تشرینی یەکەم 14, 2019

لە سلێمانی بڵندگۆی فرۆشیاران قەدەغە کرا

لەسەر داواکاریی بەردەوامی هاوڵاتیان و به‌هۆی بێزاركردنیان و دروستكردنی ژاوه‌ژاو، قائیمقامییه‌تی سلێمانی به‌كارهێنانی بڵندگۆی له‌لایه‌ن دوكاندار و ئۆتۆمبێل و فرۆشیاران قه‌ده‌غه‌ ده‌كات و سزاشی بۆ سەرپێچیکاران دیاری کردووە.

لە راگەیەندراوێکدا قائیمقامی سلیمانی ڕایگەیاند: به‌كارهێنانی ئامێری تایبه‌ت به‌ به‌رزكردنه‌وه‌ی ده‌نگ (بڵندگۆ) له‌لایه‌ن به‌شێك له‌ دوكاندار و ئۆتۆمبێلی فرۆشیارانی میوه‌ و شتومەک له‌ بازاڕ و گه‌ڕه‌كه‌كاندا بووه‌ به‌ دیارده‌، ‌ئه‌مه‌ش بێزاری هاوڵاتیانی لێكه‌وتووه‌ته‌وه، قائیمقامی سلێمانی‌ بڕیاری قه‌ده‌غه‌كردنی به‌كارهێنانی بڵندگۆكانی داوه‌ و لە سەرەتای ئەم هەفتەیەوە له‌لایه‌ن لیژنه‌ هاوبه‌شه‌كان و پۆلیس و لایه‌نه‌ په‌یوه‌ندیداره‌كانی دیکە چووه‌ته‌ بواری جێبه‌جێكردنه‌وه‌.
ئاماژە بۆ ئەوەش کراوە تەنها له‌ناو بازاڕی شاری سلێمانیدا ده‌ست به‌سه‌ر (119) بڵندگۆدا گیراوه‌ كه‌ بوونه‌ته‌ هۆی نانه‌وه‌ی كێشه‌ و ئاژاوه‌ و دروستكردنی ژاوه‌ژاو له‌ بازاڕه‌كانی سلێمانی.
لای خۆشیه‌وه‌ ئاوات محه‌مه‌د، قائیمقامی سلێمانی رایگه‌یاند، ڕێگه‌ نادرێت به‌هیچ جۆرێك ئه‌و ئامێرانه‌ له‌ بازاڕ و گه‌ڕه‌كه‌كه‌ندا به‌كاربهێنرێت و لیژنه ‌هاوبه‌شه‌كانیشی راسپاردووه‌ ده‌ست به‌سه‌ر هه‌موو ئه‌و بڵندگۆیانه‌دا بگرێت و سه‌رپێچیكارنیش سزای یاساییان بۆ دەستنیشان کراوە.
لە ماوەی ڕابردوودا چەندینجار هاوڵاتیانی شاری سلێمانی داواکارییان پێشکەشی لایەنە پەیوەندیدارەکان کردووە بۆ ئەوەی سنوورێک بۆ بڵندگۆی دەنگبەرزی فرۆشیاران دابنرێت، کە ئارامی لە بەشێکی بازاڕ و زۆرێک لە گەڕەکەکان نەهێشتووە و تا دواجار لەسەرەتای ئەم هەفتەیەوە بڕیاری قەدەغەکردنی چووە بواری جێبەجێکردنەوە.

© 2017 Hawler