تەمموز 18, 2019

نیسانی ساڵی داهاتوو هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکان دەکرێت

دوای دوو رۆژ کۆبوونەوە و گفتوگۆی فراکسیۆنەکان لە بەغدا لەگەڵ سەرۆکایەتی پەرلەمان و کۆمسیۆن، دواجار هەموو پێشبینیەکان بەرەو ئەوە دەڕۆن کە ئەمساڵ هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکان بەڕێوەناچێت و هەڵبژاردنەکە دەکەوێتە مانگی نیسانی ساڵی داهاتوو .

تەمەنی یاسایی ئەنجوومەنی پارێزگاکان تەواو بووە، بەڵام مشتومڕ و کێشە سیاسییەکان لە عێراق رێگر بووە لە بەڕێوەچوونی هەڵبژاردن لەکاتی یاسای خۆیدا، دوێنێ لیژنەی یاسایی پەرلەمانی عێراق کە چەند نوێنەرێکی کوردیشی تێدایە، لەگەڵ کۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردنی عێراق کۆبوونەوە، هەردوولا دەیانەوێت لە کۆبوونەوەکاندا بگەنە رێککەوتن بۆ وردەکاری هەڵبژاردنەکە و دواتر پەرلەمان دەنگ لەسەر وادەی هەڵبژاردنەکە بدات .
ڤیان سەبری، سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی لە پەرلەمانی عێراق یەکێک لە بەشداربووانی کۆبوونەوەکە دەڵێت :" پڕۆژەیاسای هەمواری یاسای هەڵبژاردن و ئەو پارێزگایانەی لە چوارچێوەی هەرێم رێکنەخراون، خوێندنەوەی یەکەم و دووەمی بۆ کراوە،بەڵام چەند پرسێک مشتومڕی دروست کردووە، دوو پڕۆژە و بەرنامەی هەڵبژاردنەکە هەیە، حکومەت و کۆمسیۆن، کۆبوونەوەکە بە ئامانجی ئەوەیە سەرۆکایەتی پەرلەمان و فراکسیۆنەکان و لیژنەی یاسایی و کۆمسیۆن بگەنە رێککەوتن لەسەر ئەو هەڵبژاردنە،ڤیان سەبری دەڵێت :" لە کۆبوونەوکەدا تاوتوێی ژمارەی کورسی و وردەکاری و چۆنیەتی بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنەکە( ئەلکترۆنی یان دەنگدانی ئاسایی) بێت .
سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی لە پەرلەمانی عێراق دەڵێت:" هەندێک لایەن گومانیان هەیە لە دەنگدانی ئە لکترۆنی و دەڵێن کێشە و ئاریشەی لەدوایە، بۆیە لایەنەکان دەیانەوێت لەسەر ئەو پرسانە رێکبکەون .
ڤیان سەبری لەبارەی کەرکووک و بەڕێوەچوونی هەڵبژاردن لەو پارێزگایە دەڵێت :" کەرکووک لە رەوشێكی خراپدایە چ لە رووی ئیداری یان لە رووی ئەمنیەوە، فراکسیۆنی پارتی پێی وایە هەڵبژاردن لەکاتێکدا دەبێت لە کەرکووک بەڕێوەبچێت کە دۆخی ئەمنی و ئیداری پارێزگاکە ئاسایی بکرێتەوە، تاوەکو ئێستا لە کەرکووک رەوشێکی عەسکەرتاری هەیە، بە بڕیاری عەبادی شارەکە رادەستی سوپا کرابوو، بۆیە گرنگە هەرێمی کوردستان و بەغدا لەسەر ئایندە و دۆخی کەرکووک گفتوگۆ بکەن .
ڤیان سەبری هەروەها دەڵێت پرسەکە پەیوەست نییە بە بەشداری پارتی لە کەرکووک لە هەڵبژاردندا، بەڵکو پارتی زۆر گرنگی بەوە دەدات دۆخی کەرکووک ئاسایی بکرێتەوە .
فراکسیۆنە کوردستانییەکان هەوڵدەدەن لە بارەی کەرکووک یەکدەنگ بن، داوا دەکەن لە کەرکووک دۆخی شارەکە لەبەرچاو بگیرێت، لەکاتێکدا هێشتا لەرووی ئەمنیەوە دۆخی کەرکووک ئارام نەبووەتەوە .
ئەڵـماس فازیڵ، ئەندامی لیژنەی یاسایی پەرلەمان دەڵێت :" حیزبە کوردستانییەکان هەوڵمانداوە بە یەک پاکێج لەبارەی کەرکووک گفتوگۆ لەگەڵ لایەنەکانی دیکەی عێراق بکەن، عەرەب و سووننە بۆچوونیان جیاوازە و ئێمەش جەخت لە ئاسایی کردنەوەی دۆخی کەرکووک دەکەینەوە .
یاسای ئەنجوومەنی پارێزگاکان لە عێراق، ماوەیەکی زۆرە مشتومڕی دروست کردووە، لایەنە کوردستانییەکان رازی نین لەو دۆخەی ئێستا کە هێشتا تەعریب هەیە هەڵبژاردن بکرێت .پێشتر کۆمیسیۆنی هەڵبژاردنەکانی عێراق پێشنیازی کردبوو مانگی 11 ئەمساڵ هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکان لە عێراق بکرێت، بەڵام پەرلەمانی عێراق یاسای هەڵبژاردنەکانی هەموار نەکردووەتەوە، بۆ ئامادەکاری بۆ هەر هەڵبژاردنێك کۆمیسیۆن پێوستی بە 6 مانگە، لایەنە سیاسیەکان دەڵێن: جگە لە رووی یاساییەوە لە روی سیاسی و ئەمنیشەوە عێراق ئامادەی ئەنجامدانی ئەو هەڵبژاردنە نیە.

© 2017 Hawler