کانونی یەکەم 13, 2019

ئاوارەكان سوپاسی حكوومەتی هەرێم دەكەن

ئێستا چوار كەمپی پەنابەران لە سنووری دهۆك هەنە و هاووڵاتیانی رۆژئاوای كوردستان وەكو پەنابەر لە هەرێمی كوردستان نیشتەجێ بوونە، جگە لە پەنابەران لە ساڵی 2014 پاش هاتنی چەكدارانی داعش بۆ مووسڵ و ناوچە كوردستانییەكان ئاوارەكانی ئەو ناوچانە روویان لە هەرێمی كوردستان كرد، كە تەنیا لە دهۆك 17 كەمپی ئاوارە هەنە و زیاتر لە 500 هەزار ئاوارە و پەنابەر لە سنووری ئەو پارێزگایە دەژین.

غەریب حەسەن، پەنابەرێكی رۆژئاوای كوردستانە بۆ "هەولێر" دەڵێت:" هیوادارین رێكخراوەكان وەكو پێش ئێستا یارمەتی ئاوارە و پەنابەران بدەن، چونكە رەوشی ئێمە زۆر ناخۆشە و ئەوە لە وەرزی هاوینداینە و پێویستمان بە كۆمەڵێك كەلوپەلی هاوینە هەیە، ئەگەر پێداویستییەكانی ژیان بۆ ئێمە دابین نەكرێن ژیان و گوزەرانی ئێمە زۆر خراپ دەبێت.
ئەیاد عەبدوڵڵا، ئاوارەیەكی شاری مووسڵە و لە دهۆك دەژیت بۆ "هەولێر" رایگەیاند:" ئەوە نزیكەی 5 ساڵ دەبێت لە كەمپەكانی كوردستان دەژین، نە حكوومەت عێراق، نە رێكخراوەكان هاوكاری ئێمە ناكەن، جگە لە حكوومەتی هەرێم كە رۆژانە پێداویستییەكانی ژیان بۆ ئێمە دابین دەكەن و پرۆژە خزمەتگوزارییەكان بۆ كەمپەكان دابین دەكەن، تا ماوین سوپاسی سەرۆك بارزانی و حكوومەتی هەرێم دەكەین، چونكە ئەگەر ئەوان نەبوانە ئێمەش ئێستا نەدەبووین.
سالم خەلیل، ئاوارەیەكی دەشتی نەینەوایە بۆ "هەولێر" ئاشكرای كرد:" لەگەڵ هاتنی ئێمە بۆ هەرێمی كوردستان رێكخراوەكان بەشێوەیەكی باش هاوكاری ئێمەیان كرد، بەڵام بەداخەوە ئەوە دوو ساڵ دەبێت رێكخراوەكان پشتیان لە ئێمە كردووە، حكوومەتی عێراقیش هەر هیچ خۆ لە ئێمە ناكاتە خاوەن، ئەوەی هاوكاری ئێمە دەكات تەنیا حكوومەتی هەرێمی كوردستانە".

© 2017 Hawler