تشرینی یەکەم 14, 2019

د.بەشیر حەداد: بەشێک لە پارەی ئه‌م ساڵی گەنمی جووتیاران گەیشتە هه‌رێمی کوردستان

دوێنێ، د.بەشیر حەداد جێگری سەرۆكی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق رایگه‌یاند، ئەو بڕە پارەیەی وه‌كو بەشێک لە پارەی ئه‌م ساڵی گەنمی جووتیاران گەیشتووەتە ھەرێمی کوردستان دابەشدەکرێت.

حەداد وتیشی، به‌رده‌وام ده‌بێت له ‌هه‌وڵه‌كانی بۆ خه‌رج كردنی ته‌واوی شایسته‌ داراییه‌كانی جووتیارانی کوردستان بۆ ساڵەکانی 201٤ـ201٥ـ201٦ـ2017ـ2018) و پارەی قەرەبووی لافاو و زەرەر و زیانەکانی هەرێمی کوردستان.
بەڕێوەبەری گشتیی وەزارەتی بازرگانیی حكومەتی هەرێمی كوردستان ڕایدەگەیەنێت، ئەو بڕە پارەیەی گەنمی جووتیاران کە گەیشتووەتە هەرێمی کوردستان بە یەکسانی بەسەر پارێزگاکاندا دابەشدەکرێت.
نەوزاد ئەدهەم، بەڕێوەبەری گشتیی وەزارەتی بازرگانیی حكومەتی هەرێمی كوردستان سەبارەت بە پارەی گەنمی جووتیاران لە لێدوانێکی دا بۆ رووداو راگەیاند، بەشێک لە پارەی گەنمی جووتیاران کە 15 ملیار دینارە گەیشتووەتە هەرێمی کوردستان و ئەو بڕە پارەیەش بەسەر پارێزگاکانی هەولێر، سلێمانی و دهۆکدا دابەشدەکرێت و بە گوێرەی کاتی رادەستکردنی گەنمەکە بەسەر جووتیاراندا دابەشدەکرێت.
لە یاسای بودجەی عێراقدا بڕی 192 ملیار دینار بۆ وەرگرتنی گەنمی جووتیارانی هەرێمی کوردستان جێگیرکراوە کە دەکاتە 12.67%ی عێراق، تاوەکو ئێستاش وەرگرتنی گەنم بەردەوامە.
بەڕێوەبەری گشتیی وەزارەتی بازرگانیی ئاماژەی بۆ ئەوەش کردووە، بە زووترین کات پارەکە دەگاتە دەستی جووتیاران و ئەو 15 ملیار دینارەش تەنیا فەرمانی دابەشکردنەکەی ماوە.
لە لایەکی ترەوە و لە سنووری دهۆك تا ئێستا زیاتر لە 74 هەزار تۆن گەنم لە جووتیاران وەرگیراوە، بەڕێوەبەری گشتیی بازرگانیی گەنم و جۆش لە پارێزگای دهۆك دەڵێ، تا گەنمی جووتیارێك مابێت، وەرگرتنی گەنم بەردەوام دەبێت.
نازم محەمەد، بەڕێوەبەری گشتیی بازرگانیی گەنم و جۆ لە پارێزگای دهۆك، لە لێدوانێکی دا بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستان رایگەیاندووە: "لە 13/6 لە هەر سێ سایلۆی شێخان، زاخۆ و فەیدیێ دەست بە وەرگرتنی گەنمی جووتیاران كراوە، تا ئەمڕۆ وەرگرتنی گەنمی جووتیاران بەردەوامە، لە فەیدیێ، 24 هەزار و 300 تۆن، سایلۆی شێخان 31 هەزار و 200 تۆن، سایلۆی زاخۆ 18 هەزار و 750 تۆن گەنم لە جووتیاران وەرگیراوە، كە كۆی گشتیی ئەو گەنمەی تا ئێستا لە سنووری پارێزگای دهۆك لە جووتیاران وەرگیراوە، 74 هەزار و 300 تۆنە".
بەڕێوەبەری گشتیی بازرگانیی گەنم و جۆ لە پارێزگای دهۆك ئاماژەی بۆ ئەوەش کردووە، وەرگرتنی گەنمی جووتیاران بەپێی ئەو فایلانەیە كە لە بەغداوە بۆمان هاتوون، تا جووتیارێكیش مابێت كە ناوی لەناو فۆڕمەكەدا بێت، گەنمەكانیان وەردەگرین.
شایەنی باسە ئەمساڵ 100هەزار تۆن لە هەولێر، 112هەزار تۆن لە دهۆک، 80 هەزار تۆن لە سلێمانی، 20 هەزار تۆن لە هەڵەبجە و 28 هەزار تەن لە گەرمیان وەردەگیرێت، کە کۆی گشتی دەکاتە 340 هەزار تۆن.

© 2017 Hawler