ئاب 22, 2019

رۆڵی سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان لە چوارساڵی داهاتوودا

لەبارەی پەیوەندییەکانی سەرۆکی نوێی هەرێمی کوردستان لە چوارساڵی داهاتوو بە ئامادەبوونی میوانەکان لەسەر ئاستی هەرێمی، عێراقی و ناوخۆی کوردستان ناوەندی لێکۆڵینەوەی رووداو پانێلێکی رێکخست. لە پانێلەکەدا بەشداربووان باسیان لە رۆڵی نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی نوێی هەرێمی کوردستان کرد کە لە چەند رۆژی داهاتوو لە پەرلەمانی کوردستان دەنگی لەسەر دەدرێت و هەروەها گفتوگۆیانکرد لەبارەی ئەرک و بەرپرسیارییەتییەکانی لەو پۆستەدا.

پاول لێندری، سەرۆکی ئەنیستیۆتی رۆشنبیری فەرەنسا رایگەیاند: "تەحەدای هەرە گەورە کە دێتە بەردەم سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان لە ساڵانی داهاتوودا، پێشخستن و پاراستنی یەکێتی کوردستانە، لە هەمانکاتدا رێزگرتنە لە هەموو پێکهاتەکان و بەشدارییە لە دووبارە بونیاتنانەوەی یەکێتی عێراق".
سەرۆکی ئەنیستیۆتی رۆشنبیری فەرەنسا گوتی: "سەرەڕای ئەوەی زۆرینەی خەڵکی کوردستان کوردن، بەڵام سەختیی میژوو و ئەو ئێش و ئازارەی کورد بینیویەتی، وایکردووە لە دەستپێکی دامەزراندنی ئەو ئۆتۆنۆمیە راستەقینەیە خۆی وا پیشان بدات خەمخۆری پاراستنی ئەو کەمینەیەن کە لە کوردستاندا هەن".
هەروەها گوتی: "سەرۆکی هەرێمی کوردستان دەرفەتەکانی لێکنزیککردنەوەو چارەسەری کێشە زۆر و زەوەندەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و بەغدای لەبەردەمدایە بۆ باشکردنی پەیوەندییەکانی نێوان هەردوولا".
نەدیم جابری، سیاسەتمەدار و سەرۆکی پێشووی حیزی فەزیڵە، کە یەکێک بوو لە بەشداربووانی پانێلەکە گوتی: "یەکێک لە گرنگترین گرێبەستەکانی سەرکەوتن بۆ حکومەت یان سەرۆکایەتی داهاتووی هەرێمی کوردستان، بریتییە لە چارەسەرکردنی پەیوەندییەکان لە نێوان ناوەند و هەرێم، مانەوەی ئەو کێشانە بوونەتە رێگر لەبەردەم چارەسەر، ئەگەر تێبینی بکەین دەبینین هەردوولایەنە ناکۆکەکە لە سرووشتی کێشەکە تێدەگەن، کەواتە بۆچی ئەو دوولایەنە ناگەنە چارەسەرێکی کۆتایی؟ بۆچی پەیوەندییەکانی نێوان ناوەند و هەرێم، هەندێکجار سڕ ببێت یان دابەزێت، هەندێکجاریش سەربکێشێت بۆ ناکۆکی چەکداری؟ لەڕاستیدا نەگەیشتوونەتە ناوەڕۆکێکی روون کە تێیدا چۆنیەتی مامەڵەی هەردوولا دیاری بکات، بەڵکو دەتوانم بڵێم ئەو پەیوەندییە تاوەکو ئێستاش بە شاراوەیی ماوەتەوە، واتا دیار نییە بەغدا چی لە کوردستان دەوێت، دیاریش نییە کوردستان چی لە بەغدا دەوێت، تەنانەت لێدوانەکان و دانوستاندنەکان هەندێکجار شاراوەیە و مانای دیکە دەدات".
نەدیم جابری گوتی: "لەڕاستیدا ناوەند نەک هەر لە جیابوونەوەی دەوڵەتی کوردی دەترسا، بەڵکو لە ئەزموونی فیدراڵی کوردی دەترسا، ئەگەر بهاتبا ئەو ئەزموونە بە دەستوەردانی نێودەوڵەتی نەڕۆیشتبا، بەتایبەت لەکاتی رووخانی رژێم ئەو ئەزموونە لە رابردوودا نەدەبوو".
سیاسەتمەدار و سەرۆکی پێشووی حیزی فەزیڵە دەڵێت: "ترسی ناوەند لە ئەزموونی فیدراڵی کوردی، لە خودی ئەزموونەکە نەبوو بەڵکو ترسیان لەوە هەبوو ئەو ئەزموونە پەل بهاوێت بۆ پارێزگاکانی دیکەش، ئێستا پارێزگاکانی دیکە کاریگەری ئەو ئەزموونەی هەرێمی کوردستانیان بەسەرەوەیە، چونکە باشترە لە ئەزموونی پارێزگاکان بە دیاریکراویش ئەو ئاراستەیە ئێستا لە بەسرە سەریهەڵداوە، ئێستا رێککارەکان دەگیرێنەبەر بۆ دروستکردنی هەرێمێک".
نەدیم جابری لەبارەی کێشەکانی نێوان هەولێر و بەغدا گوتی: "بە بڕوای من کێشەی سەرەکی نێوان هەرێم و ناوەند، گەشەی پرۆژەی نەتەوەیی کوردییە بەرەو سەربەخۆیی، ئەو گەشەیەش تەنها لە چینە سیاسییە کوردییەکە وردنەبووەتەوە، بەڵکو بۆ شەقامیش شۆڕ بووەتەوە، ئێمە لە گشتپرسییەکە بینیمان کە زۆرینەی خەڵک پاڵپشتییان لە دامەزراندنی دەوڵەت کرد، ئەمە کێشە سەرەکییەکەیە، واپێویست دەکات پەیامی دڵنیاکەرەوە بۆ بەغدا بنێردرێت کە ئەو بژاردەیە گونجاو نابێت، دەزانن ئەمە بژاردەیەکی سەختە. بارودۆخی نێودەوڵەتی و ژینگەی نێودەوڵەتی و هەرێمی قبووڵی لەدایکبوونی ئەو پرۆژەیە ناکەن، ئێوە دەزانن کوردستان هەرێمێکە لەسەر دەریا نییە، بۆیە دەکرێت بخنکێندرێت هەروەک چۆن لەکاتی ئەزموونی گشتپرسی شکستی پێهێندرا، لەوکاتەی هەموو دەوڵەتەکان شکستیان بە ئەنجامی گشتپرسییەکە هێنا".
نەدیم جابری سەبارەی بە هەڵوێستی ئەمریکا لەبارەی کوردەوە گوتی: "زۆر کەس دەپرسن ئەمریکا هاوهەڵوێست بووە لەگەڵ هەرێم، بۆچی لە دژی وەستایەوە، بە بڕوای من هەڵوێستی ئەمریکا لە هەڵوێستی وڵاتانی دیکە جیایە، هەڵوێستی ئەمریکا بەرەو ئەوەیە دەوڵەتێکی کوردی دابمەزرێت، بەڵام دوو پرسی لە سەرکردایەتی کورد دەوێت، ئەویش ئەوەیە کاتی راگەیاندنی دەوڵەتەکەو سنوورەکەی بە دەستی ئەوان بێت، ئەمریکییەکان لە ساڵی 2003 رەسمی سنووری ئەو دەوڵەتەیان کرد، ئەگەر ئەمریکا ویستبای کەرکووکیش ببێتە بەشێک لەو دەوڵەتە ئەو لە 2003 و 2004 دەیکرد و کەسیش ناڕازی نەبوو، بەڵام بە بڕوای من پرۆژەی ئەمریکی بەو ئاراستەیە دەڕوات. گشتپرسی لەدوای ئەو دوو خاڵە ناکۆکە ئەنجامدرا، بۆیە ئەمریکا لەگەڵ وڵاتانی هەرێمی کاریان بۆ لەباربردنی ئەو گشتپرسییە کرد".
یەکێکی تر لە بەشداربووانی پانێلەکە محەممەد ئەمین پینجوێنی، کەسایەتی سیاسی ناسراوی کوردستان بوو، لە وەڵامی ئەو دەرفەتانەی لە پێش نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان دەبن بۆ ئەوەی هاوکاربێت لە چارەسەرکردنی کێشەی کورد لە پارچەکانی کوردستان و ئەو سەختیانەی رووبەڕووی دەبنەوە گوتی: "هیوام وایە سەرۆکی هەرێم پێش هەموو شتێک لەباتی حیزبایەتی، کوردایەتی بکات و واز لە کاروباری پارتی دیموکراتی کوردستان بهێنێت و هەمووی تەرخان بکات بۆ کاروباری کوردایەتی، یەکەم لە باشوورەوە دەست پێبکات، لە خانەقین، هەڵەبجە، پێنجوێن، تاوەکو دەگاتە ئاکرێ، دیوانی سەرۆکایەتی دیوانێکی کراوەبێت بۆ هەموو کوردێک، لەمسەری باشوور بۆ ئەمسەری باشوور، دەستەی سەرۆکایەتی بەدەم هەموو کێشە و گرفتەکانی خەڵکی باشووری کوردستانەوە بچن، پرۆگرام و کاریان ئەوەبێت چۆن چارەسەری کێشەی سیاسی و بژێوی و کۆمەڵایەتی باشووری کوردستان بکەن، من ئەوە لە جەنابی کاک نێچیرڤان بارزانی پێشبینی دەکەم، چونکە ماوەیەکی زۆرە لەگەڵ جەنابیان پەیوەندیم هەبووە بۆ مەسەلەی باکووری کوردستان و پرۆسەی ئاشتی.
محەممەد ئەمین پێنجوێنی هەروەها گوتی: "ئەو پرۆسە سیاسییەی لە باشووری کوردستان هەیە، بووە بە قیبلەیەک بۆ هەموو پارچەکانی دیکەی کوردستان، بووە بە داڵدەیەک بۆ هەموو لێقەوماوان و سیاسەتمەدار و کەسایەتی رۆشنبیری پارچەکانی دیکەی کوردستان، زۆربەیان لەژێر سایەی ئەو پرۆسە سیاسییەی باشوور بە هەموو ئەو کەموکوڕیانەی کە میدیا و حیزبەکان رۆژانە باسی دەکەن، ئێرە بووەتە مەشخەڵێک بۆ رووناککردنەوەو رۆشنکردنی پارچەکانی دیکەی کوردستان، هەموو هێز و پارچە و کەسایەتی و خەڵکی پارچەکانی دیکەی کوردستان سوودمەند و قازانجیان کردووە لەو پرۆسەیەی لە باشووری کوردستان هەیە".
ئەو کەسایەتییە سیاسییەی کوردستان بەپێویستی دەزانێت "هەموو هێزە سیاسییەکان، هەموو کەسایەتییەکانی کورد، هەموو ئەقڵی سیاسی لە هەر پارچەیەکی کوردستان هەوڵی پاراستن و پێشخستنی ئەو پرۆسەیە بدەن کە هەیە، ئەمە دەستکەوتی سەتان ساڵی نەتەوەی کوردە".
لەبارەی پرۆسەی ئاشتی لە تورکیا و رۆڵی نێچیرڤان بارزانی لەوبارەوە، محەممەد ئەمین پێنجوێنی گوتی: "بەنیسبەت پرۆسەی ئاشتی باکووری کوردستان کاک نێچیرڤان رۆڵێکی سەرەکی هەبوو لە کردنەوەی هەندێ گرێکوێرە کە لەنێوان شۆڕشی باکوور و حکومەتی تورکیا هەبوو، لە ئەنجامدا بە جوهدی هەموو لایەک ئەو پرۆسەیە هاتە پێش، مەسەلەی کوردی نەک هەر لە باکوور، بەڵکو لەسەر شانۆی جیهانی چەند هەنگاوێکی گەورەی پێشخست، ئەو پرۆسە سیاسییەی کە لە ماوەی چەند ساڵێکی کەمدا لە باکووری کوردستان هاتە وجود، بەقەدەر خەباتی چەندەها ساڵەی شۆڕشی خەڵکی کوردستان مەسەلەی کوردی هێنایە سەر شانۆی جیهانی، ئەوەبوو بینیمان لە یەک هەڵبژاردندا 80 ئەندام پەرلەمانتاری کورد چوونە پەرلەمانی تورکیا، 80 ئەندام لە پەرلەمانی تورکیا، کە تورکیایەک لە ناوچەکە بە هەرە زلهێزی ناوچەکە دەناسرێت کەم نییە بۆ پرسی کورد و دۆزی کورد، هەتا ئەوەبوو میدیاکانی جیهانی، ئەمریکا، فەرەنسا و بەریتانیا لە میدیاکانەوە سیاسەتمەدارەکانیان باسیان لەوە دەکرد کە ئیتر کێشەی کورد لە تورکیا کە گەورەترین پارچەی کوردستان و گەورەترین بەشی خەڵکی کوردستان لەوێ دەژین، بەرەو چارەسەری دەڕوات بوو بە ئومێدێک".
محەممەد ئەمین پێنجوێنی لەبارەی رۆژئاوای کوردستانەوە لە درێژەی قسەکانیدا گوتی: "هێزی سووریای دیموکراتی لە رۆژئاوای کوردستان هەموو کاتێک ئامادەبوون کە لەگەڵ حکومەتی ناوەند دیالۆگ بکەن و، لە چوارچێوەی سووریا فیدراڵییەک، ئۆتۆنۆمییەک، ستاتۆیەکی سیاسی بۆ کورد بەدیبێت، بەڵام وەکو باسیشکرا دەوڵەتانی ئیقلیمی و هەندێک لە دەوڵەتە زلهێزەکان، هەندێکجار دێنە سەر خەت و لە ئاستێکدا پرسی کورد دەوەستینن، لە باشووری کوردستانیش بە چاوی خۆمان بینیمان.

© 2017 Hawler