ئاب 23, 2019

سەرۆکی هەرێمی کوردستان مەسروور بارزانی بۆ پێکهێنانی حکومەت رادەسپێرێت


ئەندامێکی لیژنەی کاروباری یاسایی لە پەرلەمانی کوردستان دەڵێت، ئەمڕۆ سەرۆکی هەرێمی کوردستان بەربژێری سەرۆکی حکومەت بۆ پێکهێنانی کابینەی نوێی حکومەتی هەرێمی کوردستان رادەسپێرێت.


خەدیجە عومەر، ئەندامی لیژنەی یاسایی لە پەرلەمانی کوردستان، بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "هەموو رێوشوێنە یاساییەکان تەواوبوون و هیچ بەربەستێک نەماوە. سەرۆکی پەرلەمانیش گوتی بە زووترین کات ناوزەندکردنی سەرۆکوەزیران بۆ سەرۆکی هەرێمی کوردستان دەنێرم. بۆیە رۆژی چوارشەممە 12-6-2019 نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان، مەسروور بارزانی بۆ پێكهێنانی کابینەی نۆیەمی حکومەتی هەرێمی کوردستان رادەسپێرێت".

بەگوێرەی یاسا کاندیدی سەرۆکی حکومەت دوای راسپاردنی لەلایەن سەرۆکی هەرێمەوە ماوەی 30 رۆژی لەبەردەستدایە بۆ پێكهێنانی کابینەی وزاری.

ئەو ئەندامەی فراکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتی: "تاوەکو ئێستا کۆبوونەوەکان لەگەڵ لایەنەکاندا کراون و پۆستە وزارییەکانیش لەنێوان لایەنە بەشدارەکانی حکومەت دابەشکراون. بۆیە چاوەڕوان دەکرێت دوای راسپاردنی کاک مەسروور بارزانی پێش وادەی دیاریکرا و کەمتر لە 30 رۆژ کابینەکەی حکومەت پێکبهێنرێت".

پارتی دیموکراتی کوردستان لە خولی پێنجەمی هەڵبژاردنی 30-9-2018ی پەرلەمانی کوردستاندا، 45 کورسی پەرلەمانی بەدەستهێنا. وەکو براوەی یەکەمی هەڵبژاردنەکە مەسروور بارزانی بۆ پێكهێنانی حکومەت دەستنیشان کردووە. 

رۆژێک دوای سوێندخواردنی سەرۆکی هەرێمی کوردستان، له‌كۆى 97 ئه‌ندامی ئاماده‌بووی پەرلەمانی کوردستان مه‌سروور بارزانی به‌ 87 ده‌نگ بۆ سه‌رۆكوەزیرانی كوردستان ناوزەندکرا. 

© 2017 Hawler