ئەم پەڕەیە چاپ بکە

دواخستنی کابینەی نوێی حكوومه‌تی هەرێمی کوردستان چیتر پاساو هەڵناگرێت

دواخرانی پێکهێنانی حکوومەتی نوێی هەرێمی کوردستان لە رابردوودا لە پێناو یەکڕیزی گەلی کورد و بەشداری سەرجەم لایەنە سیاسییەکان بۆ پڕۆژەیەکی نیشتیمانی، ئەگەر پاساو هەڵبگرێت و هەنگاوێکی ئەرێنی بووبێت ئەوا لەمەودوا چیتر پاساو هەڵناگرێت و کاتی ئەوە هاتووە چاوەڕوانی و داخوازییەکانی خەڵکی کوردستان بە پێکهێنانی حکوومەتی نوێ و چالاککردنی سەرجەم دامەزراوەکان، بەدی بهێنرێت.

دامەزراندنی هەر دوو حکوومەتی هەرێمی کوردستان و حکوومەتی عێراق لە دۆخێکی تایبەتی سیاسیی کە باڵی بەسەر ناوچەکەدا کێشاوە بە هەنگاوێکی گرنگ و کاریگەری سیاسیی هەژمار دەکرێت. کابینەکەی عادل عەبدولمەهدی سەرک وەزیرانی عێراق خەریکە تەواو دەکرێت و چەند وەزیریکی تر متمانەیان پێ درا و چاوەڕوانی ئەوە لە هەریمی کوردستان دەکرێ هەرچی زووە کابینەی نوێ پێک بهێنرێت.
رۆژی دووشەم 24ی حوزەیران پەرلەمانی عێراق دوای ساڵێک لە هەڵبژاردن متمانەی بە وەزیرانی داد و بەرگری و ناوخۆ دا، هاوكات كاندیدی وەزارەتی پەروەردە شكستی هێنا و متمانەی پەرلەمانتارانی بەدەست نەهێنا. ئێستا وەزارەتەکانی عێراق تەنیا یەک وەزارەت ماوە وەزیرەکەی متمانەی پێ بدرێت و کابینەی عادل عەبدولمەهدی تەواو بکات.
حکوومەتی عێراق لە دوای هەڵبژاردن چەندین مانگ بە پرسی دەرەنجامەکانی دەنگدان خەریک بوو و دواتر چەند مانگێکیش بەوە خەریک بوو حکوومەتیک پێک بهێنرێت کە تەعبیر لە سەرجەم لایەنەکانی پەرلەمانی عێراق و پێکهاتەکانی سوننە و شیعە و کورد بکات. عادل عەبدولمەهدی گونجاوترین کەس بوو کە دواجار متمانەی پێ درا و بوو بە سەرۆک وەزیرانی عێراق.
هەرچەندە هەڵبژاردنی پەرلەمانی لە هەرێمی کوردستان چوار مانگ دوای هەڵبژاردنەکەی عێراق ئەنجام دراوە بەڵام ئەگەر پێش تەواوبوونی مانگ سەرجەم لایەنەکانی بەشداربووی حکوومەتی هەرێمی کوردستان ناوی کاندیدەکانیان پێشکەش بکەن پێ دەچێت دامەزراندنی کابینەی حکوومەتی هەرێمی کوردستان پێش عێراق بکەوێت. هەڵبەت لە هەرێمی کوردستانیش ناکۆکی ناوخۆیی هەندێک حزب و یەکلانەبوونەوەی ناوی پاڵێوراوان و گرێدانی پرسی حکوومەت بە هەندێک پرسی تر پڕۆسەی پێکهێنانی حکوومەتی دواخستووە.
هەڵبەت دامەزراندنی هەر دوو کابینەی عێراق و هەرێمی کوردستان بە هەنگاوێکی کاریگەر و رووداوێکی گرنگی سیاسی هەژمار دەکرێت و لە دۆخێکدا کە ناوچەکە تووشی ناسەقامگیری سیاسی و ئاڵۆزی بووە، سەقامگیری و ئارامی دەتوانێت ژیانی سیاسی و کۆمەڵایەتی و ئابووری لە عێراق و هەرێمی کوردستان پێش بخات و بیخاتە نیو قۆناغێکی نوێیەوە.
پەرلەمانی کوردستان لە کۆتایی ئەم مانگەوە دەکەوێتە ناو پشووی هاوینە و هەموو هەوڵەکان چڕ کراونەتەوە تا پێش ئەم وادەیە ناوی پاڵیوراوەکان بۆ وەزارەتەکانی حکوومەتی نوێی هەرێمی کوردستان رادەستی مەسروور بازرانی پاڵێوراوی راسپێردراو بۆ دامەزراندنی کابینە بکەن.
وەک لە چەند رۆژی رابردوودا هێمن هەورامی، جێگری سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان بۆ میدیاکان خستیەڕوو، کات بەدەست هەرێمی کوردستانەوە نەماوە، لەبەرئەوەی پشووی هاوینەی پەرلەمان لەسەرەتای مانگی تەمووزەوە دەستپێدەکات دەبێت لەناو وەرزییاساداناندا لە دانیشتنێکی ئاساییدا متمانە بە حکوومەتی هەرێمی کوردستان بدرێت.
ئەو بە پێویستی زانیوە بەر لەوەی کە پەرلەمان بکەوێتە پشوو، سەرۆکوەزیرانی راسپێردراو سیڤی کابینەکەی بۆ پەرلەمانی کوردستان بنێرێت بۆئەوەی بەپێی پەیڕەوی ناوخۆ بەرنامەی کاریدانیشتنی بۆ دابنرێت.
پێکهێنانی هەر چی زووتری حکوومەتی هەرێمی کوردستان بە واتای زووتر دەستپێکردنی کار و چالاکییە ئابووری و خزمەتگوزارییەکان دێت و سەرجەم کەرتەکان لە کوردستان چاویان لەوەیە زوو حکوومەت پێک بێت و دامەزراوەکان بە ئەرکی سەرەکی خۆیان هەڵبستن و هیچ حزبێک نەبێتە هۆکاری ئەوەی بەرژەوەندی گشتیی قوربانیی بەرژەوەندی تایبەتی بکرێت.