تشرینی یەکەم 18, 2019

مه‌سرور بارزانی: یه‌كێتی پابه‌ندی ڕێككه‌وتنه‌كانه‌ و سوپاسی هه‌ڵوێستی جوامێرانه‌ی گۆڕان ده‌كه‌ین

له‌ سه‌ردانه‌كانیدا و له‌ گفتوگۆی پێكهێنانی كابینه‌ی نۆیه‌می حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان له‌گه‌ڵ لایه‌نه‌ سیسیاسییه‌كانی هه‌رێم، مه‌سرور بارزانی ڕاسپێردراو بۆ پێكهێنانی كابینه‌ی نوێی حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان ڕایگه‌یاند، یه‌كێتی پابه‌ندی ڕێككه‌وتنه‌كان ده‌بێت،وه‌زاره‌تی شه‌هیدان پشكی حزبی سۆسیالیسته‌ و سوپاسی هه‌ڵوێستی جوامێرانه‌ی بزووتنه‌وه‌ی گۆڕان ده‌كه‌ین.

به‌مه‌به‌ستی پێكهێنانی كابینه‌ی نۆیه‌می حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان، ١٧ی حكوزه‌یران مه‌سرور بارزانی ڕاسپێردراو بۆ پێكهێنانی كابینه‌ی نۆیه‌می حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان، سه‌ردانی سلێمانی كرد و له‌گه‌ڵ هه‌ر یه‌ك له‌ یه‌كێتی نیشتمانی كوردستان و حزبی سۆسیالیست دیموكراتی كوردستان و بزووتنه‌وه‌ی گۆڕانكۆبوه‌وه‌.
كات ١١:٣٠ خوله‌ك مه‌سرور بارزانی و شاندی یاوه‌ری گه‌یشتنه‌ مه‌كته‌ب سیاسی یه‌كێتی نیشتمانی كوردستان له‌ سلێمانی و كۆبوونه‌وه‌ی پێكهێنانی كابینه‌ی نوێی حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستانی له‌گه‌ڵ یه‌كێتیده‌ستپێكرد، شانده‌كه‌ی مه‌سرور بارزانی پێكهاتبوو له‌ هێمن هه‌ورامی، دڵشاد شه‌هاب، فرسه‌ت سۆفی، ئومێد خۆشناو و شه‌عبان شه‌عبان، شانده‌كه‌ی یه‌كێتیش له‌ عیماد ئه‌حمه‌د و ڕه‌فعه‌ت عه‌بدوڵا، له‌تیف شێخ عومه‌ر، عه‌دنان حه‌مه‌ی مینا و لاهور شێخ جه‌نگی پێكهاتبوون.
دوای كۆبوونه‌وه‌ی له‌گه‌ڵ شاندی یه‌كێتی نیشتمانی كوردستان، مه‌سرور بارزانی سه‌رۆك وه‌زیرانی ڕاسپێردراو ڕایگه‌یاند، براده‌رانی یه‌كێتی پابه‌ندی ڕێككه‌تنه‌كانن و چاوه‌ڕوانین سیڤی كاندیده‌كانیان پێشكه‌ش بكه‌ن و خه‌ڵكی له‌و چاوه‌ڕوانییه‌ ڕزگاریان بێت.
مه‌سرور بارزانی سه‌رۆك وه‌زیرانی ڕاسپێردراو جه‌ختی كرده‌وه‌، ده‌مانه‌وێت له‌م ماوه‌یه‌دا سیڤییه‌كان ئاماده‌ بكرێن، چونكه‌ پێش واده‌ی خۆی سیڤی كاندیده‌كان پێشكه‌شی په‌رله‌مان ده‌كه‌ین.
هاوكات عیماد ئه‌حمه‌د ئه‌ندامی مه‌كته‌بی سیاسی یه‌كێتی نیشتمانی كوردستان ڕایگه‌یاند، ئێمه‌ وه‌كو یه‌كێتی چه‌ند ڕێككه‌وتنێكمان له‌گه‌ڵ پارتی هه‌یه‌ و سوورین له‌سه‌ر جێبه‌جێكردنی، ئێمه‌ شه‌ریكی حه‌قیقین و یه‌كه‌مجار نییه‌ یه‌كێتی به‌شداری كابینه‌ی حكوومه‌ت ده‌كات و چه‌ند جارێكی تریش به‌شداربووین و به‌شداری ئه‌م كابینه‌یه‌ش ده‌كه‌ین.
عیماد ئه‌حمه‌د كه‌ سه‌رۆكایه‌تی شاندی یه‌كێتی كرد نیه‌تی یه‌كێتی خسته‌ ڕوو، هیوادارین ئه‌م كابینه‌یه‌ ته‌واوكه‌ری كابینه‌كانی پێشوو بێت و كێشه‌كان چاره‌سه‌ر بكات، وه‌كو پارتی و یه‌كێتی و لایه‌نه‌كانی دیكه‌ ئه‌ركی سه‌رشانی هه‌موومانه‌ ئه‌م ده‌ستكه‌وته‌ بپارێزین و به‌ره‌وپێشی ببه‌ین.
دوای به‌جێ هێشتنی مه‌كته‌بی سیاسی یه‌كێتی، مه‌سرور بارزانی سه‌رۆك وه‌زیرانی ڕاسپێردراوو شاندی یاوه‌ری سه‌ردانی مه‌كته‌بی سیاسی حزبی سۆسیالستی كرد و له‌لایه‌ن حه‌مه‌د حاجی مه‌حموود پێشوازی لێكرا.
له‌دوای كۆبوونه‌وه‌ی مه‌سرور بارزانی سه‌رۆك وه‌زیرانی ڕاسپێردراو بۆ پێكهێنانی كابینه‌ی نوێی حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان و محه‌مه‌دی حاجی مه‌حموود سكرتێری حزبی سۆسیالست دیموكراتی كوردستان و شاندێكی ئه‌و حزبه‌، له‌ كۆنگره‌یه‌كی ڕۆژنامه‌نووسیدا مه‌سرور بارزانی ڕایگه‌یاند، له‌ كابینه‌ی داهاتوو وه‌زاره‌تی شه‌هیدان پشكی حزبی سۆسیالیسته‌.
مه‌سرور بارزانی سه‌رۆك وه‌زیرانی ڕاسپێردراوئاماژه‌ی بۆ ئه‌وه‌كرد، دوامان كردووه‌ سیڤی كاندیدیان پێشكه‌ش بكه‌ن و ئه‌و لایه‌نانه‌شی به‌شدارن ئاماده‌ییان پیشانداوه‌، مه‌سرور بارزانی جه‌ختی كرده‌وه‌، كه‌ هه‌وڵده‌دات پێش واده‌ی دیاریكراوی یاسایی، ٣٠ی حوزه‌یران كابینه‌كه‌ی پێشكه‌شی په‌رله‌مانی كوردستان بكات.
له‌ وه‌ڵامی پرسیاری ڕۆژنامه‌وانان مه‌سرور بارزانی سه‌رۆك وه‌زیرانی ڕاسپێردراو، گوتی "ئێمه‌ له‌ یه‌كێتیمان نه‌بیستووه‌ كه‌ پۆستی پارێزگاری كه‌ركوك ببه‌ستنه‌وه‌ به‌ پێكهێنانی حكوومه‌ت، ئه‌ركی ئێمه‌ پێكهێنانی حكوومه‌ته‌ و بابه‌تی كه‌ركوك و ناوچه‌كانی دیكه‌ی ده‌ره‌وه‌ی ئیداره‌ی هه‌رێمی كوردستان بۆ هه‌موو لایه‌نه‌كان گرنگه‌، ئه‌م بابه‌ته‌ تایبه‌ت نییه‌ به‌ حزبێك و هیوادارین بتوانین چاره‌سه‌ر بۆ ئه‌و كێشانه‌ بدۆزینه‌وه‌".
له‌ كۆنگره‌ ڕۆژنامه‌وانییه‌كه‌دا محه‌مه‌دی حاجی مه‌حموود سكرتێری حزبی سۆسیالیست ڕایگه‌یاند، گفتوگۆ له‌سه‌ر پێكهێنانی كابینه‌ی نوێی حكوومه‌ت كراوه‌ و له‌ نزیكترین كاتیشدا سیڤی كاندیدی خۆیان ڕاده‌ستی سه‌رۆكوه‌زیرانی ڕاسپێردراو ده‌كه‌ن.
دوای كۆبوونه‌وه‌ی له‌گه‌ڵ یه‌كێتی نیشتمانی كوردستان و حزبی سۆسیالیست دیموكراتی كوردستان، مه‌سرور بارزانی بۆ كۆبوونه‌وه‌ له‌گه‌ڵ بزووتنه‌وه‌ی گۆڕان، سه‌ردانی گردی زه‌گه‌ته‌ی كرد.
له‌ كۆنگره‌یه‌كی ڕۆژنامه‌وانیدا و له‌دوای كۆبوونه‌وه‌ی له‌گه‌ڵ بزووتنه‌وه‌ی گۆڕان، مه‌سرور بارزانی سه‌رۆك وه‌زیرانی ڕاسپێردراو ڕایگه‌یاند، گه‌شبینم و هیوادارم بتوانین له‌ واده‌ی خۆیدا كابینه‌ی حكوومه‌ت پێك بهێنن.
سه‌رۆك وه‌زیرانی ڕاسپێردراو گوتی "قسه‌مان له‌گه‌ڵ كردن له‌باره‌ی پێكهێنانی حكوومه‌ت و داوای سیڤییه‌كانمان لێكردن، سوپاسی هه‌ڵوێستی جوامێرانه‌ی گۆڕان ده‌كه‌ین، كه‌ پابه‌ندنی ئه‌و ڕێككه‌وتنانه‌ بوون كه‌ له‌گه‌ڵ ئێمه‌ هه‌یان بووه‌ و هیوادارین پێش پشووی په‌رله‌مان كابینه‌ی نوێی حكوومه‌ت ڕابگه‌یه‌نین".
ئاماژه‌ی بۆ ئه‌وه‌ش كرد، كه‌ له‌هه‌موو دیداره‌كانی له‌گه‌ڵ لایه‌نه‌ سیاسییه‌كاندا، ئه‌و هه‌سته‌ی به‌دی كردووه‌ كه‌ خوازیارن كابینه‌ی حكوومه‌ت له‌ واده‌ی خۆیدا ڕابگه‌یه‌ندرێت.
هه‌ر له‌ كۆنگره‌ ڕۆژنامه‌وانییه‌كه‌دا جه‌لال جه‌وهه‌ر ئه‌ندامی شاندی بزووتنه‌وه‌ی گۆڕان ڕایگه‌یاند، هه‌تا بۆمان بكرێت له‌ واده‌ی دیاریكراوی خۆیدا سیڤییه‌كان ده‌خه‌ینه‌ به‌رده‌ست.
١٦ی حوزه‌یران مه‌سرور بارزانی سه‌رۆك وه‌زیرانی ڕاسپێردراو بۆ پێكهێنانی كابینه‌ی نوێی حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان، هه‌نگاوه‌ كرده‌ییه‌كانی بۆ پێكهێنانی كابینه‌ی نۆیه‌می حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان به‌ كۆبوونه‌وه‌ی له‌گه‌ڵ مه‌كته‌بی سیاسی پارتی دیموكراتی كوردستان ده‌ست پێكرد، دوای كۆبوونه‌وه‌كه‌ ڕایگه‌یاند، پێویسته‌ لایه‌نه‌كان سی ڤی كاندیدانیان بۆ پۆسته‌كانی حكوومه‌ت ئاماده‌ بكه‌ن، بۆ ئه‌وه‌ی له‌ كه‌مترین ماوه‌دا پێكهاته‌ی كابینه‌ی نۆیه‌می حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان بخرێته‌ به‌رده‌م په‌رله‌مانی كوردستان.
١١ ی حوزه‌یران، ڕۆژێك دوای سوێندخواردنی سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان، په‌رله‌مانی كوردستان كۆبووه‌وه‌ و مه‌سرور بارزانی وه‌ك سه‌رۆك وه‌زیرانی كابینه‌ی نوێی حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان ناوزه‌د كرد، كه‌ له‌كۆی ٩٧ په‌رله‌مانتار، ٨٧ په‌رله‌مانتاریان متمانه‌یان پێدا، ڕۆژێك دواتر و له‌ ١٢ ی حوزه‌یرانی ٢٠١٩، له‌ ڕێوڕه‌سمێكدا به‌ ئاماده‌بوونی سه‌رۆكی په‌رله‌مان و سه‌رۆكی ئه‌نجوومه‌نی دادوه‌ریی هه‌رێمی كوردستان، نێچیرڤان بارزانی سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان مه‌سرور بارزانی بۆ پێكهێنانی كابینه‌ی نوێی حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان ڕاسپارد، به‌گوێره‌ی په‌یڕه‌وی ناوخۆی په‌رله‌مانی كوردستانیش، ٣٠ ڕۆژ له‌به‌رده‌م مه‌سروور بارزانیدایه‌، بۆئه‌وه‌ی كابینه‌ی نۆیه‌م پێك بهێنێت.

© 2017 Hawler