ئەم پەڕەیە چاپ بکە

هیچ مەترسییەك لەسەر مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی كوردستان نییە

چەند پەرلەمانتارێكی شیعە، گلەیی ئەوەیان لە پەرلەمان كردووە كە چۆن وەزارەتی دارایی پارە بە هەرێمی كوردستان دەدات بەبێ ئەوەی هەولێر پابەندی رێككەوتنەكە بێت، لەو بارەشەوە سەرۆكی پەرلەمان بانگهێشتی وەزیری دارایی كردووە بۆ لیژنەی دارایی، بە گوتەی پەرلەمانتارانی كورد لە ئەنجوومەنی نوێنەران هیچ مەترسییەك لەسەر مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی كوردستان نییە.

دانوستاندن لە نێوان بەغدا و هەولێر بۆ چارەسەركردنی كێشەكان هەیە، بۆیە چاوەڕێدەكەن كێشەكان بە گفتوگۆ لەنێوان هەردوولا چارەسەربكرێن.
هیچ مەترسییەك لەسەر مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی كوردستان نیە، ئەوەی لە راپۆرتی لیژنەی داراییدا هاتووە تەنیا گلەییە لە حكوومەتی هەرێمی كوردستان و پرسیاری ئەوە كراوە كە بۆچی لە ناردنی 5 مووچە، تەنیا 3 مووچە بە فەرمانبەران دراوە. هەروەها ئاماژە بەوەشكراوە، ئەگەر هەولێر پابەندنەبێت ناچاردەبن وەكو پارێزگا مامەڵە لەگەڵ هەرێمی كوردستاندا بكەن و راستەوخۆ لە بەغداوە مووچەی فەرمانبەران بدرێت".
ئەحمەد سەفار، بڕیاردەری لیژنەی دارایی دەڵێت، خەڵكانێك سكاڵایان پێمان گەیاندووە كە هەرێمی كوردستان مووچەی تەواوی بە فەرمانبەران نەداوە بۆیە لە خاڵێكدا دەڵێن ئەو بودجەیەی دەنێردرێت راستەوخۆ بدرێت بە فەرمانبەران.
سەفار، دەشڵێ:" بۆ ئەمساڵ هیچ مەترسییەك لەسەر مووچەی فەرمانبەران نیە و بۆ ساڵی داهاتووش كە لە ئێستاوە دەست كراوە بە ئامادەكردنی پرۆژە یاسای بودجەی ساڵی 2020 دەبێت هەولێر و بەغدا پێكەوە دابنیشن و كێشەكان چارە بكەن، بە پەسەندكردنی یاسای نەوت و گاز ئۆتۆماتیكی كێشەكان چارە دەبن.
یاسای نەوت و گاز كە ساڵانێكە گرێی كوێرەی نێوان هەولێر و بەغدایە یەكێكە لەو پرسانەی كە لەنێو راسپاردەكەی لیژنەی داراییە و دەیانەوێت ئەمجارە لە پەرلەمانەوە چارەسەری كۆتایی بكەن، پەرلەمانتاران وای دەبینن بە دەركردنی ئەو یاسایە كێشەكان ئیدی كۆتایی دێت.
پێشتر فوئاد حوسێن، وەزیری دارایی و جێگری سەرۆك وەزیرانی عێراق بۆ كاروباری دارایی رایگەیاندبوو كۆمەڵێك بابەت هەن پێویستە باس بكرێن و گفتوگۆ لەسەر ئەو پرسانە بكرێن، كە ناكۆكییان لەسەرە، لەوانەش: پرسی ماددەی 140 لە دەستووری عێراق، سیاسەت و نەوت و پرسی بودجە و چەند پرسێكی دیكە پشت بەخوا ئەمانە هەموو چارەسەر دەبێت.
جێگری سەرۆك وەزیرانی عێراق بۆ كاروباری دارایی ئاشكراشی كرد،‌ هەر لەئێستاوە كارەكانیان بۆ بودجەی ساڵی داهاتوو دەستپێكردووە، ئاماژەی بەوەشدا،‌ بەشە بوودجەی كوردستان بۆ ساڵی داهاتوو وەك خۆی دەمێنێتەوە و، بۆ ئەو مەبەستەش چەند كۆبوونەوەیەك كراون، ئومێدی خۆشی بۆ چارەسەركردنی سەرجەم كێشەكان نیشاندا".