تشرینی یەکەم 14, 2019

هەرێمی کوردستان داوای پاڵپشتی و هاوکاریی کەنەدا دەکات

جارێکی دیکە داوا لە کەنەدا دەکرێت هاوکاری هێزەکانی پێشمەرگە بکات، هاوشێوەی ساڵانی شەڕی داعش، کاتێک راوێژکارانی کەنەدا شان بەشانی پێشمەرگە هاوکاربوون لە تێکشکاندنی داعش لە ناوچە جیاوازەکاندا، پێش ئەوەی ساڵی ٢٠١٧ بڕیاری وەستاندنی کارەکانی کەنەدا بدرێت.

بەیان سامی عەبدولرەحمان، نوێنەری حکومەتی هەرێمی کوردستان لە واشنتۆن جەخت لەوە دەکاتەوە گەلی کوردستان هیچ نیەتێکی خراپ لە کەنەدا نابینێت بەرامبەر بڕیاری کشاندنەوەی راوێژکارانی سەربازانی،لەکاتێکدا وڵاتەکە چەند ساڵێک هاوکار بوو لە پێشکەشکردنی مەشق و راهێنان و ناردنی چەک بۆ پێشمەرگە .
حکومەتی هەرێمی کوردستان خەریکی چاکسازییەکی گەورە لە ریزەکانی پێشمەرگە و دەیەوێت پێشمەرگە لە رووبەڕووبوونەوەی تیرۆر و هەڕەشەکان زۆر لە جاران بەهێزتر بێت، بۆیە بە گوتەی بەیان سامی هاوکاری کەنەدا لەو بوارەدا دەکرێت سوودبەخش بێت و پێشوازیشی لێدەکرێت.
نوێنەری حکومەتی هەرێمی کوردستان لە ئەمریکا دەڵێت :" ئێمە پێویستمان بە هاوکاری حکومەتی کەنەدایە، چونکە کوردستان پێویستی بە هێزێکی نیشتمانی، یەکگرتوو، پێشکەوتوو هەیە،بۆیە پرۆگرامی چاکسازی دوورو درێژە، کەنەدا دەتوانێت رۆڵی گرنگ بگێڕێت لە چەندین بواری چاکسازییەکەدا."
کەنەدا لەدوای ١٦ـی ئۆکتۆبەرەوە بڕیاری راگرتنی مەشقی بە هێزە عێراقیەکان و پێشمەرگە دا، کاتێک سوپای عێراق و حەشدی شەعبی هێرشیان کردە سەر کەرکووک و ناوچە کوردستانییەکان و داگیریان کرد، بەڵام پێش ئەوە راوێژکارانی کەنەدا و هێزی تایبەتی ئەو وڵاتە سێ ساڵ هاوکار و پاڵپشتی پێشمەرگە بوون لە رزگارکردنی زۆربەی ناوچەکان لەدەستی داعش لە عێراق .
پارتی لیبراڵی کەنەدا بەم دواییە ئەرکی هێزەکانی لە عێراق درێژکردەوە تاوەکو ساڵی ٢٠٢١، فۆکسی سەرەکی کارەکانی مەشقە بە هێزە عێراقییەکان لەچوار چێوەی ئەرکەکانی لە ناو هاوپەیمانی باکووری ئەتڵەسی ناتۆ. بەیان سامی عەبدولرەحمان دەڵێت:" لەکاتێکدا داعش چیدیکە هەڕەشە نییە لە سەر کوردستان، تێگەیشتنمان هەیە کە هەندێک هاوبەشانمان لە هاوپەیمانی نێودەوڵەتی رەهەندی کارەکانیان بگۆڕن.
نوێنەری حکومەت لە سەردانێکی ئەمدواییەی بۆ ئۆتاواجەختیشی لەوە کردەوە، پێشمەرگە هێشتا چاوەڕێی ئەو کاروانە چەکەیە کە بای ملیۆنان دۆلارە کە لەدوای راگرتنی هاوکاریەکان وەستاوە، پێشمەرگە چاوەڕێیە هاوکارییەکانی کەنەدا بگەڕێتەوە، بەیان سامی هیوادارە کەنەداش هاوشێوەی وڵاتانی دیکە نوێنەرایەتی خۆی هەبێت لە هەرێمی کوردستان و بەتایبەت لە هەولێر، بۆ ئەوەی لە داهاتوو پەیوەندی نێوان هەرێمی کوردستان و وڵاتەکە فراوانتر بێت .
لە وەڵامی پرسیارێکدا کە ئایا پێی وایە کەنەدا بەردەوام دەبێت لە هاوکاری هێزە عێراقیەکان و مەشقیشی بۆ پێشمەرگە رادەگرێت،بەیان سامی عەبدولرەحمان دەڵێت، ئەرکی لە پێشینە ئەوەیە کەنەدا لە عێراق بمێنێتەوە، لەکاتێکدا عێراق هێشتا پڕ ململانێیە، سەرەڕای شکستی داعش و نەمانی لە ناوچەکان لەدوای زیاتر لە ساڵێک .
بەیان سای عەبدولرەحمان :" ماوەیەکە وڵاتانی هاوکاری عێراق مەیلێکیان بۆ دروست بووە کە عێراق بۆ پێکهاتەکانی خۆی بەجێبێڵن، لەکاتێکدا هاوکار بوون لە چارەسەری کێشە گەورەکان."
هەمان سیناریۆ ساڵی ٢٠١١ ئەمریکا جێبەجێی کرد،کاتێک عێراقی بەجێهێشت و سەربازانی کشاندەوە، بەڵام دواتر کێشەی گەورەتری سەری هەڵدا داعش دروستبوو وسێیەکی خاکی عێراقی داگیرکرد، بەیان سامی دەڵێت:" کاتێک عێراق لە ناو کێشەدایە، ئەوە دەبێتە قەیرانی گەورە و پێویستی بە هۆشدارییە،بۆیە کێشەکان بە هەر جۆرێک چارەسەر کراون، لە رەگ و ریشەوە نەبووە و بە تەواوی چارەسەر نەبوون و مەترسی گەڕانەوەیان هەیە، ئەوکات ئەگەر سەرهەڵبداتەوە عێراق تێیدا نوقم دەبێت و دەیان کێشەی دیکەی لەگەڵی سەرهەڵدەدات.
زۆر کێشە لە عێراق هێشتا ماون،بە گوتەی بەیان سامی عەبدولرەحمان، شانە نووستووەکانی داعش هێشتا چالاکن و کێشەی خێزان و نەوەی داعش ماوە، هەروەها کێشەی ئاوارەکان و ئاوەدان نەکردنەوەی ناوچەکان لە کێشە گەورەکانن .
سەرەڕای ئەوەش پێکهاتەکان، بەتایبەت سوننە و شیعە لە ناوچەکان کێشەی زۆر ماون، لەو رۆژانەدا لە نەینەوا کێشەکانی هەردوولا قووڵتر بوونەتەوە و بۆنی شەڕی لێدێ، هەروەها بێ ئومێد دروست بووە لە دروستبوونی ئاشتی و ئاوەدانکردنەوەی ناوچەکان.
نوێنەری حکومەتی هەرێمی کوردستان دەڵێت:" کەنەدا لە بواری دیکەشدا رۆڵی هەبووە، بۆ نموونە لە پێشکەشکردنی خزمەتگوزاری بۆ ئاوارەکان، بەڵام پێشنیاز دەکات عێراق هێشتا پێویستی زۆری بە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتییە، لەوانە پرۆگرامێک بۆ چۆنیەتی مامەڵە کردن لەگەڵ منداڵانی چەکدارانی داعش، چونکە زۆرێک لەوانە هێشتا لە کەمپەکان گیریان خواردووە و هیوایەکی کەمیان بۆ داهاتوو هەیە و مەترسی ئەوەش هەیە تووندڕەو بن لە داهاتوودا .
بەیان سامی دەڵێت :' پرۆگرامێک لەوبارەوە نییە ئەوەندەی ئاگاداربم لانی کەم بۆ منداڵان، ئەو پرسانە کە بە بڕوای من پشتگوێخراون، نە نەتەوە یەکگرتووەکان و نە هاوپەیمانی نێودەوڵەتی یان هاوبەشان و وڵاتان باسی دەکەن و درکیان پێکردووە، بەڵام گرنگە لەگەڵ شکستی سەربازی داعش بیر و ئایدۆلۆژیاکەشی لە ناوببرێت.

 

© 2017 Hawler