ئاب 26, 2019

دوای دوو ساڵ لە رزگارکردنی مووسڵ هێشتا وێرانەیە

دوو ساڵ بەسەر رزگارکردنی مووسڵ لەدەستی تیرۆریستانی داعش تێدەپەرێت بەڵام هیشتا ئەو شارە وێرانەیە و رۆژانە لە ژێر دار و پەردوو و باڵەخانە و پردە رووخاوەکان تەرم دەدۆزرێنەوە. بە تایبەتی بەشی رۆژئاوای شارەکە وێرانەیە و ژیان تیایدا ئاسایی نەبووەتەوە، خەڵکی مووسڵ نیگەرانن لە داهاتووی شارەکەیان و پێیان وایە ئەو بەڵێنییانەی بۆ ئاوەدانکردنەوەی شارەکە دران بوونە بڵقی سەر ئاو.

سەرەڕای ئەو ماوە درێژە لە رزگارکردنی مووسڵ لە چەند رۆژی رابردوودا ژمارەیەک تەرم لە ژێر خانووە رووخاوەکانی مووسڵ دۆزرانەوە. خەڵکی موسڵ بە توندی رەخنەیان لە حکوومەتی عێراق گرتووە کە هەوڵەکانی خۆی بۆ دووبارە ئاوەدانکردنەوەی مووسڵ و گەیاندنی خزمەتگوزارییەکان و دابینکردنی ژینگەیەکی لەبار بۆ ژیان دابین نەکردووە.
ئەوەی خەڵکی شارەکە و تەنانەت بەرپرسانیان بۆ میدیاکان خستوویانەتەروو رەوتی سڕینەوەی شوێنەواری جەنگ لە مووسڵ کە بۆ ماوەی سێ سال تیرۆریستانی داعش حوکمیان کرد زۆر سستە و هێشتا بۆنی پاشماوەی ئەو تەرمانەی لە ژێر زەمینی باڵەخانەکان ماونەتەوە و خەڵکی مووسڵی بێزار کردووە.
جێگەی باسە لە 10ی حوزەیرانی ساڵی 2014 داعش دەستی بەسەر مووسڵدا گرت و خەلافەتی ئیسلامی خۆی لەم شارە راگەیاند. لە ماوەی سێ ساڵ لە دەسەڵاتداری تیرۆریستان هیچ تاوانێک نەما لەم شارە دژ بە مرۆڤایەتی نەکرێت و بە هەزاران کەس بە دەستی داعش کۆمەڵکوژ کران و لە کاتی ئۆپەراسیۆنی رزگارکردنی شارەکەش لە ساڵی 2017 ژمارەیەکی تر لە ئاکامی هێرشی ئاسمانی و بۆمبی چێنراو و جەنگی رزگاری کوژران کە بەیشێکیان خەڵکی سڤیل بوون.
بە پێی ئامارێک کە شارەوانی مووسڵ بڵاوی کردووەتەوە "ئیرنا" لە زاری "ئیرەم نیوز" خستوویەتەڕوو تاوەکو ئێستە 15 هەزار تەرم لە ژێر دار و پەردووی باڵەخانە رووخاوەکانی مووسڵ هێنراونەتە دەرەوە، لەو ژمارەیە دوو هەزار و 700 تەرمیان هیی خەڵکی سڤیلن و ئەوانەی تر هیی چەکدارانی داعش و بنەمالەکانیانن.
مووسڵ کە بە یەکێک لە گەورەترین و قەرەباڵغترین شارەکانی عێراق هەژمار دەکرێت لە ئاکامی شەڕ و لە میانەی ئۆپەراسیۆنی رزگارکردنی شارەکە، بەشێکی زۆر لە باڵەخانەکان و ژێرخانی ئاوەدانکردنەوەی شارەکە رووخا و بەشێکی تریشی بەرێژەی جیاواز زیانی بەرکەوت.
بە پێی ئامارێکی تر کە پێشتر رێکخراوی نەتەوەیەکگرتووەکان بڵاوی کردووەتەوە بەگشتی بەهۆی شەڕ 12 هەزار خانوو وێران بوون و 12 هەزار و 500 خانووی تر زیانیان بەرکەوت.
ئامارەکانی مافی مرۆڤیش ئەو راستییە دەردەخەن سەرەڕای ئەوەی کە دوای رزگاربوونی مووسڵ بەشێکی زۆر لە دانیشتووانەکەی گەڕاونەتەوە شارەکە بەڵام کەم نین ئەو هاووڵاتیانەی لەبەر رووخانی ماڵەکانیان و وێرانبوونی ژێرخانی خزمەتگوزاری شارەکە ئامادە نین بۆ ئەو شارە بگەڕێنەوە و هێشتا لە ئاوارەییدا دەژین. هێشتا بە سەدان هەزار ئاوارەی مووسڵ و شارەکانی تری عێراق لە کورستانن .
مووسڵ کە بە دوو بەشی رۆژئاوا و رۆژهەڵات دابەش دەبێت، بەشە رۆژئاواکەی کە لە راستیدا بەشە کۆنەکەیەتی زیاتر زیانی بەرکەوتووە و زۆربەی باڵەخانەکانی ئەو بەشە رووخاون بەڵام لە بەشی رۆژهەڵاتی شارەکە ژیان ئاساییتر بۆتەوە و جموجۆڵی ئابووریش لەم بەشە لە شارەکە زیاتر بووە.
بە پێی خەمڵاندنەکان دەگوتریت ئاوەدانکردنەوەی مووسل پێویستی بە 60 تا 80 ملیار دۆلار بودجە هەیە بەڵام ئەمە لە کاتێکدایە قایمقامی مووسڵ دەڵێت ئەو بودجەیەی بۆ ئەو شارە تەرخان کراوە لەگەڵ بودجەی پێویستیی شارەکە زۆر لە یەکتر دوورن. لە کۆنفرانسی نێودەوڵەتیی کوێت باس لە یارامەتی 30 ملیار دۆلاری بۆ ئاوەدانکردنەوەی عێراق کرا بەڵام هەمووی تەنیا بەڵێنی بووە و هیچ شتێک بۆ ئاوەدانکردنەوەی عێراق نەکراوە.
جگەلەمە هێشتا رۆڵی میلیشیاکان لە نێو شارەکە بەرچاوە و حکوومەتی عێراق نەیتوانیوە بە تەواوی پێگەی ئیداری و سەربازی و تەناهی خۆی بەسەر شارەکەدا بسەپێنێت و میلیشیاکان دوور بخاتەوە. پاشماوەکانی داعشیش دەیانەوێت لەم دۆخە سوود وەربگرن و دووبارە دەست بە هێرشە تیرۆریستییەکانیان بکەنەوە.

© 2017 Hawler