تەمموز 16, 2019

نێچیرڤان بارزانی و شاندێكی ئه‌مه‌ریكا دۆخی ناوچه‌كه‌ تاوتوێ ده‌كه‌ن

ماتیۆ تیووله‌ر باڵیۆزی ئه‌مه‌ریكا له‌ عێراق و ئه‌ندرۆ پیك جێگری یاریده‌ده‌ری وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی ئه‌مه‌ریكا بۆ كاروباری عێراق و ئێران و شاندێكی یاوه‌ریان، جه‌ختیان له‌ په‌یوه‌ندییه‌كانی ئه‌مه‌ریكا له‌گه‌ڵ عێراق و هه‌رێمی كوردستان له‌ هه‌موو بواره‌كاندا كرده‌وه‌، هه‌روه‌ها خۆشحاڵیی خۆیان به‌ به‌ره‌وپێشچوونی په‌یوه‌ندییه‌كانی هه‌ولێر ـ به‌غدا ده‌ربڕی و ئاماده‌ییی وڵاته‌كه‌یان بۆ هه‌ر هاوكارییه‌ك بۆ چاره‌سه‌ركردنی كێشه‌كان به‌ گفتوگۆ نیشان دا.
لای خۆیه‌وه‌ نێچیرڤان بارزانی سوپاسی هاوكارییه‌كانی ئه‌مه‌ریكای له‌ كاته‌ سه‌خته‌كاندا كرد و جه‌ختی له‌ په‌یوه‌ندییه‌كانی هه‌ردوولا كرده‌وه‌، هاتنی شاندی ژووری بازرگانی ئه‌مه‌ریكی و ئیمزاكردنی یاداشتی لێكتێگه‌یشتنی له‌گه‌ڵ یه‌كێتیی ژووره‌كانی بازرگانی و پیشه‌سازیی هه‌رێمی كوردستانش به‌رز نرخاند، دووپاتیشی كرده‌وه‌ كه‌ كۆمپانیا ئه‌مه‌ریكییه‌كان ده‌توانن هه‌رێم وه‌ك ده‌روازه‌یه‌ك بۆ هه‌موو عێراق به‌كار بهێنن. به‌ڕێزیان پوخته‌یه‌كی ده‌رباره‌ی دوا سه‌ردانی بۆ به‌غداش پێشكه‌ش كرد و ئاماده‌یی بۆ چاره‌سه‌ركردنی كێشه‌كانی هه‌ولێر ـ به‌غدا له‌سه‌ر بنه‌مای ده‌ستوور نیشان دا.
له‌ كۆبوونه‌وه‌كدا كه‌ دوێنێ له‌ هه‌ولێر به‌ڕێوه‌ چوو، تاوتوێكردنی دوا هه‌نگاوه‌كانی پێكهێنانی كابینه‌ی نوێی حكوومه‌تی هه‌رێم، هه‌ڕه‌شه‌كانی داعش و هه‌ماهه‌نگیی نێوان هاوپه‌یمانان و هه‌ولێر و به‌غدا، دۆخی ئاواره‌كان و زه‌مینه‌سازیی گه‌ڕانه‌وه‌یان بۆ زێدی خۆیان، لایه‌نێكی دیكه‌ی كۆبوونه‌وه‌كه‌ بوو.

© 2017 Hawler