تشرینی یەکەم 18, 2019

هەرێمی کوردستان قەیرانەکانی تێپەڕاند و بەرەو پێشکەوتن هەنگاو دەنێت

هەرێمی کوردستان دوای تێپەراندنی کۆمەڵێک قەیرانی سیاسی و ئابووری هێشتا لە سەر پێی خۆی وەستاوە و خەریکە بەرەو پێشککەوتنی ئابووری و خۆشگوزەرانی هەنگاو دەنێت. گۆڤاری ئێکۆنۆمیست راپۆرتێکی تایبەتی سەبارەت بە دۆخی هەرێمی کوردستان بڵاو کردەوە و وێرای خستنەڕووی دۆخی ئێستای هەرێمی کوردستان باس لەوە دەکات کە هەرێمی کوردستان توانی بەسەر سەرجەم تەنگژەکاندا زاڵ بێت و پێشبینی ئەوەش دەکات ئاسۆیەکی روونی ئابووری چاوەڕوانی هەرێمی کورستان دەکات.

راپۆرتەکە بە مانشێتی "هەرێمی کوردستان دوو ساڵ دوای ریفراندۆم سەرکەوتووە" باسی کێشەکانی پێوەندیدار بە ریفراندۆم و ناکۆکییەکانی نێوان بەغدا و هەولێری کردووە و لە دەستپێکی راپۆرتەکەش تیشکی خستووەتە سەر چالاکی کۆمپانیا بیانییەکان و بە هێمای کرانەوەی ئابووری هەژمار کردووە.
ئەو ئامێرەی تایبەتە بە دۆزینەوەی گازی سروشتی لە ژێر زەوی ژمارەی سێ هەزار و 44 مەتر پیشان دەدات کە کەمێک لە سێ کیلۆمەتر زیاترە و کۆمپانیای نەوتی ئیماراتی چاوەڕوانە نیشانە سەرەتاییەکانی دۆزینەوەی گاز لە یەکێک لەو بیرانە دەربکەوێت کە خەریکە کاری لەسەر دەکات. لەو ناوچەیە کۆمەڵێک بیری تر لێ دراون کە بە هۆیانەوە دەتوانرێت پێداویستی سەرووی 80% لە کارەبای کوردستان دابین بکەن. بڕیارە ئاستی بەرهەمهێنانی گازی سروشتی لە کورستان بۆ دوو هێندە بەرز بکرێتەوە.
فەلاح مستەفا بەرپرسی فەرمانگەی پێوەندییەکانی دەرەوەی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بۆ سەرچاوەکە گوتوویەتی تا ساڵی داهاتوو هەرێمی کوردستان دەتوانێت پێداویستی گازی عێراقیش دابین بکات و تا ساڵی 2022 دەتوانێت گازی سروشتی بۆ ئەوروپاش هەناردە بکات.
ئەو جۆرە متمانە بەخۆبوونەی هەرێمی کوردستان دوای چەندین ساڵ نیشانەیە بۆ دووبارە گەڕانەوەی کورد بۆ سەر هێڵی پێشکەوتن. ساڵی 2017 کورد بە فیدراڵی رازی نەبوون و لە ریفراندۆمێکدا دەنگیان بەسەربەخۆیی دا بەڵام لەگەڵ دژکردەوەی حکوومەتی ناوەندی بەرەوڕوو بوو و سەرجەم رێگەبازرگانییەکان و تەنانەت رێگەی ئاسمانیش لەسەر هەرێمی کوردستان داخست. رێبەرانی وڵاتانی رۆژئاواش پشتی کوردیان بەردا.
سەرچاوەکە هەرێمی کوردستان بەو بیرە گازانە وێنا دەکات کە خەریکە بە خێرایی سەرهەڵدەدات و دەیەوێت لە شوێنێکی داخراو و بەرتەسک ئازاد بێت. لە 10ی حوزەیرانی ئەمساڵ رێبەرانی بەغدا لە رێورەسمی سوێندخواردنی سەرۆکی هەرێمی کوردستان بەشدار بوون و تورکیا و ئێرانیش بەشدارییان لە رێورەسمەکەدا کرد، هاوکات پارتەکانی ئۆپۆزسیۆن کە دەمێک بوو نێوانیان لەگەڵ حکوومەت باش نەبوو و لە 2017 خۆپێشاندان و نارەزایەتییان رێکخستبوو، ئێستاکە لە حکوومەتدا بەشدارن و سەرۆک وەزیرانی عێراقیش پیرۆزبایی لە سەرۆکی هەرێمی کورستان کرد.
بە بۆجوونی گۆڤارەکە گرنگترین فاکتەر کە هۆکار بوو کورد دووبارە هەستێتەوە پێوەندی بە هەڵبژاردنی عێراق هەیە کە توانیان بە باشی بێنە پێش و نوێنەرانیان رەوانەی بەغدا بکەن و دواجار یارمەتی عادل عەبدولمەهدییان دا تا ببێتە سەرۆک وەزیران و دواتر حکوومەتی عێراقیش دەستی بە ناردنەوەی بودجە بۆ هەرێمی کوردستان کردەوە.
ئابووری هەرێمی کوردستان لەم دواییانەدا بووژاوەتەوە و فەرمانبەرانیش کە چەند ساڵ بوو بە نیوەچڵی مووچەیان وەردەگرت مووچەکەیان بە تەواوی ئاسایی بووەتەوە. دیسان خواردنگە و بازاڕەکان قەرەباڵغ بوون و بەڵێندەران و کۆمپانیاکانیش دەستیان بە چالاکییەکان و ئاوەدانکردنەوە کردووەتەوە.
هەڕەشەکانی حکوومەتی ناوەندیی لەسەر هەرێمی کوردستان هیچ کاتێک جێگای خۆی نەگرتووە و کورد وەک جاران لەگەڵ تورکیا و ئێران و رۆژئاوای کوردستان درێژە بە پێوەندییە بازرگانییەکانی دەدات. هەرچەندە حکوومەتی عێراق دەستی بەسەر نەوتی کەرکووکدا گرت بەڵام ئێستا زۆربەی نەوتی کەرکووک هەر لە رێگای هێڵی نەوتی کوردستان هەناردە دەکرێت.
لە بەیشێکی تری راپۆرتەکەدا باس لەوە کراوە کورد لە کاتی هێرشەکانی داعش قارەمانانە بەرگری لە کەرکووک کرد و ئێستاش چاوەکان هەر لەسەر کوردە بۆ ئەوەی دووبارە ئاسایش بۆ ناوچە کوردستانییەکان بگەڕێنێتەوە.لە بەشێکی تری راپۆرتەکە باس لەوە کراوە کە کورد لە پێوەندییەکانی لەگەڵ وڵاتان سەرکەوتوو بووە و توانیویەتی دووبارە سەرنجی بازرگانانی ئێرانی و تورکیا بۆ لای خۆی رابکێشێت و بیانخاتە رەکابەرییەوە.

© 2017 Hawler