ئاب 03, 2020

جێگری پارێزگاری نەینەوا: كورد پۆستە ئیدارییەكانی خۆی لە سنووری پارێزگای نەینەوا وەردەگرێتەوە

جێگری پارێزگاری نەینەوا دەڵێ، تا هەفتەی داهاتوو هەموو پۆستەكان یەكلا دەكرێنەوە و ئیدی كورد هەموو پۆستەكانی ئیستیحقاقی خۆی وەردەگرێتەوە. دەشڵێ، بارودۆخی شنگال زۆر خراپە، لیژنەیەكی باڵا پێكهاتووە و هەوڵەكانیش بەردەوامن بۆ گەڕانەوەی ئیدارەی شەرعی شارەكە، بۆ ئەوەی بارودۆخی شارەكە ئاسایی بكرێتەوە.

كورد لە مووسڵ پۆستەكانی كە پشكی خۆیەتی وەردەگرێتەوە بۆ ئەو مەبەستەش دەستی بە گفتوگۆ كردووە، پۆستەكانیش زیاتر لە ناوچە كوردستانییەكانی دەوروبەری مووسڵ دەبن، بۆ ئەوەی خزمەتی خەڵكی ئەو ناوچانە پێ بكات، چونكە ئەو ناوچانە زیاتر كوردی لێیە لەگەڵ پێكهاتەكانی دیكە.
دوای ئەوەی لە ساڵی 2014، تیرۆریستانی داعش پەلاماری پارێزگای مووسڵیان دا و داگیریان كرد، زۆربەی پۆستە ئیدارییەكانی پارێزگای نەینەوا چۆڵ كران.
سیروان رۆژبەیانی، جێگری پارێزگاری نەینەوا بە "هەولێر"ـی رایگەیاند تا هەفتەی داهاتوو هەموو پۆستەكان یەكلا دەكرێنەوە و ئیدی كورد هەموو پۆستەكانی ئیستیحقاقی خۆی وەردەگرێتەوە و لە لایەن كوردەوە بەڕێوەدەبرێن.
جێگری پارێزگاری نەینەوا گوتیشی:" لیژنەیەك لە ئەنجوومەنی وەزیران پێكهاتووە بە هەماهەنگی لەگەڵ حكوومەتی محەلی مووسڵ، ئەو لیژنەیە بەدواداچوون دەكات لەو كەمپانەی كە لە هەرێمی كوردستان هەن، ئەو ئاوارانەی كەلەسەر حەز و ئارەزووی خۆیان داوا دەكەن بگەرێنەوە ناونووس دەكرێن، بۆ ئەوەی بگەڕێندرێنەوە سەر ماڵ و حاڵی خۆیان.
سیروان رۆژبەیانی، جێگری پارێزگاری نەینەوا ئاماژەی بۆ ئەوەش كرد:" بۆ ئاساكردنەوەی بارودۆخی شنگال لیژنەیەكی باڵا پێكهاتووە، هەوڵەكانی ئێمەش بەردەوامن بۆ ئاسایكردنەوەی بارودۆخی ئەو ناوچانە، چونكە بارودۆخی ئەو ناوچانە خراپە، ئێمەش وەكو ئیدارەی مووسڵ مامەڵە لەگەڵ ئەو ئیدارەییە ناكەین كە ئێستا لە شارەكە هەیە، كە ئەوەش هۆكارە بۆ خراپی رەوشی ناوچەكە، بەڵكو مامەڵە لەگەڵ ئیدارەی پێش هاتنی داعش لەو ناوچەیە دەكەین، چونكە ئەو ئیدارەی كە لە ناوچەكە دروست بووە ئیدارەیەكی نا شەرعییە، بەبێ ئیرادەی خەڵكی ئەو ناوچەیە دروست بووە.

© 2017 Hawler