حوزەیران 17, 2019

شه‌و و ڕۆژ كار له‌ شه‌قامی ١٥٠ مه‌تری هه‌ولێردا ده‌كرێت

هێشتا كه‌ شه‌قامی خێرایی ١٢٠ مه‌تری به‌ته‌واوه‌تی نه‌كراوه‌ته‌وه‌،ده‌ست به‌ ڕۆنانی شه‌قامی خێرایی ١٥٠ مه‌تری هه‌ولێر كراوه‌ و شه‌وڕۆژ كاری تێدا ده‌كرێت، شه‌قامی١٥٠ مه‌وداكه‌ی ٧٠ كیلۆمه‌تره‌ و ٧٠٠ ملیۆن دۆلار تێچووه‌كه‌یه‌تی، ڕێگا خزمه‌تگوزارییه‌كانی له‌ ئاراسته‌ سه‌ره‌كییه‌كانی ١٢٠ی به‌رینتره‌ و به‌ ته‌واو بوونی قه‌ره‌باڵغی هاتوچۆ ناهێڵێت.

قه‌ڵات كه‌ چه‌قی هەولێری پایته‌خته‌، چەندین شەقامی بازنەیی به‌ده‌وه‌رییه‌وه‌ هەن،٣٠ مه‌تری نزیكترین و دواتریش ٦٠ مەتری و ٤٠ مەتری و ١٠٠ مه‌تری دێن،سه‌رباری به‌رینی شه‌قامه‌ ته‌خته‌كانی،ڕۆژانه‌ له‌ زۆرێك شوێنی شار قه‌ره‌باڵغییه‌ و ئۆتۆمبێل تێیدا په‌نگیان خواردووه‌ته‌وه‌، خۆ له‌ هه‌ندێك شوێنیش هاتوچۆ به‌هێكجار ده‌خنكێت، هه‌مووی ده‌یه‌وێت خۆی ده‌رباز بكات و كه‌سیش له‌سه‌ر كه‌س ناوه‌ستێت، شۆفێران به‌بێ گوێدانه‌ لاین و هێڵی سپی سه‌ر شه‌قامه‌كان، له‌وبه‌ر بۆ ئه‌وبه‌ر ڕاكه‌ڕاكیانه‌ و مه‌به‌ستیانه‌ جگه‌ له‌ خۆیان شه‌قام كه‌سی تێدانه‌بێت، تا چه‌ندی بیانه‌وێت پێلێنێن، شه‌قامی به‌رین و خێرایی ١٢٠ مه‌تری ئه‌وه‌ی بۆ وه‌دی هێناون و تاڕاده‌یه‌ك قه‌ره‌باڵغی شاری كه‌متر كردووه‌ته‌وه‌ و ١٥٠ مه‌تریش، له‌و باره‌وه‌ ئه‌رخه‌یانیان ده‌كات.
كیلۆمه‌ترێك ئه‌ولاتری شه‌قامی ١٠٠ مه‌تری، شه‌قامی بازنه‌یی و خێرایی ١٢٠ مه‌تری زیاد بووه‌، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ی به‌ته‌واوه‌تی نه‌كراوه‌ته‌وه‌، به‌ڵام له‌و به‌شانه‌ی ئۆتۆمبێل تێیدا جرتوفرتیانه‌، هاتوچۆی هه‌ولێری خه‌نی كردووه‌، ئاخر زۆرێك له‌ قه‌ره‌باڵغی و جه‌نجاڵی شاری كه‌مكردووه‌ته‌وه‌ به‌تایبه‌ت له‌ سه‌ر شه‌قامی سه‌دمه‌تری، شه‌قامی ١٢٠ مه‌تری چەند مەترێك لە ١٠٠ مەتری بەرینترە و جیا لە دوو سایدی پانی سەرەكی، سایدێكی دەستەڕاستی خزمەتگوزاری لەگەڵی درێژ بووەتەوە، شەقامی خێرایی بازنه‌یی١٢٠ مەتری به‌ تێچووی ٤٥٠ ملێۆن دۆلار و به‌ مه‌ودای ٣٨ كیلۆمەتری بێ ترافیك باوه‌شی به‌ هه‌ولێردا كردووه‌، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ی هێشتا ئه‌و شه‌قامه‌ به‌ته‌واوی ته‌واو نه‌بووه‌ و له‌به‌شی سێیه‌می و كۆتایی، كاری جوانكاری و چاندنی سه‌وزایی ماوه‌ و به‌شی یه‌كه‌میشی كه‌ به‌ر له‌ ته‌نگژه‌ی دارایی به‌ كۆمپانیایه‌كی توركی دراو كاره‌كانی به‌ نیوه‌چڵی جێهێشتووه‌، بازنه‌ی شه‌شه‌م بۆ شه‌قامه‌كانی هه‌ولێر زیاد ده‌كرێت.
له‌ ٢٦ ی ئه‌یلولی ٢٠١٨، نێچیرڤان بارزانی سه‌رۆكی حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان، به‌ردی بناغه‌ی پڕۆژه‌ی شه‌قامی ١٥٠ مه‌تری له‌ هه‌ولێر دانا و له‌و كاته‌وه‌ ده‌ست به‌ جێبه‌جێكردنی پڕۆژه‌كه‌ كراوه‌، شه‌قامی ١٥٠ مه‌ترینزیكه‌ی ١٤ كیلۆمه‌تر له‌ ناوه‌ندی شار و پێنج كیلۆمه‌ترله‌ولاتری ١٢٠ مه‌تری ڕۆده‌نرێت و به‌ مه‌ودای ٧٠ كیلۆمه‌تره‌وه‌ ئه‌ویش باوه‌ش به‌ هه‌ولێردا ده‌كات، ئه‌و شه‌قامه‌ بازنه‌ییه‌، هاوشێوه‌ی ١٢٠ مه‌تری به‌ دوو ئاراسته‌ی خزمه‌تگوزاری ته‌نیشتییه‌وه‌ شه‌قامێكی به‌رینی خێرایه‌ و دیزاینه‌كه‌ی به‌شێوه‌یه‌كه‌،بێ ترافیك له‌ چوارڕیانه‌ سه‌ره‌كییه‌كانی ده‌په‌ڕێته‌وه‌، به‌ڵام شه‌قامی ١٢٠ مه‌تریبه‌رینتره‌.
ئاراسته‌ سه‌ره‌كییه‌كانی شه‌قامی ١٥٠ مه‌تری، هه‌ریه‌كه‌یان ١٩ مه‌تر و ٤٠ سانتیمه‌تره‌، له‌ كاتێكدا هه‌ر ئاراسته‌یه‌كی شه‌قامی ١٢٠ مه‌تری، ١٤ مه‌تر و ٢٥ سانتیمه‌تره‌، ئه‌وه‌ جگه‌ له‌و شوێنانه‌ی فراون ده‌بن بۆ شوێنی ئینته‌ر چه‌یچه‌كان، خۆ نێوانی دوو ئاراسته‌كان (جه‌زیره‌ وه‌سه‌تیی)، كه‌ له‌ ١٢٠ مه‌تریدا، ١٠ مه‌تر بووه‌، له‌ شه‌قامی ١٥٠ مه‌تری بووه‌ته‌ دوو به‌رانبه‌ر و ٢٠ مه‌تره‌، كه‌ ئێستا ده‌كرێته‌ سه‌وزایی و له‌ ئه‌گه‌ری فراوانتركردنی شه‌قامه‌كه‌ له‌ ڕابردوودا جێ هێڵدراوه‌،به‌رینی ڕێگای خزمه‌ت گوزارییه‌كانی ١٥٠ مه‌تریش ١٥ مه‌تره‌، كه‌ ئه‌وه‌ نزیك به‌ مه‌تریێك له‌ ئاراسته‌ سه‌ره‌كییه‌كانی ١٢٠ مه‌تری به‌رین تره‌.
له‌ جێبه‌جێكردنی پڕۆژه‌كه‌دا، شه‌قامی ١٥٠ مه‌تری به‌سه‌ر پێنج به‌شدا دابه‌ش كراوه‌ و شوان یوسف بەڕێوەبەری هونەری سەرۆكایەتی شارەوانی هەولێر ئاماژه‌ بۆ ئه‌وه‌ ده‌كات كه‌ ڕۆنانی شه‌قامه‌كه‌ له‌و شوێنه‌وه‌ ده‌ستی پێكراوه‌ كه‌ هاتوچۆی زۆر له‌سه‌ره‌ و قه‌ره‌باڵغترینه‌، ئه‌و ده‌ڵێ "تێچووی خه‌مڵێندراوی پڕۆژه‌كه‌ ٧٠٠ ملیۆن دۆلاره‌".
به‌شی یه‌كه‌می كه‌ ئێستا (له‌ ڕێگای شه‌قڵاوه‌ به‌ره‌و به‌حركه‌)، كاری تێدا ده‌كرێت، له‌ ڕێگه‌ی سه‌ره‌كی كۆیه‌ ده‌ست پێده‌كات تاده‌گاته‌ به‌حركه‌ و مه‌وداكه‌ی ١٤ كیلۆمه‌تره‌ و به‌ گوژمه‌ی ١٣١ ملیۆن دۆلار جێبه‌جێ ده‌كرێت،ئێستا له‌و ناوه‌ عه‌فاره‌ و شۆفڵ و ئۆتۆمبێلی بارهه‌ڵگر هه‌نه‌ و سه‌رقڵن، ماوه‌ی ته‌واو بوونی ئه‌و ١٤ كیلیۆمه‌تره‌ی شه‌قامی ١٥٠ مه‌تری، هه‌زار و ٢٥٠ ڕۆژه‌ و له‌ لایه‌ن كۆمپانیای ناوخۆ هێمن گروپ جێبه‌جێ ده‌كرێت، ئەمیر عەبدلخالق ئەحمەد بەڕێوەبەری پڕۆژەكانی ڕێگا لە كۆمپانیای هێمن گروپ ڕایدەگەیەنێ، ئێستا كار له‌ پاككردنه‌وه‌ی پاشماوه‌ و لابردنی خۆڵی كشتوكاڵی و ڕۆنانی به‌رزه‌پردی یه‌كتربڕی ڕێگاسه‌ره‌كییه‌كان ده‌كرێت، ئه‌و باس له‌ ڕژدی كاركردنی كۆمپانیاكه‌یان ده‌كات، كه‌ به‌ دوو شه‌فت و شه‌و و ڕۆژ كار ده‌كه‌ن و ده‌ڵێ "هه‌ر وه‌كو ١٢٠ مه‌تری، به‌ر له‌ واده‌ی كۆتایی، ڕاده‌ستی ده‌كه‌ین".
ئه‌وه‌ سه‌رباری ئه‌وه‌ی هه‌ندێك له‌ به‌ربه‌ست هه‌نه‌ كه‌ ڕه‌نگبێت ببێته‌ هۆی دواكه‌وتنی پڕۆژه‌كه‌، به‌‌وه‌ی هه‌ندێك زه‌وی و مه‌زره‌عه‌ له‌ ڕێگای كۆیه‌ بۆ شه‌قڵاوه‌هه‌نه‌، كه‌ په‌رژین كراون و به‌ربه‌ستی به‌رده‌م پڕۆژه‌كه‌ن، ئه‌میر عەبدلخالقبەڕێوەبەری پڕۆژەكانی ڕێگا لە كۆمپانیای هێمن گروپ،ده‌ڵێ "كار بۆ هه‌ڵگرتنه‌وه‌یان ده‌كرێت"، شوان یوسف بەڕێوەبەری هونەری سەرۆكایەتی شارەوانی هەولێریشڕای ده‌گه‌ینێ، هه‌ر باڵه‌خانه‌ و پاوانێك ببێته‌ به‌ربه‌ست له‌به‌رده‌م پڕۆژه‌ی خزمه‌تگوزاری گشتی، به‌ پشت به‌ستن به‌ بڕیاری سه‌رۆكایه‌تی ئه‌نجوومه‌نی وه‌زایران هه‌ڵده‌گیرێت، خۆ ئه‌گه‌ر موڵك بێت قه‌ره‌بوو ده‌كرێته‌وه‌.
شه‌قامی ١٥٠ مه‌تری كه‌ ڕۆڵێكی به‌رچاوی ده‌بێت له‌ كه‌مكردنه‌وه‌ی قه‌ره‌باڵغی و زوو گه‌یشتن، به‌ سه‌رپه‌رشتیارانی ده‌ڵێن" كوالیتییه‌كی به‌رز و ستانداردی جیهانی دروستی ده‌كه‌ین".
سەرتیپ سابر قادر نوێنەری ئەندازیاری شارەوانی و چاودێر لە شه‌قامی ١٥٠ مه‌تری ڕای ده‌گه‌یه‌نێ، شه‌قامی ١٥٠ مه‌تری به‌كوالتی به‌رز و ستاندارد جێبه‌جێ ده‌كرێت، به‌جۆرێك شه‌قامه‌كه‌ بەرگەی لۆدی زۆر و ئاو دەگرێت كە ئەوانە بەڵای شەقامن و پێویستییەكانی تەمەن درێژیشی تێدا ڕەچاو ده‌كرێت، ئه‌و دەڵێ" هیچ كارێكی پڕۆژەكە بەبێ تاقیكردنه‌وه‌ی ئێمە ناكرێت".
ئه‌و چاودێره‌ی پڕۆژه‌كه‌ باس له‌ كاملی پڕۆژه‌كه‌ ده‌كات، كه‌ شه‌قامه‌كه‌ به‌شێوه‌یه‌ك ڕۆده‌نرێت كاتێك له‌ ئاینده‌دا ئاوه‌ڕۆ و كێبڵی كاره‌با و هه‌رشتێكی دی سیانه‌ی پێویست بێت، وا جێبه‌جێ ده‌كرێت كه‌ دەتوانن لە تەنیشت شەقامەكەوە، كارەكانیان بكەن.
شه‌قامی ١٥٠ مه‌تری هاوشێوه‌ی دوو به‌شی كۆتایی شه‌قامی ١٢٠ مه‌تری، به‌شێوه‌ی قه‌رز جێبه‌جێ ده‌كرێت، پێشتر شەقامی ١٢٠كه‌ له‌ جێبه‌جێكردنیدا به‌ سێبه‌ش به‌ كۆمپانیا دارا، بەشی یه‌كه‌می له‌ ڕێگای سه‌ره‌كی كەركوكه‌وه‌ تا ڕێگای سه‌ره‌كی موسڵ بوو، مه‌وداكه‌ی ١١ كیلۆمەترە و بە كۆمپانیای ئیكجلەری توركی درا، به‌ڵام ئەو بەشەی كە تا ئێستا ٦٠% ـی تەواو بووە، به‌ بیانووی تەنگژەیی دارایی به‌نیوه‌چڵی هێشتراوه‌ته‌وه‌، هەرچی دوو بەشە چەماوەكی دیكه‌ی ١٢٠ مه‌ترییه‌، كە یەكیان ١٦ كیلۆمەترە و لە ڕێگای سه‌ره‌كی موسڵەوە تا ڕێگای سه‌ره‌كی شەقڵاوە و لەوێشەوە ١١ كیلۆمەتری تا ڕێگای سه‌ره‌كی كەركوك بەشی سێیەمە، له‌ ناوه‌ڕاستی ته‌نگژه‌ی داراییدا به‌ كۆمپانیای ناوخۆیی "هێمن گروپ"دراو به‌ر له‌ ته‌واو بوونی واده‌ی خۆی جێبەجێی كرد، كه‌ له‌ ماوه‌یه‌كی كه‌مدا به‌شی كۆتایی شه‌قامه‌كه‌ ڕاده‌ست ده‌كرێت.
ڕۆژانه‌ نزیكه‌ی ملیۆنێك ئۆتۆمبێل له‌سه‌ر شه‌قامه‌كانی هه‌ولێر جرتوفرتیانه‌، سه‌رباری به‌رینی شه‌قامه‌ ته‌خته‌كان، ناڕێكی ڕۆیشتن و سه‌رپێچی شۆفێران هۆكاری قه‌ره‌باڵغی و خنكانی هاتوچۆن له‌ زۆرێك شوێنی شار، ئێستا كه‌ به‌هۆی ئه‌و شوێنانه‌ی شه‌قامی ١٢٠ مه‌تری كه‌ كراونه‌ته‌وه‌، تاڕاده‌یه‌ك هاتوچۆ ئاهێكی هاتووه‌ته‌وه‌ به‌ر و به‌ ته‌واو بوونی شه‌قامی ١٥٠ مه‌تری، هه‌ولێر ده‌چێته‌ قۆناغێكی دیكه‌ی ڕێگاوبان و فراوانی هاتوچۆوه‌.

چواس خالید - هەولێر

© 2017 Hawler