ئاب 26, 2019

رێکخەری راسپاردە نێودەوڵەتییەکان: دامودەزگا شەرعییەکانی شنگال نەیانتوانیوە بگەڕێنەوە

نێردەی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ هاوکاری عێراق لە بلاوکراوەیەکی تایبەت دا لە ٤ ئابی ٢٠١٩ پالپشتی لە ئارامی و بەڕێوەبردنی هاوبەش لە شنگال دەکات بۆ مسۆگەرکردنی هاتنی یارمەتییە مرۆییەکان بە کەسانی بێبەربەست و گەڕانەوەی ئاوارەکان بۆ سەر زێدی خۆیان.

لەم بارەوە دیندار زێباری رێکخەری راسپاردە نێودەوڵەتییەکان لە حکومەتی هەرێمی کور دستان رایگەیاند: پێشوازی لەو داوایەی نوێنەری تایبەتی سکرتێری گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ عێراق دەکەین سەبارەت بە ئاسایی کردنەوەی رەوشی شنگال و ناوچە کوردستانییەکانی تری دەرەوەی سنووری هەرێم، سەرەڕای ئازاد کردنەوەی ئەم ناوچانە تا ئێستا دانیشتووانەکەی ناتوانن بگەرێنەوە سەر زێدی خۆیان بە هۆی ناسەقامگیری ئەو ناوچانە و نەبوونی خزمەتگوزاری پێویستی رۆژانە.
سەبارەت بە جێبەجێ کردنی ماددەی (١٤٠)ی دەستووری هەمیشەیی عێراقی رێکخەری راسپاردە نێودەوڵەتییەکان وتی: لە دوای رزگار کردنی ئەو ناوچانەی کە تیرۆریستانی داعش دەستیان بەسەردا گرتبوو، رەوشی ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی سنووری هەرێم کە بەشی هەرەزۆری دەکەونە چوارچێوەی ناوچەکانی ماددەی (١٤٠) ی دەستووری هەمیشەیی عێراق وەک پێویست ئاسایی نەبۆتەوە و بەشێکی زۆری دانیشتووانی ئەو ناوچانە نەیانتوانیوە بگەڕێنەوە سەر زێدی خۆیان، ئەمەش وایکرد کە نێردەی نەتەوە یەکگرتووەکان و ژمارەیەک لە رێکخراوە نێودەوڵەتییەکان داوای ئاسایی کردنەوەی رەوشی ئەو ناوچانە و دووبارە ئاوەدان کردنەوەیان بکەن، چونکە تا ئێستا ژمارەیەکی زۆری دانیشتووانی ئاوارەن لە کەمپەکانی هەرێمی کوردستان. لەلایەکی دیکەوە رۆژی 7/30/2019دادگای باڵای فیدراڵی عێراق بڕیاریدا تا ئەوكاتەی سەرجەم ئامانجەكان ماددەی 140 جێبەجێدەكرێت، كاركردن بە ماددەی 140 بەردەوامدەبێت.
لە دوای ساڵی 2014 بەشی هەرەزۆری ئەو ناوچانە لە سنووری پارێزگای موسڵ، هەولێر، کەرکوک، دیالا و سەڵاحەددین کەوتنە بەر شاڵاوی تیرۆریستانی داعش و دەستیان بەسەر بەشێکی زۆری ئەو خاکانەدا گرت، ئەمەش هۆکارێک بوو بۆ ئاڵۆزتر کردنی زیاتری دۆخەکە و دانیشتووانی ئەم ناوچانە دووبارە کەوتنە بەر دڕندەترین هێرش و سەدان هەزار کەسی دانیشتووی ئەو ناوچانە لە گشت پێکهاتەکان ناچار بوون ماڵ و حاڵی خۆیان جێبهێڵن و روویان لە هەرێمی کوردستان کرد.
رێکخەری راسپاردە نێودەوڵەتییەکان لە حکومەتی هەرێمی کوردستان سەبارەت بە نەگەڕانەوەی خەڵکی ئەم ناوچانە بەتایبەتی لە دەشتی نەینەوا وتی: ئەم ناوچانە رووبەڕووی وێرانکارییەکی زۆر بونەوە، سەرەڕای تێکدانیان لە لایەن داعش بەشێک لە خانووەکانیان تا ئێستا بە تەواوی لەو مین و تەقەمەنیانە پاک نەکراونەتەوە کە داعش لەدوای خۆی جێی هێشتوون و زیانی گیانیشی بەدوای خۆیدا هێناوە، بۆیە ئەو وێرانکارییەی بەسەر شنگالدا هات پێویستی بە هەڵمەتێکی بەرفراوانی ئاوەدانکردنەوە هەبوو لە هەموو سێکتەرەکانی ژیان، بەڵام نەبوونی خزمەتگوزارییە پێویستەکان وەک پڕۆژەکانی ئاوەدان کردنەوە و دووبارە بونیاتنانەوەی ژێرخانی شارەکە.
لە لایەکی دیکەوە دامودەزگا شەرعییەکانی شنگال نەیانتوانیوە بگەڕێنەوە ئەمەش بۆتە هۆی درووستبوونی بۆشاییەکی ئەمنی و ئیداری و کۆسپێکی گەورەی درووستکردووە لەبەردەم ئاوەدان کردنەوەی شارەکە و گەڕانەوەی دانیشتوانەکەی و نیگەرانییەکی زۆری هاووڵاتیانی لێکەوتۆتەوە بە هەموو پێکهاتە ئایینی و نەتەوەییەکان.
دیندار زێباری رێکخەری راسپاردە نێودەوڵەتییەکان لە حکومەتی هەرێمی کوردستان لە کۆتایی لێدوانەکەیدا وتی: لە بارەی سەقامگیری ناوچەکە داوایکرد هەرچی زووە نەتەوەیەکگرتووەکان و کۆمەڵگای نێودەوڵەتی بەتایبەتی وڵاتانی کۆمەک بەخش رۆڵێکی زیاتریان هەبێت بەتایبەتی لە بواری ئاوەدان کردنەوەیان و چارەسەرکردنی کێشەکانیان، چونکە لە ئێستادا تا راددەیەک کەشوهەوا لە بارە بۆ ئەوەی هەوڵەکان بەگەڕ بخرێنەوە بۆ جێبەجێکردنی ئەو ماددە دەستوورییە کە لە بەرژەوەندی گەلانی عێراق بە گشتی و بەتایبەتی خەڵکی ئەم ناوچانەدایە کە لە پێکهاتە ئایینی و نەتەوەیی جیاجیاکان.

© 2017 Hawler