حوزەیران 17, 2019

یوئێن: زۆر خۆشحاڵین نێچیرڤان بارزانی بووەتە سەرۆکی هەرێمی کوردستان

جێگری گوتەبێژی سکرتێری گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان پیرۆزبایی لە نیچیرڤان بارزانی دەکات بەهۆی بوونی بە سەرۆکی هەرێمی کوردستان. هەروەها لەبارەی کێشەکانی کەرکووک و ناوچە کێشە لەسەرەکان داوا دەکات، لایەنەکان خۆیان بە دوور بگرن لە رەفتاری تاکلایەنانە.

فەرهان هەق، جێگری گوتەبێژی سکرتێری گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان بە تۆڕی میدیایی رووداوی رایگەیاند: "ئێمە زۆر خۆشحاڵین کە بەرێز نێچیرڤان بارزانی ئێستا بووەتە سەرۆکی هەرێمی کوردستان. وەکو دەزانیت نەتەوەیەکگرتووەکان لە رێگای بەرنامەی نەتەوە یەکگرتووەکان لە عێراق (یۆنامی) لە نزیکەوە وەک چۆن کار لەگەڵ حکومەتی فیدراڵی عێراق دەکات بەو شێوەیەش کار لەگەڵ حکومەتی هەرێمی کوردستان دەکات".

بەگوتەی فەرهان حەق، هەروەها "جەنین هەنیس، نوێنەری یۆنامی لە عێراق خۆشحاڵی خۆی دەربڕیوە بۆ هەڵبژاردنی بەرێز بارزانی و رایگەیاند کە کاری لەگەڵ دەکات و بەدڵنیاییەوە هەموو سیستەمی نەتەوە یەکگرتووەکانیش کاری لەگەڵ دەکەن". 

دەربارەی ئەو راپۆرتانەی کە باس لە هەوڵی بە عەرەبکردن و گۆڕینی دیموگرافیای کەرکووک و ناوچە دابڕاوەکان دەکەن فەرهان حەق گوتی: "وەکو دەزانیت بەرنامەی نەتەوە یەکگرتووەکان لە عێراق یارمەتی لایەنەکان دەدات لەوانەش حکومەتی هەرێمی کوردستان و هەروەها حکومەتی فیدراڵی عێراقی بۆ کارکردن لەسەر ئەو بابەتانەی کە پەیوەندیدارن بە سنوورەکان لە کوردستان. ئێمە متمانەمان بەوە هەیە کە بەرنامەی یوئێن لە عێراق و بەرێز جەنین هەنیس بەردەوام دەبێت لەو هەوڵانە. لەم کاتەدا ئێمە هەوڵدەدەین کە دڵنیابین لایەنەکان پێکەوە بە نیەتی باش کاربکەن و خۆیان بە دوور بگرن لە رەفتاری تاکلایەنانە. گرنگە کە پێکەوە کاربکەن و سوود لە رۆڵی بەرنامەی نەتەوە یەکگرتووەکان لە عێراق وەرگرن".

© 2017 Hawler