ئاب 19, 2019

بەڕێوەبەرایەتی حەج و عومرە روونكردنەوە لە بارەی كێشەی عومرەكارانی كورد بڵاودەكاتەوە

بەڕێوەبەرایەتی گشتی حەج و عومرە روونكردنەوەیەك لە بارەی كێشەی بەشێك لە عومرەكارانی هەرێم لە سعوودیە بڵاودەكاتەوە و ئاشكرای دەكات، هۆكاری درەنگ كەوتنیان تێكچوونی فڕۆكەیەكی هێلی ئاسمانی عێراقی بووە.

بە گوێرەی روونكردنەوەكەی بەڕێوەبەرایەتییەكە، لە مانگی رەمەزان، زیاتر لە 6 هەزار عومرەكار لە هەرێمی كوردستانەوە بەرەو سعوودیە و بە مەبەستی عەمرەكردن گەشتیان كردووە و لەوێش بەهۆی ئەوەی فڕۆكەیەكی جۆری جامپۆی هێلی ئاسمانی عێراق تێكچووە، خشتەی گەشتەكانیش لەگەڵی گۆڕانكاری تێكەوتووە.
ئاماژە بەوەشكراوە، بە هەوڵی وەزارەتی ئەوقاف و كاروباری ئایینی و بەڕێوەبەرایەتی حەج و عومرە، كێشەكە چارەسەر كراوە لە ماوەی 3 بۆ 4 رۆژی داهاتوو، هەموو عومرەكارانی هەرێم دەگەڕێنەوە فرۆكەخانەكانی هەولێرو سلێمانی.
لە بارەی بوونی كەمتەرخەمی كۆمپانیاكانیش بەرامبەر بە عومرەكاران و پێشكەش نەكردنی خزمەتگوزارییەكان، رایدەگەیەنێت، هەر عومرەكارێك سكاڵای لەسەر هەر كۆمپانیەك هەیە كە بەڵێنەكانی بەرامبەر جێبەجێنەكردوون، دەتوانێت سكاڵا تۆمار بكات.
دووپاتیش دەكاتەوە، بەرێوەبەرایەتی گشتی حەج و عومرە لێژنەیەكی تایبەتی لێكۆڵینەوەی پێكهێناوە بۆ ئەوەی رێكاری توند و پێویست بەرامبەر كەمتەرخەمی هەركۆمپانیایەك دەگرێتەبەر.
هاوكات روونیشیدەكاتەوە، بەڕێوەبەرایەتییەكەیان پەیوەندی بەدەستەی باڵای حەجی عێراق دەكات بۆ ئەوەی رێكاری پێویست بەرامبەر هێڵی ئاسمانی بگیرێتەبەر لەحاڵەتی بوونی هەرگرفتێكی تەكنیكی یاهەر هۆیەك ببێتە هۆكاری دواكەوتن لەخشتەی ڕۆیشت و گەرانەوەی عومرەكارانی هەرێمی كوردستان".

© 2017 Hawler