حوزەیران 17, 2019

حکوومەتی عێراق دەیەوێت رێگری لە هەڵگیرساندنی شەڕی نێوان ئەمەریکا و ئێران بکات

هەر یەک لە ئەمەریکا و ئێران کەخۆیان بە دۆست و هاوپەیمانی عێراق هەژمار دەکەن، دوژمنایەتییەکی سەرسەختیان لەگەڵ یەکتردا هەیە و ئەم دوژمنایەتییەش کە ریشەکەی بۆ چەند دەیە لەمەوبەر دەگەڕێتەوە رۆژ بە رۆژ پەرە دەستێنێت و لە پشکۆوەخەریکە دەبێت بە ئاگرێک کە لەوانەیە پڕیشکی ئەم ئاگرە زیان بە عێراق بگەیەنێت. حکوومەتی عێراق دەیەوێ بە ناوبژیوانیکردن، ئاوێک بە ئاگردا بکات.

کاتێک لە ساڵی 2003 رژێمی بەعس رووخا و ئەمەریکا خۆی وەک رزگارکەری عێراق ناساند، ئێران بەمە زۆر نیگەران بوو چونکە سەربازەکانی ئەمەریکای دوژمنی ئێران هاتنە عێراق و لە چەند کیلۆمەتری ئێران جێگیر بوون. ئێران کە هەستی بەوە دەکرد خەریکە گەمارۆ دەدرێ لە سنووری خۆی زیاتر هاتە دەرەوە و چالاکییەکانی لە عێراق بەرفراوان کرد. سەرکەوتنی شیعەی عێراق بەسەر کەمینەی سوننە و بەدەستەوەگرتنی جومگەکانی دەسەڵات بەدەستی ئەم هێزانەی پێشتر لە لایەن ئێرانەوە یارمەتی درابوون و تەنانەت هەندێکیان دامەزرێنرابوون، رێگەخۆشکەر بوو بۆ ئەوەی ئێران زیاتر لە ئەمەریکا دەستکەوتەکانی جەنگی رووخانی رژێمی بەعس بدروویتەوە.
ئەمەریکا لە ساڵی 2011 لە عێراق کشایەوە بەڵام ئێران هەژموونی خۆی زیاتر کرد و تەناتەت پەلی هاویشتە وڵاتانی دوورتر و رۆڵی سەرەکی لە رووداوەکانی دواتردا گێڕا. کاتێک ئەمەریکا لە ساڵی 2014لە چوارچێوەی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی دژی داعش گەڕایەوە عێراق هیچ چارەیەکی نەبوو جگە لەوەی دوژمنی دێرینی خۆی لە عێراق قەبوڵ بکات و تەنانەت ناراستەوخۆ هاوکاری یەکتریش بکەن. کاتێک لە میانەی جەنگی داعش ئێران هات و حەشدی شەعبی دروست کرد ئەمەریکا متەقی لیوە نەهات و فەرماندەکانی سوپای پاسداران بە ئاشکرا لە نێو خاکی عێراقدا چ لە رووی سەربازی و چ لە رووی هەڵبژاردن و ئاڵوگۆڕی حکوومەت رۆڵیان گێڕا.
دەستپێکی ئاڵۆزبوونی زیاتری پێوەندییەکان دوای ئەوە بوو کە ئەمەریکا لە ساڵی 2018 لە ریککەوتنی ناوکیی هاتە دەرەوە. پێوەندییە بازرگانی و داراییەکانی ئێرانی کردە ئامانج و دواتر بڕیاری دا هەناردەی نەوتی ئێران بۆ سفر کەم بکاتەوە. ئەمەریکا زۆرێک وڵاتی بەهیز و هاوپەیمانی خۆی رازی کرد لە سزادانی ئێران هاوکاری بکەن بەڵام هەرگیز نەیتوانی عێراق بە تەواوی رازی بکات و بە پێچەوانە ئێرانیش بۆ تێپەڕاندنی سزاکان و بەرگریکردن بەرانبەر بە ئەمەریکا زۆرترین ئومێدی خۆی لەسەر عێراق هەڵچنیوە و پێوەندییە بازرگانی و دیپلۆماسییەکانی خۆی لەگەڵ عێراق زیاتر لە هەر کاتێکی تر پەرە پێ داوە و تەنانەت پلانی ستراتیژیی ئەوەشی داناوە قەبارەی بازرگانییەکەی لە گەڵ عێراق بۆ 20 ملیار دۆلار بەرز بکاتەوە.
بەو پێیەی ئەمەریکا و ئێران لە عێراق زۆرترین بەریەککەوتنی بەرژەوەندییەکانیان هەیە روودانی هەر جۆرە شەڕێک لە نێوانیان زۆرترین زیان بە عێراق دەگەیەنێت و هەر بۆیەش سەرۆک وەزیرانی عێراق خوازیاری ئەوەیە بە ناوبژیوانیکردنی ئەم دوو وڵاتە رێگری لە هەڵگیرساندنی جەنگ بکات.
لە چەند رۆژی رابردوو هەندێک رۆژنامەی عێراقی ئاشکرایان کرد عادل عەبدولمەهدی بڕیاری داوە شاند یان دەستەیەک پێکبهێنرێت بۆ ئەوەی بۆ میانجیگەری نێوان ئەمەریکا و ئێران دەست بە کار بێت. تەنانەت ناوی ئەندامانی دەستەکەشیان ئاشکرا کرد کە لە محەمەد عەلی حەکیم وەزیری دەرەوەی عێراق و فالح فەیاز و چەند کەسێکی تر پێکدێت.
سێشەمی رابردووش سەرۆک وەزیرانی عێراق لە وتاری هەفتانەیدا دانی بەو ناوبژیوانییەدانابوو و گوتبووی بەردەوامە لە پێوەندییەکانی لەگەڵ ئەمەریکا و ئێران بە ئامانجی کەمکردنەوەی گرژییەکان و تەنانەت ئاماژەی ئەرێنیشی هەست پێ کردووە.
لەوانەیە حکوومەتی عێراق تواناکەی لەم ئاستەدا نەبێت پشکۆی ئاگری جەنگی رانەگەیەنراوی نێوان ئەمەریکا و ئێران بکوژێنێتەوە بەڵام رەنگە بتوانێتهەر لە ژێر خۆڵەمیشدا بیهێڵێتەوە.

 

 

سلێمان تاشان - هه‌ولێر

© 2017 Hawler