حوزەیران 17, 2019

چاودێران و مامۆستایانی زانكۆ: دەستبەكاربوونی نێچیرڤان بارزانی بە هەنگاوێكی گەورە دەبینن بۆ داهاتووی هەرێمی كوردستان

چاودێران و مامۆستایانی زانكۆ كاراكردنەوەی سەرۆكایەتیی هەرێم و دەستبەكاربوونی نێچیرڤان بارزانی بە هەنگاوێكی گەورە دەبینن بۆ داهاتووی هەرێمی كوردستان. پێشیانوایە ئەگەر كەسێك هەبێت و بتوانێت پێگەی هەرێم بپارێزێت و بەهێز بكات نێچیرڤان بارزانی باشترین كەسە بۆ ئەو قۆناغە، چونكە توانی نێو ماڵی كورد رێكبخاتەوە و ئۆمێدێكی گەورەش بە خەڵكی كوردستان ببەخشێت.

كاروان ساڵح، چاودێری سیاسی بۆ " هەولێر" دەڵێت:" دوای 16ی ئۆكتۆبەر و ئەو گرژیانەی كە لەگەڵ عێراق هاتنە پێشەوە گۆڕانكاری بەسەر بارودۆخی هەرێمی كوردستاندا هات، تاكە ئۆمێد و تاكە كەس كە توانی ئەو دۆخە تێپەڕێنێت و ئۆمێد بۆ خەڵكی كوردستان دروست بكاتەوە نێچیرڤان بارزانی بوو، لە مەڕاسیمی سوێندخواردنی دەركەوت كە وڵاتانی دنیا، وڵاتانی دەوروبەر، پێكهاتەكانی عێراق، هەروەها هەموو لایەنە سیاسییەكانی كوردستان ئەوانەی كە لە هەندێك شت ناكۆك ببوون لەگەڵ پارتی، گەیشتنە ئەو بڕوایە كە ئیرادەیەك هەیە لەلای نێچیرڤان بارزانی دەبێتە هۆكاری كۆكردنەوە و رێكخستنەوەی نێو ماڵی كورد و ئۆمێدێكی زۆر گەورەش دەبەخشێت بە خەڵكی كوردستان، دەبێت هەموو لایەنەكانیش پشتیوانی لە نێچیرڤان بارزانی بكەن لەو پۆستە نوێیە، خەڵكیش بە ئۆمێدی ئەوەیە كە ئەو ئۆمێدە بە زووترین كات بۆی دەستەبەر ببێت، بۆیە دەستبەكاربوونی وەكو سەرۆكی هەرێم، دیارە ئەوە ئاسۆیەكی روون دەبەخشێت بە خەڵكی كوردستان، درێژە پێدەری هەموو ئەو هەڵوێستە نیشتمانپەروەر و جوامێرانەیە كە سەرۆك بارزانی پێش ئەو بەرجەستەی كردبوون، ئەو تەواوكەری ئەو پرۆسەیە دەبێت، پەیامێكیش دەبێت بۆ هەموو لایەنە سیاسییەكان كە ئێدی لەمەودوا بەرژەوەندی گەل و نیشتمان، بەرژەوەندییە باڵاكانی ئەو میللەتە لەسەرووی هەموو بەرژەوەندییەكانی دیكە دەبێت، ئۆمێدێكی گەورە لە نێچیرڤان بارزانی دەبینین كە بەشێكی زۆر لەو تەنگەژە و گرێگۆڵانە دەكاتەوە و چارەسەری گونجاو بۆیان دەدۆزێتەوە، بەتایبەت نەهێشتنی پاشماوەی دوو ئیدارەیی، ئەو پەرش و بڵاوییەی كە لێرەو لەوێ هەیە، بۆیە هەڵبژاردنی نێچیرڤان بارزانی وەكو سەرۆكی هەرێم پەیامێكە و ئاسۆیەكی روونە، كە لایەنەكانیش بە هەڵبژاردنی وەكو سەرۆكی هەرێم دڵخۆشن و دەبێت پشتگیری لێ بكەن و دەست لە كۆمەڵێك شت هەڵبگرن، چونكە لە كاتە سەختەكاندا نێچیرڤان بارزانی برایەتی و تەبایی هەڵبژارد و سەردانی هەموو لایەنەكانی كرد، هەتا ئەوانەی یەك كورسیان نیە لە پەرلەمان، ئەوەش هەموو لە پێناو ئەوەی كە لایەنە كوردستانییەكان یەكگرتوو و تەبا بن و گوتارێكی یەكگرتوویان هەبێت.
لەلایەكی دیكەوە د. عەبدولحەكیم خەسرۆ، مامۆستا لە زانستە سیاسییەكانی زانكۆی سەلاحەددین بۆ "هەولێر" روونیكردەوە:" سەرۆكی هەرێم سەرۆكی باڵای دەسەڵاتی جێبەجێ كردنە لە هەرێمی كوردستان، لە داڕشتنی سیاسەت و ستراتیژیەت، بەتایبەت لە ستراتیژیەتی ئەمنی و سەربازی بۆ بەرگری كردن لە هەرێمی كوردستان لە هەمان كاتیشدا ستراتیژیەتی بەهێزكردنی هەرێمی كوردستان، پەیوەندی هەرێم لەگەڵ ناوەندەكان بۆیە ئەوە دەبێتە بەشێك لە ستراتیژیەتی ئێمە كە دەتوانین كار لەسەر بكەین، سەرۆكی هەرێم دەتوانێت لە ئێستا و داهاتوودا كار لەسەر بكات و هەرێمی كوردستان بەرەو قۆناغێكی دیكە ببات، ئەو دەستكەوتانەی لەسەر دەستی سەرۆك بارزانی بە دەست هاتوونە سەرۆكی هەرێم لەسەر ئەو رێبازە بەردەوام دەبێت وەكو خۆشی لە وتارەكەی دا باسی كرد، لە هەمان كاتیشدا دەتوانێت پارێزگاری لەو دەستكەوتانە بكات و رووبەرووی تەحەدیاتی نوێ ببێتەوە كە رووبەرووی هەرێمی كوردستان دەبنەوە، وەكو بینیمان هەموو سەركردەكان وتاریان هەبوو باسیان لەوە كرد كە گەورەترین مەترسی لەسەر هەرێم و عێراق هەر تیرۆرە، دیارە لە هەمان كاتیشدا ئۆمێدێكی زۆر هەیە بە حكوومەتی هەرێم بە سەرۆكایەتی سەرۆكی هەرێم، بە دەسەڵاتەكانی حكوومەتی هەرێم لەگەڵ حكوومەتی ئیتحادی بگەنە رێگە چارەیەك بۆ ئەو كێشانەی كە لە نێوان هەولێر و بەغدا هەنە".

© 2017 Hawler