تشرینی یەکەم 18, 2019

ناکۆکییەکانی حکوومەتی عێراق و ئێکسۆن مۆبیلی ئەمەریکی پەرەدەستێنێت

ناکۆکییە فرە رەهەندەکان لەسەر چۆنیەتی گریبەستەکان و نیگەرانییەکانی بواری ئەمنی و تەناهی، گرێبەستی کۆمپانیایەکی زەبەلاحی ئەمەریکا لەگەڵ عێراقی تووشی کێشە و تەنگژە کردووە. کۆمپانیای ئێکسۆن مۆبیلی ئەمەریکی کە بە ئامانجی پەرەپێدانی بەرهەمهێنانی نەوت لە کێڵگەکانی باشووری عێراق چالاکی هەیە، کۆمەڵێک لەمپەری بۆ هاتووەتە کایەوە کە ئەگەری کشانەوەی ئەم کۆمپانیایە لە عێراقی بەهیز کردووە.

لانی کەم لە دو مانگی رابردوودا زۆرترین کێشە و نیگەرانی بۆ ئەو کۆمپانیایانە هاتووەتە کایەوە کە ئەمەریکین و لە عێراق کار دەکەن. کۆمپانیای ئێکسۆن مۆبیل کە لە گرنگترین و ناسراوترین کۆمپانیا ئەمەریکییەکانە لە عێراق کار دەکات لەو ماوە کورتەدا دوو جار فەرمانبەرانی خۆی لە عێراق کشاندەوە و مەترسی ئەوە لە ئارادایە ئەو کۆمپانیایە بە یەکجاری لە عێراق بکشێتەوە.قەبارەی گرێبەستی کۆمپانیای ئێکسۆن مۆبیلی ئەمەریکا لەگەڵ حکوومەتی عێراق بە 53 ملیار دۆلار دەخەمڵێنرێت و ئەم کشانەوەیەش بە زیانی ئابووری عێراق هەژمار دەکرێت.
گرێبەستەکەی کۆمپانیای ئێکسۆن مۆبیل لە گەڵ ئەمەریکا بە مەبەستی پەرەپێدانی هەر دوو کێڵگەی نەوتیی "نهرین عمر" و "حەرتاوی"یە و ئامانج دامەزراندنی ژێرخانی دابینکردنی ئاوە بۆ ئەوەی بەرهەمهێنان سەقامگیر بێت و ئاستی بەرهەمهێنانی نەوت لەم دوو کێڵگەیە لە 125 هەزار بەرمیلەوە بۆ نیو ملیۆن بەرمیل بەرز بکرێتەوە.
بە گوێرەی ماڵپەڕی "ئەفکارنیوز" هەندێک سەرچاوە بە رۆیتەرزیان گوتووە لە ئێستادا کۆمپانیای ئێکسۆن مۆبیل کێشەی لەگەڵ حکوومەتی عێراقدا هەیە و گەورەترین کێشەش بریتییە لەو داخوازییەی کۆمپانیاکە لە حکوومەتی عێراقی کردووە. بەپێی ئەو زانیارییەی دزەی کردووە کۆمپانیای ئێکسۆن مۆبیل داوای پشکێک لە بەرهەمهێنانی نەوت لە حکوومەتی عێراقی کردووە لە بری خەرجییەکانی پەرەپێدانی هەر دوو کێڵگە نەوتییەکە، داخوازییەک کە حکوومەتی عێراق رەتی کردووتەوە.
لە دوای کەوتنەخوارەوەی فرۆکەیەکی بێ فڕۆکەوانی ئەمەریکا لە لایەن سوپای ئێران نیگەرانییەکانی ئێکسۆن مۆبیل بۆ کارکردن لە عێراق زیاتر بووە. ئەو کۆمپانیایە دوو جار فەرمانبەرەکانی خۆی لە عێراق بردووەتە دەرەوە جارێکیان لە مانگی ئایاری رابردوو و جاری دووەمیشیان لە چەند رۆژی رابردوو لە ترسی تێکچوونی باری تەناهی فەرمانبەرەکانی رەوانەی دەرەوەی عێراق کرد. حکوومەتی عێراق رەتی کردووتەوە هیچ کێشەیەک بۆ سەر کۆمپانیای ئێکسۆن مۆبیل لە عێراق هاتبێتە کایەوە.
پێویستە بگوترێت لە جەند رۆژی رابردوودا بە هاوەن هێرش کرایە سەر دامەزراوەی سەرەکی کۆمپانیاکە لە بەسڕا وپێشتریش لە ژێر کاریگەریی هۆشدارییەکی تەناهیی ئەمەریکا بۆ هێرشکردنە سەر بەرژەوەندییەکانی ئەمەریکا لە عێراق، ئەو کۆمپانیایە فەرمانبەرەکانی خۆی لە عێراق بردبووە دەرەوە.
ناکۆکی نێوان حکوومەتی عێراق و ئێکسۆن مۆبیل لە بواری گرێبەستی نەوت شتێکی نوێ نیییە و پێشتریش ئەم ناکۆکییانە لە ئارادابوەون . عێراق پلانی ئەوەی داڕشتووە بە یارمەتی کۆمپانیا بیانییەکان ئاستی بەرهەمهێنانی نەوت تا ساڵی 2022 بۆ شەش ملیۆن و500 هەزرا بەرمیل بەرز بکاتەوە. توانای ئێستای عێراق بۆ بەرهەمهێنانی نەوت لە خوارووی پێنج ملیۆن بەرمیلە کە بەشێکی بۆ پێداویستی ناوخۆ دەدرێتە پاڵاوگەکان و بەشی زۆری هەنارتدەی دەرەوە دەکرێت. عێراق دا لە دوای سعوودیە بە دووەم گەورەترین هەناردەکەری نەوت لە رێکخراوی ئۆپێک هەژمار دەکرێت.
ئەمەریکا لەوە نیگەرانە لەگەڵ ئاڵۆزبوونی کێشەی ناوکیی ئێران و سەپاندنی زیاتری سزاکان لە دژی ئێران، ئێران ناراستەوخۆ وەڵامی ئەو کێشانە بداتەوە و لە عێراق و کەنداو کێشە بۆ ئەو کۆمپانیایانە دروست بکات کە ئەمەریکین و لە بواری جیاوازدا کار دەکەن. ئێران لە عێراقدا دەستێکی باڵای هەیە و گرووپە گوێڕایەلەکانی ئێران دەتوانن تەنگژە بۆ چالاکییەکانی ئەمەریکا لە عێراق بهێننە کایەوە.

 

© 2017 Hawler