تەمموز 16, 2019

وڵاتانی ئەورووپا پشتیوانیی خۆیان بۆ کـوردستان دووپات دەکەنەوە

لەگەڵ دەستبەکاربوونی سەرۆکی نوێی هەرێمی کوردستان، قۆناغێكی سیاسی نوێ دەستیپێکرد و کوردستان پەیوەندییەکانی لەگەڵ دەرو و دراوسێ و وڵاتانی ئەوروپیش بەهێزتر دەکات .

لە دوو رۆژدا نێچیرڤان بارزانی سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە بەغدا و ئەنقەرە پەیوەندی دۆستانە و هاوبەشی لەگەڵ تورکیا و عێراق دووپات کردەوە .
رۆژی پێنجشەممە نێچیرڤان بارزانی لە بەغدا لەگەڵ عادل عەبدولمەهدی سەرۆک وەزیرانیی عێراق، بەرهەم ساڵح سەرۆک کۆماری عێراق، محەمەد حەلبوسی سەرۆکی پەرلەمانی عێراق کۆبووەوە.
لە یەکەم کۆبوونەوەدا، هەردوولا جەختیان لە چارەسەرکردنی کێشەکان بە دیالۆگ و گفتوگۆ کردەوە، بەپێی راگەیەندراوی سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان له‌ كۆبوونه‌وه‌یه‌كی دۆستانه‌ و ئه‌رێنیدا بڕیاردرا كه‌ بۆ چاره‌سه‌ركردنی كێشه‌ هه‌ڵواسراوه‌كانی نێوان هه‌رێمی كوردستان و حكومه‌تی فیدراڵی عێراق، ده‌ست به‌ قۆناغێكی نوێی دانوستاندن بكرێت،هه‌فته‌ی داهاتوو لیژنه‌یه‌كی هاوبه‌شی هه‌ردوولا له‌سه‌ر‌ ئه‌جێندای گفتوگۆكان و پرسه‌كانی وه‌ك مادده‌ی (140)، نه‌وت، بودجه‌، دارایی، پێشمه‌رگه‌، كێشه‌ هه‌ڵواسراوه‌كانی دیكه‌، كۆببنه‌وه‌ و ئاماده‌كاری بكه‌ن بۆ ده‌ستپێكردنی گفتوگۆ له‌پێناو چاره‌سه‌ركردنی كێشه‌كان له‌چوارچێوه‌ی ده‌ستووری عێراقدا.".
سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان رایگەیاندووە"هه‌ردوولا كۆكبوون كه‌ قۆناخی داهاتوو له‌ عێراق و ناوچه‌كه‌ پێویستی به‌ هاوكاری و هه‌ماهه‌نگیی حكومه‌تی فیدرالی عێراق و هه‌رێمی كوردستان هه‌یه‌ و ده‌رفه‌ت و زه‌مینه‌یه‌كی له‌بار دروستبووه‌ بۆ چاره‌سه‌ركردنی كێشه‌كان كه‌ ده‌بێ به‌ گیانێكی نیشتمانیانه‌ی هاوبه‌شه‌وه‌ له‌ به‌رژه‌وه‌ندیی ته‌واوی عێراق و هه‌رێمی كوردستاندا بقۆزرێته‌وه‌ و سوودی لێ وه‌ربگیرێت".
سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان لە دیدارەکەدا رایگەیاند‌ "قووڵاییی ستراتیژی هه‌رێمی كوردستان به‌غدایه‌ و چاره‌سه‌ری دۆزی هه‌رێمی كوردستان له‌ به‌غدایه‌، بۆیه‌ هه‌رێمی كوردستان خوازیار و ئاماده‌ی چاره‌سه‌ركردنی هه‌موو كێشه‌كانه‌ له‌سه‌ر بنه‌مای ده‌ستوور و به‌رژه‌وه‌ندیی نیشتمانی".
دوای کۆبوونەوەکەی لەگەڵ سەرۆکوەزیرانی عێراق نێچیرڤان بارزانی لەگەڵ بەرهەم سالح و حەلبوسیش کۆبووەوە، سەرۆکایەتی کۆماری عێراق دەڵێت بەرھەم ساڵح، جەختی لە گرنگی خستنەگەڕی ھەوڵەکان کردووەتەوە "لەپێناو چارەسەرکردنی کێشە ھەڵپەسێردراوەکانی نێوان ھەردوو حکومەتی فیدراڵ و حکومەتی ھەرێم بەپێی دەستوور و بەرژەوەندییە نیشتمانییەکان.".
سەرۆکایەتی پەرلەمانی عێراقیش لەبارەی کۆبوونەوەی حەلبوسی و نێچیرڤان بارزانی دەڵێت"حەلبووسی گفتوگۆی سەبارەت بە پابەندبوونە داراییەكانی هەرێمی کوردستان كردووە بەتایبەت ئەوەی پەیوەندی بە فرۆشتنی نەوتەوە هەیە لە یاسای بودجەی 2019ـی عێراق. حەلبووسی گەشەپێدانی پەیوەندییەكانی نێوان هەرێمی کوردستان و حكومەتی فیدراڵی و چارەسەركردنی سەرجەم كێشە هەڵپەسێردراوەكان بە گیانی برایانە و هاوبەشی نیشتمانییەوە بەگرنگ زانیوە.
هەروەها گفتوگۆ لەسەر یاسای نەوت و غاز و یاسای هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاكان و یاسای دادگای فیدراڵی كردووە. بەپێی راگەیێندراوەکە سەرۆكی هەرێمی كوردستان پلانێكی بۆ گەشەپێدانی پەیوەندییەكان لەگەڵ حكومەتی فیدراڵی خستووەتەڕوو و داوای لێكۆڵینەوەی لە كێشەكان بەوردی و شەفافی و داڕشتنی میكانیزمی هاوبەش بۆ چارەسەركردنیان کردووە.
سەرۆکی هەرێمی کوردستان هەروەها، هیوای ئەوەی خواستووە پەیوەندییەكی بەهێز لەگەڵ ناوەند لەسەر بنەمای بەرژەوەندی هاوبەش بەدیبێت. ئامادەیی هەرێمی کوردستانیشی نیشانداوە بۆ پێشوازیكردن لە لیژنەیەكی پەرلەمانی عێراق بۆ بەئاگابوون لە میكانیزمی فرۆشتنی نەوت و داهاتەكەی كە لەژێر سەرپەرشتی كۆمپانیا جیهانییەكان دایە.

پەیوەندی لەگەڵ تورکیا
سەرۆکی هەرێمی کوردستان راستەوخۆ دوای سەردانەکەی بۆ بەغدا رۆژی هەینی سەردانی تورکیاشی کرد، سەرۆک کۆماری تورکیا جەختی لە پەیوەندی بەهێز لەگەڵ کوردستان کردووەتەوە، پێشوازیش لە باشبوونی پەیوەندی هەولێر و بەغدا دەکات.
رەجەب تەیب ئەردۆغان هەروەها پێش کۆبوونەوەکە نێچیرڤان بارزانی بە میوانێكی تایبەت دانا و گوتی:" پێشوازی لە میوانێکی تایبەت دەکەین.
سەرۆکایەتی هەرێیمی کوردستان لەبارەی ناوەڕۆکی کۆبوونەوەکە رایگەیاندووە ره‌جه‌ب ته‌یب ئه‌ردۆغان، سه‌رۆكۆماری توركیا، پیرۆزبایی ده‌ستبه‌كاربوونی له‌ نێچیرڤان بارزانی، سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان كرد و هیوای سه‌ركه‌وتنی بۆ خواست. هیواشی خواست كابینه‌ی تازه‌ی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان پێكبێت و جه‌ختی له‌ خواستی توركیا بۆ بره‌ودانی زیاتر به‌ په‌یوه‌ندییه‌كانی له‌گه‌ڵ هه‌رێمی كوردستان كردووەتەوە.
نێچیرڤان بارزانی سوپاسی كرد و جه‌ختی له‌وه‌كرده‌وه‌ كه‌ هه‌رێمی كوردستان به‌ بایه‌خه‌وه‌ له‌ په‌یوه‌ندییه‌كانی له‌گه‌ڵ توركیا ده‌ڕوانێت و خوازیاری به‌رەوپێشبردنی زیاتری‌ په‌یوه‌ندییه‌كانه‌ به‌تایبه‌تی له‌ بواری ئابووری و زیادكردنی قه‌باره‌ی ئاڵۆگۆڕی بازرگانیی نێوان هه‌رێمی كوردستان و عێراق له‌گه‌ڵ توركیادا".
'هه‌ردوولا دۆخی سیاسی و ئه‌منی ناوچه‌كه‌ به‌گشتی، مه‌ترسیی سه‌رهه‌ڵدانه‌ی داعش، دۆخی ناوچه‌ ئازادكراوه‌كان له‌ تیرۆر، گه‌ڕانه‌وه‌ی ئاواره‌ و په‌نابه‌ران، ئارامی، سه‌قامگیری و ئاوه‌دانكردنه‌وه‌ی ناوچه‌كانیان و چه‌ند بابه‌تێكی دیكه‌یان تاوتوێكرد''.
تورکیا و هەرێمی کوردستان زیاتر لە ١٠ ساڵە پەیوەندییەکی بەهێز لە نێوانیاندا هەیە، تورکیا ٩ ساڵە کونسوڵخانەی خۆی لە هەرێمی کوردستان کردووەتەوە، سەرۆکی هەرێمی کوردستان چەند جارێک سەردانی تورکیای کردووە بەتایبەت ئەو سالانەی سەرۆک وەزیران بوو، پەیوەندییەکانی هەردوولا هەرچەندە ٦ مانگ دوای ریفراندۆم بەرەو لاوازی رۆیشتن بەڵام لەسەر دەستی نێچیرڤان بارزانی پەیوەندییەکان ئاسایی کرانەوە و نێچیرڤان بارزانی ساڵی رابردوو وەکو سەرۆکی وڵاتان بانگهێشتی سوێندخواردنی سەرۆکی تورکیا بوو.

پەیوەندی کوردستان و ئەوروپا
جگە لە دراوسێکانی، وڵاتانی ئەوروپیش جەخت لە پەیوەندی بەهێز لەگەڵ کوردستان دەکەنەوە، ئەوان هەرێمی کوردستان وەکو هەرێمێکی کاریگەر دادەنێن لە ناوچەکەدا بەتایبەت کە لە شەڕی داعشدا رۆڵ و کاریگەری پێشمەرگە و ئازایەتییەکەی لاوازبوون و شکستی دەسەڵاتی داعشی خێراتر کرد .
نموونەی داوای ئەوروپا بۆ دەسەڵات و خۆڕێبەری بەهێزی کوردستان، دوایین لێدوانی کەسی یەکەمی سیاسەتی ئەڵمانیا بوو،ئەجێللا مێرکڵ راوێژکاری ئەڵمانیا دەڵێت. "دەبێت هەلومەرجێکی دادپەروەرانەی تەواو بۆ کورد لبڕەخسێت و خاوەن دەسەڵاتێکی زۆری خۆبەڕێوەبردن بێت.
مێرکڵ هەرچەندە رایگەیاند لەگەڵ سەربەخۆیی کوردستان نییە،بەڵام قسەکانی وەکو پاڵشتی تەواوی وڵاتەکەی لە دەسەڵات و مافەکانی کورد لە عێراق لێک دەدرێتەوە، ئەو کە وڵێتەکەی کاریگەرترین بوو لە شەڕی داعش لە هاوکاری کردنی پێشمەرگە جەختب لە پێگەیەکی بەهێزی کوردستان لە ناوچەکەدا دەکاتەوە، بەرلین یەکێک بوو لەوانەی دوای فەرەنسا رۆڵی هەبوو لە شکاندنی گەمارۆی سیاسی سەر کوردستان کە لەلایەن حکومەتی پێشووی عێراق خرابووە سەری، ناوەڕاستی مانگی کانوونی یەکەمی ساڵی ٢٠١٧ سێ مانگ دوای ریفراندۆم راوێژکاری ئەڵمانیا پێشوازی لە نێچیرڤان بارزانی کرد، ئەوکات
مێركڵ، راوێژكاری ئه‌ڵمانیا پاڵپشتی وڵاته‌كه‌ی بۆ مافه‌ ده‌ستووریه‌كانی كوردستان له‌ عێراق پیشاندا و جەختی لە په‌یوه‌ندی و یارمه‌تییه‌كانی ئه‌ڵمانیا بۆ كوردستان به‌تایبه‌تیش له‌ بواری رووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ی تیرۆردا کردەوە
نەک هەر ئەڵمانیا، فەرەنساش جارێکی دیکە پاڵپشتی بۆ کوردستان دووپات دەکاتەوە، وەکو چۆن لە رابردوودا سەرۆک ئۆلاند لە گەرمەی شەڕی داعش و دوای سەرکەوتنەکان،دوو جار وەکو سەرۆک و جارێکیش وەکو سەرۆکی پێشوو، هاوشێوەی وڵاتێکی سەربەخۆ سەردانی کوردستانی کرد، ئەمجارەش بڕیارە چەند مانگێکی دیکە لە کۆتایی ساڵدا، ئێمانوێل ماکرۆن سەرۆکی فەرەنسا سەردانی هەولێر بکات، سەرۆکە گەنجەکەی یەکێک لە بەهێزترین وڵاتانی ئەوروپا رۆڵی دیاری هەبوو لە شكاندنی گەمارۆی سیاسی سەر کوردستان، سێی کانوونی یەکەمی ٢٠١٧ لە کۆشکی ئیلیزێ پێشوازی لە نێچیرڤان بارزانی کرد،بە ئاڵا و نووسینی کوردی سەر سەکۆی سەرۆکایەتی جەختی لە مافی کوردستان و پەیوەندیەکان لەگەڵ هەولێر کردەوە.

 

© 2017 Hawler