تشرینی یەکەم 18, 2019

باوكی ئه‌و منداڵه‌ی ده‌ستدرێژی كرابووه‌سه‌ر: هه‌ڕه‌شه‌مان لێ ده‌كرێت و ژیانی كچه‌كه‌م له‌ مه‌ترسیدایه‌

باوكی ئه‌و منداڵه‌ی له‌لایه‌ن چه‌ند كه‌سێكه‌وه‌ ده‌ستدرێژی كرابووه‌سه‌ر ڕای ده‌گه‌یه‌نێ، تاوانباره‌كان ئازاد كراون و هه‌وڵی ڕفاندنی منداڵه‌كه‌یان داوه‌ و هه‌ڕه‌شه‌مان لێ ده‌كه‌ن، نوێنه‌ری ده‌سه‌ڵاتی ئه‌نجوومه‌نی دادوه‌ریش ده‌ڵێ "ئه‌و تاوانبارانه‌ ده‌ستگیر كراونه‌ته‌وه‌ و لێكۆڵینه‌وه‌ ده‌ستی پێكردووه‌ته‌وه‌".

٢٣ی حوزه‌یران له‌ گردبوونه‌وه‌یه‌كدا له‌به‌رده‌م ئه‌نجوومه‌نی دادوه‌ری له‌ هه‌ولێر، باوكی ئه‌و منداڵه‌ی ده‌ستدرێژی كرابووه‌سه‌ر له‌ كۆنگره‌یه‌كی ڕۆژنامه‌نووسیدا ڕایگه‌یاند، له‌ دوای جه‌ژنه‌وه‌ چاوه‌ڕێی ئه‌وه‌م ده‌كرد ئه‌و تۆمه‌تبارانه‌ بدرێنه‌ دادگا، به‌ڵام كه‌ ئازاد كراون، ئێستا ژیانی منداڵه‌كه‌م له‌ مه‌ترسیدایه‌ و تاوانباره‌كان هاتوونه‌ته‌ سه‌رمان و ده‌رگایان شكاندووه‌ بۆ ئه‌وه‌ی دیسان منداڵه‌كه‌م بڕفێنن.
باوكی منداڵه‌كه‌ ئاماژه‌ی بۆ ئه‌وه‌كرد، كه‌ له‌ ده‌زگای مافی مرۆڤ سكاڵام تۆمار كردووه‌، به‌ڵام پۆلیسی عه‌داله‌ وازمان لێ ناهێنن، چوونه‌ته‌ سه‌ر ماڵمان و جیا له‌وان چه‌ندین كه‌س ده‌ستوه‌ردانیان كردووه‌ و داوا ده‌كه‌ن دۆسیه‌كه‌ بكێشمه‌وه‌ و ده‌ڵێن ئه‌و كه‌سانه‌ بشگیرێن ئازاد ده‌كرێنه‌وه‌، كه‌ هه‌رواش ده‌رچوو، به‌ڵام ئه‌گه‌ر ڕووحیشم له‌سه‌ر دانابێت ده‌ست هه‌ڵناگرم.
بۆیه‌ داوا له‌ سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان و سه‌رۆكی حكوومه‌ت و ده‌سه‌ڵاتی دادوه‌ری ده‌كه‌م، ئه‌و تاوانبارانه‌ ده‌ستگیر بكرێن و به‌سزای خۆیان بگه‌یه‌نن، كه‌ خۆیان ددانیان به‌ تاوانه‌كه‌دا ناوه‌ و داواش ده‌كه‌م ئه‌و به‌رپرسانه‌ی ده‌ستیان له‌م دۆسیه‌یه‌ وه‌رداوه‌ به‌ تووندی سزا بدرێن، كه‌ له‌بری ئه‌وه‌ی بێن و پشتگیری له‌ منداڵێكی بێتاوان بكه‌ن، هاتوون پشتیوانی له‌ تاوانباره‌كان ده‌كه‌ن.
لوقمان ئیسماعیل باوكی كچه‌كه‌ ئاماژه‌ی بۆ ئه‌وه‌ش كرد، كه‌ له‌ به‌ڕێوه‌به‌ری قوتابخانه‌ی كچه‌كه‌ی بیستووه‌، ئه‌و تاوانبارانه‌ جگه‌ له‌ كچه‌كه‌ی من، ده‌ستدرێژییان كردووه‌ته‌ سه‌ر چه‌ند منداڵی دیكه‌ و پۆلیسیان لێ ئاگادار كردوونه‌ته‌وه‌، به‌ڵام وه‌ڵامیان نه‌دراوه‌ته‌وه‌.
هه‌ر له‌ كۆنگره‌ ڕۆژنامه‌وانییه‌كه‌دا ئاسۆ هاشمی یاساناس ڕایگه‌یاند، ئێمه‌ وه‌كو پارێزه‌ران و چالاكوانان به‌وردی چاومان له‌سه‌ر دۆسیه‌كه‌یه‌ بۆ ئه‌وه‌ی به‌لاڕێدا نه‌برێت و ئه‌و تۆمه‌تبارانه‌ به‌ پێی مادده‌ی ٣٩٣ یاسای سزادانی عێراقی گیرابوون كه‌ به‌ هیچ جۆرێك كه‌فاله‌ت نایانگرێته‌وه‌، ئه‌و گوتی "ئێمه‌ خۆمان به‌ پارێزه‌ری ئه‌و منداڵه‌ ده‌زانین تا دۆسیه‌كه‌ی یه‌كلایی ده‌بێته‌وه‌، كه‌ له‌ ڕووی یاساییه‌وه‌ ئه‌و تاوانه‌ گه‌وره‌یه‌ و ته‌نانه‌ت سزای له‌ سێداره‌دانیشی تێدایه‌، چونكه‌ قوربانییه‌كه‌ ته‌مه‌نی حه‌وت ساڵه‌.
هاوكات له‌ كۆنگره‌یه‌كی ڕۆژنامه‌وانیدا شه‌هرام میرحاج به‌ڕێوه‌به‌ری ڕاگه‌یاندن و نوێنه‌ری سه‌رۆكی ده‌سه‌ڵاتی ئه‌نجوومه‌نی دادوه‌ری ڕایگه‌یاند، لێكۆڵینه‌وه‌ له‌سه‌ر ئه‌و بابه‌ته‌ ده‌ستیپێكردووه‌ و ئه‌و تۆمه‌تبارانه‌ دووباره‌ ده‌ستگیركراونه‌ته‌وه‌.
ڕۆژی ١٢\٤\٢٠١٩ سێ گه‌نج به‌ تۆمه‌تی ده‌ستدرێژی كردنه‌ سه‌ر كچێكی حه‌وت ساڵان له‌ هه‌ولێر ده‌ستگیر كران و له‌گه‌ڵیان زڕدایكی كچه‌كه‌ش به‌ تۆمه‌تی هاوكاری كردنیان ده‌ستگیركرا، به‌ڵام له‌ ١٧\٦\٢٠١٩، به‌ فه‌رمانی دادوه‌ر و به‌ كه‌فاله‌تی ٣٠ ملیۆن دینار ئازاد كران.

© 2017 Hawler