ئاب 11, 2020

ژمارەی گەشتیاران بۆ هەرێمی كوردستان رۆژ به ‌رۆژ روو لە زیادبوونە

جیاوازی كەشوهەوای هەرێمی كوردستان لەگەڵ باشوور و ناوەڕاستی عێراق سەرنجی هەزاران گەشتیاری راكێشاوە بۆ ئەوەی سەردانی ئەو ناوچانە بكەن. سۆران و دەوروبەری 80% ناوچە گەشتیارییەكانی پارێزگای هەولێر پێك دێنن، رۆژانە بە هەزار گەشتیار رووی تێ دەكەن.
گەلی عەلی بەگ، بێخال، جوندیان سێ لە بەناوبانگترین شوێنە گەشتیارییەكانی سنووری پارێزگای هەولێرن، هەر ئەوەش وای كردووە كە ساڵانە بە هەزاران گەشتیار روو لەو شوێنە گەشتیارانە بكەن.
بە گوتەی بەرپرسانی كەرتی گەشتیاری لە سۆران لە ماوەی رۆژانی جەژنی رەمەزان، نزیكەی 25 هەزار گەشتیاری ناوخۆیی و بیانی، سەردانی شوێنە گەشتیارییەكانی ناوچەكەیان كردووە و رۆژانەش بەتایبەتی رۆژانی هەینی شوێنە گەشتیارییەكان پڕ دەین لە گەشتیاران، هەر بۆیە ئەمساڵ بەراورد بە ساڵانی رابردوو هاتنی گەشتیاران زیادی كردووە.
گەشتیاران خۆشحاڵن ئێستا بە ئاسانی دەتوانن سەردانی شوێنە گەشتیارییەكانی هەرێمی كوردستان بكەن و ڕازین لەو ئاسانكارییەی كۆمپانیا و حكوومەت بۆ گەشتیارانی دەكەن.
عەبدولستار نوری، گەشتیارێكی ناوەڕاستی عێراقە بۆ "هەولێر" دەڵی:" ماوەی هەفتەیەك لە كوردستان بووم، هەرێمی كوردستان كەشێكی زۆر خۆشی هەیە، هاوینەهەوارەكانی بەنێوبانگن، داوا لە گەشتیاران دەكەم هەموو كات بۆ پشوو روو لە هەرێمی كوردستان بكەن، بەڵێنیان دەدەمێ كە چێژ لە پشووەكەیان وەردەگرن".
نازەنین محەمەد، گەشتیارێكی دیكەیە بۆ "هەولێر" ئاشكرای كرد:" كوردستان زۆر خۆشە و خەڵكەكەشی رێز لە گەشتیاران دەگرن، ئەوەش وای كردووە كە زیاتر گەشتیاران روو لە كوردستان بكەن، هیوادارم كوردستان هەر وا خۆش و ئارام و ئاوەدان بێت".
بەشار مەحموود، ئەویش كە بۆ گەشت و سەیران لە باشووری عێراقەوە هاتبووە كوردستان بەرامبەر ئاوی بێخاڵ وەستا بوو و تەماشای ئاوەكەی دەكرد، بۆ "هەولێر" رایگەیاند:" ساڵانە لەبەر جوانی و ئارامییەكەی دووجار سەردانی كوردستان و شوێنە گەشتیارییەكان دەكەم، هیوادارم كوردستان هەروا ئارام و پێشكەوتوو و خۆش بێت، ئاواتە خوازیشم رۆژێك لە رۆژان ناوچەكانی دیكەی عێراقیش وەكو كوردستان و خۆش و جوان بن و گەشتیاران لە وڵاتان رووی تێ بكەن".

© 2017 Hawler