ئاب 03, 2020

فازڵ میرانی: بە بێ بەڵگە قسە ناكەم.. ناكرێت پارتی و یەكێتی ببنە ئۆپۆزسیۆن

فازڵ میرانی، سكرتێری مەكتەبی سیاسیی پارتی دیموكراتی كوردستان، لە وتووێژێكی ماڵپەڕی دەنگی ئەمەریكادا، باس لە پرسی پاڕێزگاری كەركووك و كێشەكانی نێوان پارتی و یەكێتی و ئەگەری بەشداریكردن یاخود نەكردنی یەكێتی لە حكوومەتدا دەكات.

لە سەرەتای وتووێژەكەدا، میرانی لەبارەی قسەكانی سەعدی پیرە لە دەنگی ئەمەریكا، ڕایگەیاند: "من لەگەڵ ئەوەدا نیم كە پارتی و یەكێتی ناتوانن پێكەوە حكوومەت پێك بھێنن، مەگەر تەنھا ئەوەی پێداگرییەك لەلایەن برادەرانی یەكێتییەوە ھەبێت كە نایانەوێت حكوومەتی ھەرێمی كوردستان لە دوای ھەڵبژاردنەكان پێك بھێنرێت، جا بڕیاری خۆیانە یا بڕیاری خەڵكی ترە، ئەوە پەیوەندی بە خۆیانەوە ھەیە، ئینجا لە ١٩٩٢ەوە تا ئێستا بە شەڕی ناوخۆ-شەوە، پارتی و یەكێتی پێكەوە ئەم وڵاتە بەڕێوە دەبەن، خێرە ئێستا ناتوانن پێكەوە حكوومەت پێك بھێنن؟!"

میرانی، گوتیشی: "ھەندێك لە سەركردایەتیی یەكێتی، كە ئیشیان دەكەوێتە لای كاك مەسعوود، دەڵێن: با ببێتە مەرجەعی كوردستان و ھەموومان. بە بەڵگەوە ئەمەم لەلایە."

ڕۆژی دووشەممەی ڕابردوو، لە وتووێژێكی دەنگی ئەمەریكادا، سەعدی ئەحمەد پیرە، ئەندامی مەكتەبی سیاسیی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان ڕایگەیاندبوو: "زەحمەتە لەگەڵ پارتی لە كابینەیەك بین كە ئەوە سیاسەتی بێت، یەكێتی لەو یاریە تێگەیشتووە ئیتر ئەوە ناخوات."

لە وەڵامدا، فازڵ میرانی گوتی: "من لە قسەكانی "كاك سەعدی پیرە" تێگەیشتم، خوێندمەوە لە دەنگی ئەمەریكا كە دەڵێ پارتی دەیەوێت "كاك مەسعوود" مەرجەع بێت ئەمە چیتر ناخوات، ھەر خۆیان بە خۆشیەوە (كاك سەعدی پیرە) كە ئیشێكیان كەوتووەتە لای "كاك مەسعوود" و بۆیان جێبەجێ كراوە، دواتر خۆیان گوتوویانە "كاكە ئەم پیاوە تەنھا سەرۆكی پارتی نییە، بەڵكوو پێویستە بكرێتە "مەرجەعێك" بۆ ھەموومان. بەڵام دیارە ئیتر بەرژەوەندییەكان (مەبادیئی)ـیان داپۆشیوە."

سكرتێری مەكتەبی سیاسیی پارتی دیموكراتی كوردستان زیاتر ڕوونی كردەوە: "من ناڵێم یەكێتی بە فەرمی داوای كردووە، باسی ئەوانە لە یەكێتی دەكەم كە ئێستا ڕەخنە دەگرن و دەڵێن كاك مەسعوود دەیەوێت ببێتە مەرجەع، بەڵام بەشێك لە خۆیان لە ئەندامانی سەركردایەتی و مەكتەبی سیاسی بە "بەندە" و بەشێك لە برادەرانی مەكتەبی سیاسیی ئێمەیان گوتووە: بە (كاك مەسعوود بارزانی" بڵێن تەنھا وەك سەرۆكی پارتی نەبێت، بەڵكوو ببێتە مەرجەعی كوردستان بۆ ھەموومان، چونكە ھەر ئەو-مان (كاك مەسعوود بارزانی) ماوە بەدەستەوە (جا بە بێ بەڵگە ئەو قسەیە ناكەم و بەڵگەمان لایە لەسەر ئەو قسەیە)، بە دڵنیاییەوە بەشێكی زۆریان ئەو "مەرجەعییەتە" قبووڵ دەكەن بەو مەرجەی "تەئمینی بەرژەوەندیی ئەوان بكات".

"خۆمان ڕێك بكەوین وەك لەوەی خەڵكێك بێت بە "خورتی" ڕێككەوتن لە نێوانماندا بكات"

سكرتێری مەكتەبی سیاسیی پارتی دیموكراتی كوردستان ئەوەشی گوت: "لەلای ئێمە ئاسایشی كۆمەڵگا و "ئیستقرار"ی دۆخی كوردستان گرنگە، ئەوە پۆستی وەزارەتی داد چارەسەر كرا، كە من خۆم نایناسم، بەڵام كاندیدێكی سەربەخۆیە، سەبارەت بە كەركووكیش ئێمە و یەكێتی ڕێككەوتنێكمان ھەیە، كە ھاوتەریب لەگەڵ پێكھێنانی حكوومەت لەسەر كاندیدێكی پارێزگار ڕێك بكەوین، ئەوان كاتی خۆی "كاك فەرەیدوون عەبدولقادر-یان" كاندید كرد ئێمە ڕازی بووین، ئێستاش بە بۆچونی من باشترە خۆمان ڕێك بكەوین وەك لەوەی خەڵكێك بێت بە "خورتی" ڕێكەوتن لە نێوانماندا بكات، ھەروەك چۆن خەڵكێك برادەرانی یەكێتییان نارد بۆ مەراسیمی سوێندخواردنی سەرۆكی ھەرێمی كوردستان "كاك نێچیرڤان" ئەمە نەكرێت لەگەڵ یەكتر باشترە، با خۆمان یەكتر قبووڵ بكەین."

مەبەستت لە "خەڵكێك" یەكێتی نارد بۆ مەراسیمی سوێندخواردنی سەرۆكی ھەرێم، كێیە ئەو خەڵكە؟

فازڵ میرانی ئامادە نەبوو ئاماژە بەو "خەڵك"ـە بكات و بەتەنھا گوتی: "خۆیان (یەكێتی) دەزانن كێ ئەوانی نارد بۆ مەراسیمەكە، من ناچمە ناو وردەكارییەوە، چونكە ھێشتا بێگومان دۆخی كوردستان گرنگترە لە "چاوپێكەوتنێك".

"ھەندێك لە برادەرانی یەكێتی چوون كەركووك-یان ڕادەستی عێراق كرد و ھیچ ڕێزێكیان بۆ دڵ و قودسی كوردستان دانەنا"

میرانی درێژەی بە قسەكانی دا و گوتی: "سەبارەت بە كەركووك، كێ كەركووكی ڕادەستی عێراق كرد؟ ئێمە بووین وا گلەییمان لێ دەكرێت ئەمڕۆ؟ نەخێر، ھەندێك لە برادەرانی یەكێتی كەركووك كە دڵی كوردستان بوو، دەریان ھێنا و دایان بە خەڵكی تر، جا نەشتەرگەری بۆ دەكەن، دەرزی لێ دەدەن، ئەوان ئیستا بە ئێمە دەڵێن وەرن چارەسەری بكەن."

ئێوە وەك پارتی، هەروەها دروشمی "مەلا مستەفای بارزانی" لە شۆڕشی "ئەیلوول" دروشم-تان ئەوە بوو كە كەركووك دڵی كوردستانە، ئێستا كەسەرۆكی حكوومەت و سەرۆكی ھەرێم لە خۆتانە لە ھەرێم، بۆ دەتانەوێت ھەرێمێك بێ دڵ بەڕێوە ببەن؟

سكرتێری مەكتەبی سیاسی پارتی دیموكراتی كوردستان لە وەڵامی ئەو پرسیارەدا گوتی: "بارزانیی نەمر-بەڕەحمەت بێت" شۆڕشی ئەیلوولی لەسەر كەركووك دانا و ئامادە نەبوو نیوەی كەركووك بداتە حكوومەتی عێراق، لێیان پرسی بۆ؟ گوتی "من نامەوێت سبەی كە مردم بێنە سەر قەبرم پێم بڵێن چۆن سازشت لەسەر بەشێكی خاكی كوردستان كرد؟ "مام جەلالیش بەڕەحمەت بێت" دەیگوت كەركووك قودسی كوردستانە، بەڵام قودسی كوردستان و دڵی كوردستان ھەندێك لە برادەرانی یەكێتی چوون ڕادەستی عێراقیان كرد و ھیچ ڕێزێكیان بۆ دڵ و قودسی كوردستان دانەنا، ئنجا ئێستا بە ئێمە دەڵێن وەرن چاكی بكەنەوە "ئێمە بێگومان لەگەڵ چاككردنەوەیداین."

"ئەگەر وەك یەكێتی قسە بكەین، ئەوا لە ستراتیژیەتی ئەوانە پارتی نەك لە كەركووك، لە كوردستانیش نەمێنێت"

میرانی ئاماژەی بە قسەیەكی تری سەعدی پیرە كرد لە دەنگی ئەمەریكا و گوتی: "من كە قسەكانی كاك سەعدی-م لە دەنگی ئەمەریكا خوێندەوە كە دەڵێت، پارتی دەیەوێت پێگەی یەكێتی لە كەركووك لاواز بێت" بەداخەوە ئەگەر ئێمە وەك ئەوان قسە بكەین، ئەوا لە ستراتیژیەتی ئەوانە، پارتی نەك لە كەركووك، لە كوردستانیش نەمێنێت، بۆیە عێراقیان ھێنا تا ئێمە لە كەركووك نەمێنین."

پەیامنێری دەنگی ئەمەریكا لە فازڵ میرانی پرسی، باشە ئێوە چ ھاوپەیمانێكی ستراتیژین (ئەو دوو حیزبە) كە وا نیەتی یەكتر بخوێننەوە و پێتان وابێت ئەو دەیەوێت ئەو لاواز بكات و ئەوی تر دەیەوێت ئەو بسڕێتەوە؟

میرانی لە وەڵامدا گوتی: "ئەمە نەخۆشییەكی درێژخایەنی یەكێتی و پارتییە و دەگەڕێتەوە بۆ ساڵانی ( ٦٤و ٦٦و ٧٥) و شەڕی ناوخۆ، ھەتا شەڕی ناوخۆ لەسەر ئەوە بوو، نەك لەسەر دوكان و زەوی و شتی تر، بەڵام نە ئێمە دەتوانین یەكێتی لاواز بكەین و بیسڕینەوە، نە یەكێتی-یش دەتوانێت پارتی بسڕێتەوە."

"یەكێتی بە ئێمە دەڵێن زۆرینەین لە كەركووك، كەچی شەش كورسییان ‌ھێناوە"

فازڵ میرانی ئەوەشی گوت: "یەكێتی بە ئێمە دەڵێت، ئێمە زۆرینەین لە كەركووك، باشە شەش كورسییان ‌ھێناوە، یەكەم بوو لە حەویجەی عەرەب-یش كە داعش و بەعسی بوون ھەموویان، باشە شەش كورسییان ھێنا ئێمە دەممان قەپات كرد و دەممان نەكردەوە و ئێمە "تەفزیلی" یەكێتی-مان كرد لەسەر خەڵكی تر و گوتمان قەینا ئەوانە كوردن خۆ شەش كورسییەكە ھی دوای ڕیفراندۆم بوو، با ئێستا ڕاستەوخۆ بێن ئێـمە و ئەوان كاندیدی خۆمان بدەین بە ئەنجوومەنی پارێزگای كەركووك، با وەك پۆستی وەزیری داد كاندیدێكی سەربەخۆ بێت، ئەم شێوازە سیاسەتەی یەكێتی ناخوات، نەك ئەوەی ئەوان بە ئێمە دەڵێن ناخوات."

"بە ڕاشكاوی بە یەكێتیمان گوتووە ئێمە قارەمانەكانی شانزەی ئۆكتۆبەر بۆ پۆستی پارێزگاری كەركووك قبووڵ ناكەین"

پێشتر لە وتووێژێكی دەنگی ئەمەریكادا، فەرید ئەسەسەرد، ئەندامی ئەنجوومەنی سەركردایەتیی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان ڕایگەیاندبوو: "پارتی ھەموو ئەو ناوانەی ڕەت كردووەتەوە كە یەكێتی پێشكەشی كردووە بۆ پۆستی پارێزگاری كەركووك." لە وەڵامی ئەو پرسیارەی پارتی بۆچی كاندیدی یەكێتی بۆ پۆستی پارێزگاری كەركووك ڕەت دەكاتەوە؟ فازڵ میرانی گوتی: "لێت ناشارمەوە، ئێمە قارەمانەكانی شانزەی ئۆكتۆبەر بۆ پۆستی پارێزگاری كەركووك قبوڵ ناكەین، ئەوە ڕاستییەكەیە، بەشێكی زۆری ئەو كاندیدانە لەوانە بوون، خۆ ئەو پۆستە بەتەنھا ھی یەكێتی نییە و ھی ھەموو خەڵكی كەركووكە، دەبێت ئێمەش لەسەری ڕازی بین."

لەو ڕێككەوتنەی لە نێوان ئێوە و یەكێتیدا ھەیە ھیچ بەندێكی تێدایە كە ئەو كەسەی كاندید بێت بۆ پۆستی پارێزگاری كەركووك نابێت "بەشدار بووبێت" لە شانزەی ئۆكتۆبەردا؟

فازڵ میرانی گوتی: "ئێمە ڕاشكاوانە بە برادەرانی یەكێتیمان گوتووە كە بەوانە ڕازی نابین بۆ پۆستی پارێزگاری كەركووك كە قارەمانی شانزەی ئۆكتۆبەر-ن، ئەگەر خۆتان "تەعینی" دەكەن لەگەڵ حكوومەتی عێراق، بیكەن."

" ئێمە و یەكێتی شانزە ڕێككەوتنیش بكەین ھەر باسی شانزەی ئۆكتۆبەر دەكرێت، دەمی خەڵك بە ئێمە ناگیرێت ڕۆژێكی ڕەشی مێژووییە"

دەگوترێت جۆرێك لە ڕێككەوتن لە نێوان ئێوە و یەكێتیدا ھەیە كە باسی ١٦ی ئۆكتۆبەر نەكەن؟

سكرتێری مەكتەبی سیاسیی پارتی دیموكراتی كوردستان لە وەڵامدا دەڵێت: "شانزە ڕێككەوتنیش بكەین لەسەر باسنەكردنی ١٦ی ئۆكتۆبەر، بە دڵی من و یا برادەرێكی یەكێتی یا بە ڕێككەوتنی پارتی و یەكێتی نابێت كە باس نەكرێت، چونكە ئەو ڕۆژە ڕۆژێكی ڕەشە لە مێژووی كوردستاندا و منداڵەكانی ئێمە و ئەوان دەزانن ١٦ی ئۆكتۆبەر چییە. تەنانەت منداڵەكانی قارەمانانی شانزەی ئۆكتۆبەریش كە ئێستا لە كەركووك ناژین "وەڵا" پێیان ناخۆشە ١٦ی ئۆكتۆبەر، ئنجا با ئەوانە بچن لە كەركووك بژین، دەمی ئەو خەڵكە بە ئێمە ناگیرێت بڵێین باسی شانزەی ئۆكتۆبەر مەكەن، باشە ئەی بەیاننامەكانی كاك كۆسرەت و مەلا بەختیار چی لێبكەین كە ھی خۆیانە، ئەوانیش بسڕینەوە لە مێژوودا؟"

میرانی لە درێژەی وتووێژەكەدا گوتی: "من حەز دەكەم ئەوە بزانم ئەگەر پارێزگاری كەركووك دابنرێت جا یەكێتی بێت یا پارتی یا دوو پارێزگاریش بێت، ئەم سیاسەتی تەعریبە كە ئەوان دەڵێن "دەھەزارییەكانی -حی التنك" لە ھەڵبژاردنی داھاتوو كورد لە كەركووك دەبێتە كەمینە ئەمەیان پێ چارەسەر ناكرێت، مەگەر ئێمە و یەكێتی بە سەرۆكی ھەرێمی تازە، وە حكوومەتی تازە فشار لە بەغداد بكەین بۆ ئاساییكردنەوەی دۆخی كەركووك وە دەبێت دژی ھەڵبژاردن بین ئێمـە و یەكێتی و ھەموو حیزبەكان تا دۆخی كەركووك ئاسایی نەكرێتەوە، ھەڵبژاردن نەكرێت لەو شارە."

سكرتێری مەكتەبی سیاسی پارتی دیموكراتی كوردستان ئەوەشی گوت: "حەق وا بوو كاك بەرھەمیش ڕۆڵی خۆی ببینیایە بۆ ئاڕاستەكردنی برادەرانی یەكێتی بۆ ڕێككەوتن و زاڵبوون بەسەر ئەو گرفتانە تا ڕێككەوتنەكەیان جێبەجێ بكردایە، ھەر قسەكانی خۆی (كاك بەرھەم ساڵح) لە ڕۆژی سوێندخواردنی سەرۆكی ھەرێم، ھەر ئەوە پەیڕەو بكات حەقە گوێی لێ بگیرێت."

"بەیاننامەكەی یەكێتی وەك ئەوە بوو بڵێن: كاك مەحموود دەستت خۆش بێت، ئەمە بە دڵی ئێمە بوو و بە زاری تۆ بوو"

 

سەبارەت بەوەی بۆچی لە مەراسیمی سوێندخواردنی سەرۆكی ھەرێم ناوی "مام جەلال و كۆسرەت ڕەسووڵ "نەبرا تا ئەو ڕادەیەی یەكێتی نیگەران كرد، كە مەحموود سەنگاوی بەو جۆرە قسەی لەسەر كردن؟

فازڵ میرانی گوتی: "خۆی قسەكانی "مەحموود سەنگاوی" ھی ئەوە نیە مرۆڤ وەڵامی بداتەوە، ئێمە بە ئەنقەست گەورەمان كردەوە خۆ ئەگەر بۆ ئێمە بووایە ئێمە قوتمان دەدا، بەڵام "زماندرێژی" بەو جۆرە كرد كە باسی "مەلا مستەفا" بكات كە ھەرچوار پارچەی كوردستان و یەكێتییەكانی پێش ١٩٦٤یش سوێندیان بە سەری دەخوارد، ئێمە جوابی ئەو-مان نەدایەوە، جوابی ئەو ڕوونكردنەوە شەرمنانەی یەكێتی-مان دایەوە، چونكە ڕونكردنەوەكە وابوو بڵێن" كاك مەحموود دەستت خۆش بێت، ئەمە بە دڵی ئێمە بوو و بە زاری تۆ بوو" نەیانتوانی بڵێن ئێمە ئیدانەی دەكەین و تۆ مافت نییە باسی "مەلا مستەفا" بكەی كە مەرجەعی كوردە و ھەر چوار پارچەی كوردستان پێی ڕازی بووە، ئەم ڕوونكردنەوە شەرمنانە پارتییەكانی تووڕە كرد، مادام وا وردن ژمارەی وشەكانی كاك نێچیرڤان بژمێرن باشترە دۆخی كوردستان بە وردی ببینین كە ٧ مانگە پێكھنانی حكوومەتیان دواخستووە."

"چۆن سەرۆكایەتیی پەرلەمان و سەرۆكی ھەرێممان بێ یەكێتی ھەڵبژارد، دەتوانین حكوومەتیش پێك بھێنین"

سەبارەت بە ئەگەری پێكھێنانی حكوومەت بە بێ یەكێتی و بەجێھێشتنی پۆستەكانی یەكێتی بە بەتاڵی؟ فازڵ میرانی ڕایگەیاند: "ئەگەر بەبیرتان بێت، من ھەر لە چاوپێكەوتنی دەنگی ئەمەریكا گوتم پارتی دەتوانێت بە بێ یەكێتی حكوومەت پێك بھێنێت، بەڵام جوان نییە، قسەكانی خۆمم لەبیرە من لەو كەسانەم كە ھەرگیز ھەڵوێستەكانم ناگۆڕم بەپێی ڕۆژگارەكە، ئێستاش دەڵێم ئێمە دەتوانین حكوومەت بە بێ یەكێتی دروست بكەین، بەڵام جوان نییە ئەوە یەكەم، خاڵێكی تر كاندیدی ڕاسپێردراو بۆ پێكھێنانی حكوومەت ھێشتا ١٧ ڕۆژی لە بەردەمدا ماوە ئەوان باسی پشووی پەرلەمان دەكەن، پەرلەمان نابێ پشوو وەربگرێت تا ٣٠ ڕۆژەكەی كاندیدی ڕاسپێردراو تەواو نەبێت، چونكە لە بابەتی بودجە و پێكھێنانی حكوومەت پەرلەمان نابێت پشوو وەربگرێت، وە ئێمە ئێستاش لەگەڵ برادەرانی یەكێتی لە پەیوەندیداین ئەگەر سبەینێ گەیشتینە ڕێككەوتن لەسەر ناوی كاندیدێكی ھاوبەش بۆ پۆستی پارێزگاری كەركووك، ئەوا ڕێككەوتن لەسەر ناوەكە دەكەین، بەڵام حكوومەتەكە پێك دەھێنین، چونكە پڕۆسەی دانانی پارێزگاری كەركووك تەنھا بە ڕێككەوتنی پارتی و یەكێتی نییە، بەڵكوو دەبێت بچێتە ئەنجوومەنی پارێزگای كەركووك، ئەویش بینێرێت بۆ بەغداد بۆ سەرۆكوەزیران و ئەویش بە نووسراو بەرزی بكاتەوە بۆ سەرۆككۆمار و سەرۆككۆماریش بە مەرسوومی فەرمی بڕیاری بوون بە پارێزگار دەربكات."

گوتیشی: "بەڵام بە دڵنیایی و بێگومان پڕۆسەی سیاسی لەسەر حیزبێك ناوەستێنین، ڕێزمان بۆ برادەرانی یەكێتی ھەیە، جێگەی ئەساسییان لەناو حكوومەتدا ھەیە، بەڵام دەبێت ئەوانیش ئەو سنوورە بزانن پارتی خاوەنی زۆرینەیەكی لەبەرچاوی پەرلەمانە وە ئێمە زۆرینەی حكوومەتین، چۆن سەرۆكایەتیی پەرلەمان و سەرۆكی ھەرێممان ھەڵبژارد، دەتوانین ئەوەش بكەین لەگەڵ ھاوپەیمانەكانی ترمان وە پارێزگاری لە پێگە و پۆستەكانی یەكێتیش دەكەین، جاری پێشووش وابوو، بەڵام ئەمە ناچارییە ھەروەك لە شەرعدا دەوترێت (اكرە الحلال فی الاسلام الگلاق) بە دڵنیاییەوە پۆستەكانیان بە بەتاڵی دادەنێین، خۆ یەكێتی "مەحرووم ناكەین".

"پارتی و یەكێتی ناتوانن ببنە ئۆپۆزسیۆن"

ئەگەر یەكێتی بڕیاری ئۆپۆزسیۆنبوونی دا چی؟ فازڵ میرانی دەڵێت: "ئۆپۆزسیۆنبوونی پارتی و یەكێتی بەو ڕادە و قەبارەیەی ھەیانە ناتوانن ببنە ئۆپۆزسیۆن، چونكە ئێمە بەرپرسی ئەم ئەزموونەین كە لە وڵاتەكەی ئێمەدا ھەیە و ناچارین ئەم وڵاتە بەڕێوە ببەین، ببینە ئۆپۆزسیۆنی كێ؟ جا لەبەر ئەوە ناكرێت پارتی و یەكێتی ببنە ئۆپۆزسیۆن."

© 2017 Hawler