تەمموز 16, 2019

سامانی ماسی لە هەرێمی كوردستان پێداویستی ناوخۆ پڕ ناكاتەوە

ساڵانە لە هەرێمی كوردستان بۆ ماوەی سێ‌ مانگ بەهۆی وەرزی گەرادانان و زاوزێی ماسییەوە، قەدەغەكردنی راوە ماسی لە رووبار و دەریاچەكانی هەرێم رادەگەیەنرێت، ئەو وادەیەی دیاریكرابوو بە كۆتا هات و راوچییەكان دەستیان بە راوكردن كردووەتەوە.

ساڵانە لەو وادەیەی دیاریكراوە وەك ماوەی قەدەغەكردنی راوە ماسی لە هەرێمی كوردستان، بەشێك لە راوچییەكان بە شێوەیەكی نایاسایی بەردەوام دەبن لە راوكردن، ئەوەش پێچەوانەی رێنماییەكانە و سەرپێچیكاران رووبەڕووی سزا دەبنەوە.
لە هەرێمی كوردستان زیاتر لە 13 بەنداو و 382 حەوزی ماسی هەیە كە 40%ی پێداویستی نێوخۆ بۆ ماسی پڕ دەكەنەوە و ساڵانەش لە 15ی ئادار تاوەكو 15ی حوزەیران راوكردنی ماسی قەدەخەدەكرێت.
ساڵانە حكوومەتی هەرێم بڕی جیاواز لە پەنجە ماسی دەخاتە دەریاچەكان و هەوڵی پێشخستنی سامانی ماسی دەدات، بەڕای ماسیگرانیش ئەو هەوڵەی حكوومەت شتێكی باشە و لەگەڵ ئەوەی دەبێت چاودێری راوچییەكان بكات بۆ ئەوەی ماسی بچووك راو نەكەن، هەروەها لە كاتی قەدەغەكردنی ئەو كەسانەی ماسی راو دەكەن بە توندترین شێوە سزا بدرێن، بۆ ئەوەی سامانی ماسی ببووژێتەوە.
لەم وەرزە بەدواوە ئێدی ماسی راودەكرێت و ماسیگرەكان تۆڕەكان دادەنێن و ماسی ڕاو دەكەن.
شوكری ساڵح، راوچییەی دەڤەری سۆرانە بۆ "هەولێر" گوتی:" ئەمساڵ بەهۆی بارانێكی زۆر ماسی زۆر بووە، ئەوەش ماسیگرانی خۆشحاڵ كردووە و رۆژانە لە رووبارەكان ماسی راو دەكەین و ماسی هەیە زیاتر لە 15 كیلۆ ڕاومان كردووە.
سەربەست فكری، ماسیگرێكی دیكەیە بۆ "هەولێر" جەختی لەوەكردەوە، بە هەزاران خێزان بژێوی ژیانیان لەسەر ڕاوە ماسییە، پێویستە حكوومەتی هەرێم زیاتر گرنگی بە سامانی ماسی بدات، ئەوەش وا دەكات كە هەم بژێوی ماسیگران هەمیش داهاتی ناوخۆی ماسی ببووژێتەوە".
نزار سیامەند، كە لە چەمی رێزان، سەرقاڵی ڕاوكردنی ماسی بوو، بۆ " هەولێر" ئاماژەی بەوە دا:" رۆژانە لەگەڵ هەڵاتنی خۆر تۆڕەكانم هەڵدەگرم و روو لە ڕووبارەكانی ناوچەكە دەكەم بۆ ڕاوكردنی ماسی، تا ئێوارە ماسی ڕاو دەكەم و پاشان دەگەڕێمەوە، رۆژانە ئەوە كاری منە، هەر رۆژێك بۆ ڕاوكردنی ماسی بێم 10 تا 20 كیلۆ ماسی ڕاو دەكەم، ئێوارانیش بە فرۆشیاران دەفرۆشم، فرۆشتنی ماسی لەسەر جۆرەكەی دەمێنێتەوە ماسی بچووك نرخەكەی هەرزانە، ماسی گەورە نرخەكەی گرانترە، هەوڵدەدەین ماسی گەورە ڕاو بكەین، تا بڕێك زیاتر پارەمان دەستدەكەوێت.
ماسی فرۆش وەزیر عومەر، بۆ " هەولێر" روونیكردەوە:" لەبەر هەژاری و نەبوونی مووچە، ناچار بوومە ڕوو لە سۆران بكەم، زیاتر لە 10 ساڵە لەبەر هەژاری، كاری فرۆشتنی ماسی دەكەم، لە هەموو ناوچەكانی كوردستان لە ڕانیە بگرە تا دەگاتە مێرگەسۆر و قەندیل ماسی هەموو ئەو شوێنانەم بۆ دێت، ماسی هەندێك شوێن لەبەر تامەكەی گرانتر و باشتر دەفرۆشرێت، ئێستا ماسی رووبارەكانی سنووری شارۆچكەی مێرگەسۆر كڕیاری زیاترە لەچاو هی ناوچەكانی دیكە، هۆكارەكەشی بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە تامی ماسی ئەو ناوچەیە جیاوازەترە، هەروەها بۆ ماوەیەكی زۆر تێك ناچێت.
وەزیر، ئەوەشی گوت:" لەسەر عارەبانەكەم ڕۆژانە 20 تا 30 كیلۆ ماسی دەفرۆشم، هەر كیلۆی 250 تا 500 دیناری بۆ من تێدایە، مانگانە 350 هەزار دینارم بۆ دەمێنێتەوە، چۆن خێزانێكی 7 كەسی 30 ڕۆژ بە 350 هەزار دینار دەباتە سەر، ژیانمان زۆر سەختە و داوا دەكەین حكوومەت هاوكاریمان بكات.
فەهمی ڕەشید، كە خەریكی كڕینی ماسی بوو، بۆ "هەولێر" ڕوونی كردەوە، تامی ئەو ماسیانەی ئێستا لە بازاڕدا هەن، وەك ئەم ماسیانە نین كە لەنێو چەمەكاندا هەیە، چونكە ئەوانە بە شێوەیەكی سرووشتی گەورە نەبوونە، بەڵكو گەورەبوون و خواردنیان ناسرووشتییە، بەڕای من خەڵك دەزانێت كە گۆشتی ماسی لەو گۆشتە پاكژانەیە كە سوود بە تەندروستی مرۆڤ دەگەینێت و توشی نەخۆشی ناكات.
فەهمی، زیاتر دەڵێ:" هەر چەندە نرخی ماسی گرانە، بەڵام هاووڵاتیان روو لە كڕینی دەكەن، بۆیە پێویستە حكوومەتی هەرێم گرنگی بە سامانی ماسی بدات".

© 2017 Hawler