری لێژنەیەك لە ئەنجوومەنی وەزیرانەوە پڕۆژەكان جێبەجێ بكرێن.
رێبوار تاڵەبانی، سەرۆكی ئەنجوومەنی پارێزگای كەركووكیش دەڵێت:" هەندێك كۆبوونەوەی لە نێوان نوێنەرانی فراكسیۆنەكان لەو بارەیەوە كراوە و پەیوەندی نێوان ئێمە و سەرۆكایەتی ئەنجوومەنی وەزیرانیش لەو ئاستەدایە، كە هەر تێبینییەك لە بارەی ئەو بابەتەوە هەبێت، بگەیەندرێتە دەستمان و ئێمەش بۆ حكوومەتی بەغدا بەرز بكەینەوە.
هەروەها دەشڵێت: راكان جبووری، پارێزگاری سەپێندراوی كەركووك كۆمەڵێك ئیجرائاتی كردووە و جێبەجێكردنی پڕۆژەكان، وەكو ڕیكلامی هەڵبژاردن بۆ كۆكردنەوەی دەنگ بەكار دەهێنێت.
تاڵەبانی ئاماژە بەوەش دەدات، جبووری كە بووەتە پەرلەمانتار و دەوامی لە پەرلەمان نەكردووە، تا ئێستا ئەنجوومەنی نوێنەران هیچ رێككارێكی لە دژی ئەو نەگرتووەتە بەر، ئەوەی كە ئێستا جبووری دەیكات، هەم ریكلامكردنە بۆ خۆی بۆ هەڵبژاردن، هەمیش بەردەوامیدانە بە پرۆسەی تەعریبكردنی شاری كەركووك".

 

© 2017 Hawler