تشرینی یەکەم 18, 2019

پارتی ئەم هەفتەیە ناوی وەزیرەكانی یەكلادەكاتەوە

مەسروور بارزانی سەرۆكوەزیرانی راسپێردراو، دوای كۆبوونەوە لەگەڵ لایەنە توركمانییەكان، كلدۆ سریان و ئاشوورییەكان، بزووتنەوەی دیموكراتی ئاشووری و ئەنجوومەنی گەلی كلدانی سریانی ئاشووری رایگەیاند، مافی پێكهاتەكان لە كابینەی نوێ پارێزراو دەبێت. پێكهاتەكانیش پشتگیری لە كابینەی داهاتووی حكوومەتی هەرێم دەكەن و بە حكوومەتی خۆیان دەزانن.

توركمانەكان داوای ڕاوێژكار، بریكاری وەزیر، نوێنەرایەتی هەرێم لە دەرەوە، بەرێوەبەری گشتیی و قایماقامەكان دەكەن، بەڵێنیش بە بەرەی توركمانی درا كە وەزیرێكی هەرێم لە كابینەی نۆ بۆ ئەوان بێت، بۆ كلد و ئاشوورییەكانیش مەسروور بارزانی بەڵێنی دا كە وەزارەتێك لە پشكی پارتی بۆ ئەوان بێت، كە ئەگەری زۆرە وەزارەتی گواستنەوە و گەیاندن بۆ ئەوان بێت و ئەوانیش بەشدار دەبن لە حكوومەت، جێگری پارێزگاری دهۆكیش دەدرێتە بزووتنەوەی ئاشووری.
مەسروور بارزانی دوای كۆبوونەوە لەگەڵ پێكهاتەكان دڵنیایی دایە ئەوان كەوا مافیان لە كابینەكەی پارێزراو دەبێت.
هەفتەی رابردووش، مەسروور بارزانی سەردانی پارێزگای سلێمانی كرد و لەگەڵ یەكێتی نیشتمانی كوردستان، بزووتنەوەی گۆڕان و حزبی سۆسیالیست دیموكراتی كوردستان، بەمەبەستی پێكهێنانی كابینەی نوێ كۆبووەوە. مەسروور بارزانی خولی یەكەمی سەردانەكان بۆ لای ئەو حزبانە تەواو كرد كە بەشداری كابینەكەی دەكەن، ئێدی چاوەڕوانی ئەوان دەكات كەوا سیڤی كاندیدەكانیان پێشكەش بكەن، بۆ ئەوەی ئەویش پێشكەش بە پەرلەمان بكات.
عارف روشدی، راوێژكاری مەكتەبی سیاسی پارتی بە رووداوی راگەیاندووە، بۆ كابینەی نوێی حكوومەتی هەرێمی كوردستان، پارتی ناوی ئەو وەزیرانەی یەكلایی كردووەتەوە كە وەریدەگرێت. لەم هەفتەیەدا مەكتەبی سیاسی پارتی بۆ بڕیاری كۆتایی لەسەر ئەو پرسە كۆدەبێتەوە.
ئەو راوێژكارەی مەكتەبی سیاسی پارتی هیواخوازە لایەنەكانی دیكەش بە زوویی ‌و لەكاتی خۆیدا ناوی بەربژێرەكانیان بۆ پۆستەكانی حكوومەت رادەستی شاندی پارتی بۆ پێكهێنانی كابینەی نوێ‌ بكەن، چونكە وەك ئەو دەڵێت "پێكهێنانی كابینەی نوێ‌ بە زووترین كات، پێویستی قۆناخەكەیە ‌و لەوە زیاتر دواكەوتنی زیانی گەورەی دەبێت، بەهیوای ئەوەی لەو كاتەی دیاری كراوە كابینەكە پێكبهێنرێ‌".

© 2017 Hawler