تەمموز 18, 2019

لە کۆبوونەوەیەکی نێوان وەزارەتی پێشمەرگە و وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکادا هەماهەنگی نێوان هەردوولا بەرز نرخێنرا

لە راگەیندراوێکدا کە وێنەیەکی بۆ رۆژنامەی "هەولێر" نێردراوە وەزارەتی پێشمەرگە رایگەیاند: " دوێنێ له‌ دیوانی وه‌زاره‌تی پێشمه‌رگه‌، بە بەشداری سه‌ربه‌ست له‌زگین بریكاری وه‌زاره‌تی پێشمه‌رگه‌ ژمارەیەک لە بەرپرسانی وەزارەتی پێشمەرگە، پێشوازی له‌ جه‌نه‌ڕاڵ گریكۆری لێپرسراوی ئۆفیسی هاوكاری ئه‌منی وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌ی ئەمه‌‌ریكا له‌ عێراق و ستیڤن فه‌یگن كونسولی ئه‌و وڵاته‌ له‌ هه‌ولێر و شاندێكی یاوه‌ری كرد.

لە سه‌ره‌تای کۆبوونەوەکەش، بریكاری وه‌زاره‌تی پێشمه‌رگه‌ خۆشحاڵی خۆی ده‌ربڕی به ‌سه‌ردانی وه‌فدی میوان بۆ هه‌رێمی كوردستان و وه‌زاره‌تی پێشمه‌رگه‌، دواتر باسی بارودۆخی ئه‌منی عێراق و هه‌رێمی كوردستان و ناوچه‌كه‌ی به‌گشتی كرد.
لە دیدارەکەدا سه‌ربه‌ست له‌زگین هه‌ماهه‌نگی و هاوكاری نێوان هه‌رێمی كوردستان و ئه‌مه‌ریكای به‌ پێویست زانی، ئه‌وه‌شی خسته‌ڕوو كه‌ په‌یوه‌ندییه‌كانی نێوان هه‌ردوولا مێژوویه‌كی دێرینی هه‌یه‌ و هیوای خواست به‌رده‌وام و پته‌وتریش ببێت.
دواتریش سه‌رۆكی وه‌فدی میوان سوپاسی به‌رپرسانی وه‌زاره‌تی پێشمه‌رگه‌ی كرد بۆ ئه‌و پێشوازیه ‌گه‌رمه‌ی لێانكراوه‌، له‌وته‌یه‌كیشیدا رۆڵی پێشمه‌رگه‌ی به‌رز نرخاند له‌ شه‌ڕی داعش و رایگه‌یاند، پێشمه‌رگه‌ له‌ناوچه‌كه‌ ناوبانگێكی گه‌وره‌ی هه‌یه‌، ئه‌وه‌شی بۆ به‌هێزیی سه‌ركردایه‌تی كوردستان گه‌ڕانده‌وه‌.
لە بەشێکی تری راگەیەندراوەکەدا هاتووە، شاندی میوان ئامانجی سه‌ردانه‌كه‌یان روونكرده‌وه‌ و هاوكاری و هه‌ماهه‌نگی ئه‌مریكا و هه‌رێمی كوردستانی به‌ گرنگ زانی بۆ سه‌ركه‌وتنی ئه‌ركه‌كانیان له‌ پێناو سه‌قامگیریی ئه‌منی له‌ عێراق و هه‌رێمی كوردستان.

© 2017 Hawler