ئاب 08, 2020

له‌م‌ هەفتەیه‌دا تەواوی لیژنەكانی ئەنجوومەنی نوێنەران بەسەر فراكسیۆنەكاندا دابەش دەكرێن

فراكسیۆنی پارتی لە ئەنجوومەنی نوێنەران سەرۆكی لیژنەی یاسایی و جێگری سەرۆكی هەر دوو لیژنەی شەهیدان، لەگەڵ ئافرەتان و منداڵانی وەرگرتووە، لەگەڵ بڕیاردەری لیژنەی دارایی، هەفتەی داهاتوو تەواوی لیژنەكانی كە ماون بەسەر فراكسیۆنەكاندا دابەش دەكرێن و فراكسیۆنی پارتی چاوی لە وەرگرتنەوەی سەرۆكایەتی لیژنەی كشتوكاڵ و ئاودێری پەرلەمانی عێراقە.

فراكسیۆنی پارتیی دیموكراتی كوردستان دەیەوێ سەرۆكی لیژنەی كشتوكاڵ و ئاودێری لە فراكسیۆنی سائیروون وەربگرێتەوە، كە پێشتر بەڵێنیدابوو ئەو پۆستە بۆ كورد بێت. بەڵام دواتر لەنێو لیژنەكەدا بەبێ رێككەوتن هەڵبژاردن ئەنجامدرا و سەلام هادی شەممەری لە سائیروون بە سەرۆكی لیژنەكە هەڵبژێردرا.
د. دیار تەیب، ئەندامی فراكسیۆنی پارتی لە ئەنجوومەنی نوێنەران بۆ "هەولێر" دیاركرد:" پارتی تا ئێستا تەنیا سەرۆكایەتی یەك لیژنەی وەرگرتووە، ئەویش لیژنەی یاساییە، لێكتێگەیشتن و رێككەوتن هەیە كە لیژنەی كشتوكاڵ و ئاودێری وەربگرێن، هەڵبژاردن كرا و سەرۆكایەتی ئەو لیژنەیە درایە سائیرۆن، بۆیە ئێستا گفتوگۆ لەسەر ئەو لیژنەیە دەكرێت، سەرۆكی فراكسیۆنی پارتی نووسراوێكی ئاراستەی سەرۆكایەتی پەرلەمان كردووە كە ئەوەی كرا دروست نەبووە و پێویستە دووبارە هەڵبژاردن بكرێتەوە، سەرۆكایەتی پەرلەمان رەزامەندی دەربڕیوە دووبارە هەڵبژاردن لە لیژنەی كشتوكاڵ بكرێتەوە.
د. دیار تەیب، ئاماژەی بۆ ئەوەشكرد:" هەتا ئێستا لیژنەكان تەواو نەبوونە، لە هەر دوو لیژنەی شەهیدان، ئافرەت و منداڵان جێگرمان هەیە، لە هەندێك لیژنەی دیكە جێگرمان دەبێت لە لیژنەی دارایی بڕیاردەرمان هەیە، بۆیە هێشتا سەرۆكایەتی لیژنەكان تەواو نەبوونە و چاوەڕوان دەكەین هەفتەی داهاتوو بابەتی لیژنەكان تەواو بێت و سەرۆك، جێگیر و بڕیاردەر بەسەر فراكسیۆنەكان دابەشبكرێن".

© 2017 Hawler