ئاب 11, 2020

گرژییه‌كانی نێوان ڕووسیا- ئێران، ئه‌گه‌ری سه‌ودایه‌كی ئه‌مریكی- ئیسڕائیلی- ڕووسی له‌باره‌ی سووریاوه‌ زێتر ده‌كه‌ن

دكتۆر جیمس. ئێم. دۆرسه‌ی


له‌ دوا هێرش و په‌لاماری هێزه‌كانی سووریا و ڕووسیا بۆ سه‌ر ناوچه‌ی باكووری پارێزگه‌ی ئیدلب، به‌ سه‌دان كه‌س هاتنه‌ كوشتن و به‌ هه‌زارانیش ئاواره ‌و ده‌ربه‌ده‌ر بوون. ئه‌و هێزانه‌ له‌ په‌لاماردانی نه‌خۆشخانه‌ و گه‌ڕه‌ك و ناوچه‌ نشیمه‌نییه‌كان [نیشته‌جێبووه‌كان]یش ناپرینگێنه‌وه و سڵ ناكه‌نه‌وه‌‌. فه‌رمانه‌ به‌په‌له‌ و به‌له‌زه‌كانی ڕاوێژكاری ئاسایشی نه‌ته‌وه‌یی، جۆن بۆلتۆن، هه‌رچی بن، "دۆناڵد ترامپ"ی سه‌رۆكی ئه‌مریكا له‌م هه‌فته‌یه‌ی ڕابردوودا له‌ توێتێكدا ده‌ڵێ: گوێتان لێ بێ،‌ ڕووسیا، سووریا و، به‌ پله‌یه‌كی كه‌متریش ئێران ته‌واوی ناوچه‌كانی پارێزگه‌ی ئیدلب بۆردوومان ده‌كه‌ن و بێ جیاوازی خه‌ڵكێكی زۆری مه‌ده‌نیی بێتاوان ده‌كوژن. دنیا سه‌یری ئه‌م قه‌سابخانه‌یه‌ ده‌كا. مه‌به‌ست چییه‌، ئێوه‌ چیتان پێ ده‌بڕێ؟ ڕاوه‌ستن!
له ‌كاتێكدا كه‌م كه‌س چاوه‌ڕێ ده‌كه‌ن‌ دیمانه ‌و كۆبوونه‌وه‌ی ڕاوێژكاره‌كان له‌م مانگه‌دا له‌ قودس، ئه‌نجامگه‌لێكی خێرا و بله‌زی لێ بكه‌وێته‌وه‌، لێ كاربه‌ده‌ستانی ئه‌مریكی و ئیسڕائیلی به‌ئومێدن كه‌ ئه‌و كۆبوونه‌وه‌یه‌ زه‌وینه‌ بۆ ساتوسه‌ودایه‌ك خۆش بكا كه‌ ڕایه‌ڵه‌كانی نێوان ڕووسیا- ئێران زێتر كز و لاواز بكه‌ن؛ ئه‌گه‌ر كۆتایی به‌ بوونی ئێران له‌ سووریایش نه‌هێنێ، بوونی ئێران له‌وێ كه‌م بكاته‌وه‌.
له‌نێو چه‌ندین سیناریۆدا كه‌ قسه‌ و باسیان له‌باره‌وه‌ ده‌كرێ، هه‌ندێ شرۆڤه‌وان پێیان وایه‌ كه‌ سه‌ودایه‌كی له‌م بابه‌ته، له‌وانه‌یه‌ وا بكا ڕووسیا گوشار بكا بۆ ده‌رچوونی ئێران له‌ سووریا. نه‌مانی ئێران له‌و وڵاته‌ داوایه‌كی سه‌ره‌كیی ئه‌مریكا و ئیسڕائیله‌ و له ‌به‌رانبه‌ریشدا هه‌ندێ سزای ئه‌مریكی و ئه‌وروپی له‌سه‌ر ڕووسیا بێنه‌ هه‌ڵگرتن و ئه‌مریكا ڕازی ببێ به‌ مانه‌وه‌ی ڕژێمی سه‌رۆكی سووری، به‌شار ئه‌سه‌د. سه‌رۆكوه‌زیرانی ئیسڕائیلی، بنیامین نه‌تانیاهۆ، له‌ تشرینی دووه‌می ڕابردوودا، پێشنیارێكی هاوشێوه‌ی ڕووسیای ڕه‌ت كرده‌وه‌.‌
كاربه‌ده‌ستێكی پله‌ باڵای كاربگێڕیی ترامپ ده‌ڵێ: "ڕووسه‌كان به‌بایه‌خه‌وه‌ چاو له‌و وتووێژانه‌ ده‌كه‌ن و به‌ئاشكرایش دانوستاندن‌ ده‌كه‌ن. من پێم وایه‌ كه‌ ئه‌م ڕاستییه‌ خۆی له‌ خۆیدا شتێكی گرنگه‌، له‌وما ئێمه‌ پڕئومێدین كه‌ ڕووسه‌كان بۆ ئه‌م كۆبوونه‌وه‌یه‌ دێن، هه‌ندێ پێشنیاری تازه‌یان پێ بێ كه‌ ده‌رفه‌ت به‌ ئێمه‌ بده‌ن بچینه‌ پێشه‌وه.‌"
كاربه‌ده‌ستان پێیان وایه‌ كه‌ ئه‌م دوایییه‌ ڕووسیا ئه‌وه‌ی ڕه‌ت كرده‌وه‌‌ سیسته‌می هه‌ره‌ پێشكه‌وتووی به‌رگری، S-400 به‌ ئێران بفرۆشێ؛ له‌و سۆنگه‌وه‌یه‌ كه‌ ڕووسیا نایه‌وێ به‌نزین به‌سه‌ر گرژییه‌كانی ناوچه‌كه‌دا بكا، هه‌روابێته‌وه‌ ڕازیبوونێكی په‌نامه‌كیی ڕووسییشه‌ به‌ تێسره‌واندنی زه‌بری سه‌ربازیی ئیسڕائیلی له‌ نیشانه‌ و ئارمانجه‌كانی ئێران و میلیشیا شیعه‌كانی حزبوڵڵای لوبنان له‌ سووریا. ئه‌مه‌یش له‌وانه‌یه‌ ده‌رگه‌ بۆ سازش و سه‌ودایه‌كی پۆتانسیۆڵ بكاته‌وه‌.
ئێران نكۆڵی له‌وه‌ ده‌كا كه‌ هه‌وڵی دابێ سیسته‌می S-400ی ڕووسی بكڕێ، له ‌كاتێكدا ڕووسیا به‌فه‌رمی داوای له‌ ئیسڕائیل كرد كه‌ هێرشه‌كانی ڕابگرێ و ڕێز له‌ سه‌روه‌ریی خاكی سووریا بگرێ.
وتووێژه‌كانی بۆلتون له‌گه‌ڵ ڕاوێژكاری ئاسایشی نه‌ته‌وه‌ییی ئیسڕائیلی، مائیر بن-شابات و نیكۆلای پاترۆشیڤ، سه‌رۆكی ئه‌نجومه‌نی ئاسایشی ڕووسیا له‌ كاتێكی هه‌ره‌ خراپدا به‌ نیسبه‌ت ئێران ده‌ستیان پێ ناكرێ. كۆماری ئیسلامی هه‌وڵ ده‌دا سزا قوڕسه‌كانی ئه‌مریكا بۆ سه‌ر وڵاته‌كه‌ی بێكاریگه‌ر بكا، كه‌ دوا به‌ دوای كشانه‌وه‌ی كاربگێڕیی ترامپ له‌ ڕێككه‌وتننامه‌ی نێوده‌وڵه‌تیی 2015 له‌ ساڵی ڕابردوودا به‌سه‌ر ئێراندا سه‌پێنران و پێش به‌ به‌رنامه‌ی نوكلیاریی ئێران ده‌گرن.
هه‌ر دوو شرۆڤه‌كار، ئۆدی دیكل و كارمیت ڤالانسی، له‌ ڕاپۆرتێكدا كه‌ مانگی ڕابردوو له ‌لایه‌ن په‌یمانگه‌ی دیراساتی ئاسایشی نه‌ته‌وه‌یی (INSS)ه‌وه‌ بڵاو كرایه‌وه‌، ده‌ڵێن سه‌ره‌ڕای ئاخاوتنه‌ ئاشكراكان، به‌پێچه‌وانه‌وه‌ ڕووسیایش هاوشێوه‌ی ئیسڕائیل نایه‌وێ ئه‌مریكا هێزه‌كانی خۆی له‌ سووریا بكێشێته‌وه‌. ترامپ پاش ئه‌وه‌ی له‌ شوباتدا ڕای گه‌یاند كه‌ ده‌یه‌وێ ‌ته‌واوی هێزه‌كانی ئه‌مریكا له‌ سووریا بكێشێته‌وه‌، به‌ڵام هه‌ر له‌و ده‌میشدا ترامپ ڕازی بوو هێزێكی ئه‌مریكیی چه‌ندسه‌د كه‌سی له‌و وڵاته‌دا بمێننه‌وه‌.
دیكل و ڤالانسی ده‌ڵێن كشانه‌وه‌ی ئه‌مریكا پێگه‌ی ئێران له‌ سووریا به‌هێز ده‌كا و ڕووسیا ناچار ده‌كا كه‌ ده‌رفه‌ت به‌ ئێران بدات كۆنترۆڵی چاڵه‌ نه‌وته‌كانی ڕۆژهه‌ڵاتی سووریا بكا.
زڤی بارئیل له‌ ستوونێكی خۆیدا له‌ ڕۆژنامه‌ی "هائارتس"ی ئیسڕائیلیدا ئاماژه‌ بۆ ئه‌وه‌ ده‌كا كه‌ ڕووسیا و ئێران له‌باره‌ی گه‌مه‌ی كۆتایی له‌ سووریادا ناكۆكییان هه‌یه‌. بارئیل ده‌ڵێ: "ڕووسیا ساده ‌و ڕه‌وان، نیازی نییه‌ سووریا بۆ ژێر كۆنترۆڵی ئه‌سه‌د بگێڕێته‌وه‌." هه‌روا ئه‌و ستووننووسه‌ ده‌ڵێ، ڕووسیا چاو له‌ سووریا ده‌كا وه‌كوو بنكه‌یه‌ك بۆ دامه‌زراندنی ڕایه‌ڵه‌ی به‌هێز له‌گه‌ڵ كه‌نداو و میسردا. له‌ به‌رانبه‌ردا، ئێران هیوای وایه‌ به‌ری وه‌به‌رهێنانه‌ زۆره‌كه‌ی له‌ سووریا بچنێته‌وه‌ و نفووزی خۆی له‌ لوبنان بپارێزێ و به‌ره‌نگاری ئاوات‌ و ئارمانجه ناوچه‌یییه‌كانی عه‌ره‌بستانی سعوودی ببێته‌وه ‌و ده‌ستی به‌ ده‌ریای سپیی ناوه‌ڕاست ڕابگات.
له‌ نیسانی ڕابردوودا له‌ حه‌له‌ب و له‌ دێرزوور به‌ ده‌یان كه‌س له‌ پێكدادان و شه‌ڕی نێوان میلیشیاكانی سه‌ر به‌ ئێران و هێزه‌كانی ڕووسیادا كوژران. مانگی ڕابردوو، هێزه‌كانی ڕووسیا توانییان میلیشیا شیعه‌كان له‌و ناوچانه‌ی نزیكن له‌ هه‌ر دوو فڕۆكه‌خانه‌ی نێوده‌وڵه‌تیی حه‌له‌ب و دیمه‌شق، دوور بخه‌نه‌وه‌.
ئیبراهیم به‌ده‌وی كه‌ ڕۆژنامه‌نووسێكی سه‌ر به‌ نیزامی ئه‌سه‌ده‌، ده‌ڵێ:‌ هێزه‌ ئه‌منییه‌كانی سووریا و ڕووسیا چه‌ند چالاكوانێكی سووریی سه‌ر به‌ ئێرانیان گرتوون. هه‌روا به‌ده‌وی ده‌ڵێ: ڕێكخستنه‌وه‌ی ئه‌م دوایییه‌ی تاقم و داروده‌سته‌ی باڵای داموده‌زگه‌ ئه‌منییه‌كانی ده‌وڵه‌تی سووری، مه‌به‌ست لێی كز و لاوازكردنی پێگه‌ی ماهیر ئه‌سه‌دی برای سه‌رۆككۆمار و فه‌رمانده‌ی گاردی كۆماری و هه‌روا فیرقه‌ی چواری زرێپۆش بووه‌. قسه‌ هه‌یه‌ كه‌ ماهیر ئه‌سه‌د له‌ ئێرانه‌وه‌ نزیك بێ.
به‌ده‌وی ده‌نووسێ "ڕووسیا و ئێران. هه‌ر یه‌كه‌یان هه‌وڵ ده‌دا نفووزی خۆی له‌نێو داموده‌زگه‌ ئه‌وله‌هییه‌كانی سووریا و له‌ناو ئه‌و میلیشیایانه‌ی له‌ مه‌یداندان، به‌هێز بكا، له ‌هه‌مان كاتدا هه‌وڵ ده‌دا نفووز و بوونی ئه‌وی دیكه‌ له‌ سووریا كز و لاواز بكا. ئه‌و ناته‌بایییه‌ی نێوان هاوپه‌یمانه‌كانی سووریا ئێسته‌ به‌ئاشكرا ده‌ركه‌وتووه‌ و، شاراوه‌ نییه‌ كه‌ ڕووسیا بۆ به‌ده‌مه‌وه‌چوونی داخوازیی ڕوون و ئاشكرای وڵاتانی كه‌نداو، به‌ته‌مایه‌ نفووزی ئێران لاواز بكا."
له‌وانه‌یه‌ پۆتانسیۆلی وتووێژه‌كانی نێوان ڕاوێژكاره‌كانی ئاسایشی نه‌ته‌وه‌ییی هه‌ر سێ وڵاتی [ئه‌مریكا و ڕووسیا و ئه‌مریكا]‌ بكه‌وێته‌ به‌ر تاقیكردنه‌وه‌‌ كه‌ داخوا ڕووسیا به‌ده‌م داخوازییه‌كی ئیسڕائیلییه‌وه‌ ده‌چێ یان نا؛ به‌و مانایه‌ی‌ ڕووسیا‌ ڕێگه‌ نه‌دا سووریا به‌ته‌واوی ده‌ستی به‌سه‌ر سیسته‌می دژه‌مووشه‌كی S-300دا بشكێ. ئاخر ئه‌و سیسته‌مه‌ هاوتای به‌تارییه‌كانی پاتریۆتی ئه‌مریكییه‌ و، مۆسكۆ پێشتر به‌ سووریای فرۆشتووه‌ و ڕاده‌ستی كردووه‌. كاربه‌ده‌ستانی ئیسڕائیلی ئاگاداری هاوشانه‌ ڕووسییه‌كانی خۆیان كردووه‌ته‌وه‌ ئه‌گه‌ر سیسته‌می S-300 به‌ته‌واوی بكه‌وێته‌ بنده‌ستی هێزه‌كانی سوورییه‌وه‌، ئه‌وا ئه‌و سیسته‌مه‌ ده‌بێته‌ نیشانه‌یه‌كی ڕه‌وا و ده‌كه‌وێته‌ به‌ر زه‌بر و لێدانه‌وه‌.
ئیسڕائیل و ڕووسیا چوار ساڵ پێش ئێسته‌، ڕێك كه‌وتن كه‌ له‌باره‌ی كار و كرده‌ی سه‌ربازیی خۆیان له‌ سووریادا هاوئاهه‌نگی بكه‌ن، نه‌بادا به ‌شێوه‌یه‌كی هه‌ڵه‌ بكه‌ونه‌ به‌ر ئاگر و زه‌بر و لێدانه‌وه‌. به‌ هه‌ر حاڵ، ئیسڕائیل ساڵی ڕابردوو، پێشنیارێكی ڕووسیی ڕه‌ت كرده‌وه‌ كه‌ ده‌سته‌به‌ری هێزه‌كانی ئێرانی بكا له‌ مه‌ودای 100 كیلۆمه‌تری، دوور له‌ به‌رزایییه‌كانی جۆڵان جووڵه‌ نه‌كه‌ن. ئه‌و به‌رزایییانه‌ له‌ دوای جه‌نگی 1967ه‌وه‌ له ‌لایه‌ن ئیسڕائیله‌وه‌ داگیر كراون و به‌م دوایییانه‌ له‌ لایه‌ن ئه‌مریكاوه‌ وه‌كوو ناوچه‌یه‌كی ئیسڕائیلی دانیان پێدا نراوه‌. ئاخر ڕازیبوون به‌و پێشنیاره‌ی ڕووسیا، به‌ مانای ڕازیبوونی په‌نامه‌كی ده‌هات به‌ بوونی ئێرانی له‌ سووریادا.
دیكل و ڤالانسی له‌ ڕاپۆرته‌كه‌ی خۆیاندا تێبینییان كردووه‌ كه‌ له‌ هه‌وڵێكدا بۆ ده‌رفه‌تقۆستنه‌وه‌ و سوودوه‌رگرتن له‌ گرژییه‌كانی نێوان ڕووسیا- ئێران، هێزه‌كانی ئیسڕائیلی ژماره‌ی هێرشه‌كانی خۆیان بۆ سه‌ر ئامانجه‌كانی ئێرانی له‌ سووریادا كه‌م كردووه‌ته‌وه‌.
دیكل و ڤالانسی ده‌ڵێن: "په‌نجه‌ره‌یه‌كی ده‌رفه‌ت هه‌یه‌ كه‌ ڕێگه‌ به‌ ئیسڕائیل ده‌دا له‌گه‌ڵ ڕووسیا و ئه‌مریكادا هه‌وڵ بدا بۆ فۆرمۆڵه‌كردن و به‌دیهێنانی به‌رژه‌وه‌نده‌ هاوبه‌شه‌كانی‌ ئیسڕائیل له‌گه‌ڵ ئه‌م دوو زلهێزه‌دا؛ له‌ هه‌موویشیان گرنگتر، زێده‌كردنی سه‌قامگیری له‌ سووریا و ده‌ستكردن به‌ ڕیفۆرمگه‌لێكی حكوومی له‌ سووریا له‌ته‌ك كه‌مكردنه‌وه‌ی نفووزی ئێرانی له‌و وڵاته‌دا."

لە سایتی (پێنووس)ەوە

© 2017 Hawler