حوزەیران 17, 2019

دامەزراوەی ئاشتی ئەمەریکی لەسەر دۆخی عێراقی دوای داعش هۆشداری دەدات

پێنج ساڵ بەسەر سەرهەڵدانی رێکخراوی تیرۆریستیی داعش و داگیرکردنی مووسڵ تێپەڕی و زیاتر لە ساڵ و نیوێکیشە کۆتایی بە دەسەڵاتی داعش لە عێراق هێنراوە بەڵام هێشتا ئەگەرەکانی سەرهەڵدانی دووبارەی داعش بەهێزن. دامەزاوەیەکی ئەمەریکی کە لەم دواییانەدا لێکۆڵینەوەیەکی وردی لەسەر دۆخی دوای داعش لە عێراق و هەرێمی کورستان کردووە لەبارەی دەرهاویشتەکانی ئەم دۆخە هۆشداری دەدات.

دامەزراوەکە لەم دواییانەدا شاندێکی رەوانەی عێراق و هەرێمی کوردستان کردبوو ووێڕای خستنەڕووی هەندێک ئاماژەی ئەرێنی هۆشداریشی داوە.شاندەکە دوای گەڕانەوەیانبۆ ئەمەریکا راپۆرتێکیان ئامادە کردووە و راپۆرتەکەیان بڵاو کردووەتەوە.
لە راپۆرتەکە ئاماژە بە کۆمەڵێک خاڵی ئەرێنی و نەرێنی کراوە و بەگشتی لایەنە باش و خراپەکانی خستووەتەڕوو. یەکێک لەو خاڵە ئەرێنییانەی دامەزراوەکە باسی کردووە بەڕێوەچوونی هەڵبژاردن بووە لە عێڕاق و هەرێمی کوردستان و هەڵبژاردنەکەش بووەتە هۆی نزیکبوونەوەی سەرجەم لایەنەکان لە یەکتر و ئومێدی خواستووە بە زووترین کات حکوومەتی هەرێمی کوردستان دابمەزرێت و هاوکات پێکهاتەی حکوومەتەکەی عادل عەبدولمەهدیش تەواو بکرێت.
شاندەکە لە لێکۆڵینەوەی مەیدانیی خۆیاندا ئەو ناوچانەیان بەسەر کردووەتەوە کە پێشتر لە ژێر کۆنترۆڵی داعشدابوون و هەر بۆیەش هەستیان بە کۆمەڵێک ئاماژەی مەترسیدار کردووە و لە داهاتووی ئەو ناوچانە هۆشدارییان داوە.
باس لەوە کراوە ئەو ناوچانەی پێشتر لە لایەن حکوومەتی هەرێمی کوردستان و بەغدا بە هاوبەشی بەڕێوە دەبران ئێستە تووشی دۆخێکی نالەبار بوون و ململانێکان لەو ناوچانە زیادیان کردووە و ئەو دۆخە نالەبارەش رێگەی خۆش کردووە بۆ ئەوەی دووبارە داعش لەو ناوچانە دەست بە جموجۆڵە سەربازییەکانی خۆی بکاتەوە و ئەگەری هەیە دووبارە داعش خۆی زیندوو بکاتەوە.
پێویستە بگوترێت بەرلە سەرهەڵدانی داعش ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێم بە هاوبەیشی لە نێوان پێشمەرگە و سوپای عێراق بەڕێوە دەبران. کاتێک داعش لە ساڵی 2014 سەری هەڵدا سوپای عێراق شکستی خوارد و گۆڕەپانەکەی بە جێهێشت بەڵام پێشمەرگە مایەوە و بەرانبەر بە هێرشەکانی داعش بەرگری قارەمانانەی کرد. هەرچەندە هەندێک ناوچە کەوتنە داعش بەڵام پێشمەرگە بەشی زۆری ناوچە کوردستانییەکانی پاراست و لە رزگارکردنی بەشەکانی تر و گەڕاندنەوەی ئاسایش و ئارامی بۆیان رۆڵی سەرەکی هەبوو.
لەدوای رووداوەکانی 16ی ئۆکتۆبەر کە پێشمەرگە لەو ناوچانە کشایەوە، حەشدی شەعبی دەستی بەسەر ناوچەکەداگرت بەڵام هەرگیز نەیتوانی ئارامی و ئاسایشیان بۆ بگەڕێنێتەوە. لە سایەی میلیشیاکانی حەشدی شەعبی نەبوونی پێشمەرگە لەو ناوچانە، داعش دووبارە دەستی بە جموجۆڵ کردووەتەوە و هەر رۆژە و مەترسییەکی نوێ بۆ سەر دانیشتووانەکەی دروست دەکات، رۆژێک کوشتن و رۆژێک تەقینەوە، رۆژێکی تر ئاگرتێبەردانی دەغڵی خەڵک و رۆژێکی تر رفاندن و ترساندن.
دامەرزراوەکە لە بەشێکی راپۆرتەکە بە توندی رەخنەی لەوە گرتووە کە خزمەتگوزاری و پێداویستییەکانی ژیان بۆ دانیشتووانی ئەو ناوچانەی رزگار کراون دابین نەکراوە و هەرچەندە حکوومەتی عادل عەبدولمەهدی پلانی ئەوەی داڕشتووە دژایەتی گەندەڵیی بکات بەڵام تا کاریگەرییەکانی ئەم سیاسەتە دەردەکەوێت ئەوا ماوەیەکی زۆر دەخایەنێت.
نەبوونی پلان بۆ گەڕاندنەوەی بنەماڵەکانی داعش بۆ نێو کۆمەڵگە بە یەکێکی تر لە گرنگترین کێشەکانی دۆخی دوای داعش لە عێراق هەژمار کردووە و نووسیویەتی ئەو خەڵکە لە کەمپەکان راگیراون و ئەو تەنگژە کۆمەڵایەتییەش لەوانەیە دەرهاویشتەی خراپ بەدوای خۆیدا بهێنێت ئەگەر بە پەلە چارەسەرییەکی ریشەیی بۆ نەدۆزرێتەوە.
دامەزراوەکە داوای لە حکوومەتی عێراق کردووە بۆ چارەسەرکردنی ئەم کێشانە هەنگاوی گونجاو هەڵێنێت هەرچەندە لەوە نائومێدە کە هیچ پلانێکی تۆکمە بۆ ئەو مەبەستە نییە و پێشی وایە تەنیا پاڵپشتی ئەمەریکا و وڵاتان ناتوانێت کێشەکانی عێراق چارەسەر بکات و ئەگەر دۆخەکە هەر وا بەردەوام بێت ئەوا مەترسیدارە و لەوانەیە دووبارە داعش سەرهەڵبداتەوە.

 

© 2017 Hawler