ئاب 22, 2019

قایمقامی چۆمان: پرۆژەی دوو سایدی چۆمان – حاجی ئۆمەران تەواو دەكرێت

رێگای نێوان چۆمان – حاجی ئۆمەران قەرەبالغیەكی زۆری پێوەدیارە، خراپی رێگاكە و هەبوونی چاڵ و تاسەی زۆر و دروستبوونی رووداوی هاتوچۆ شۆفێرانی بە تەواوەتی نیگەران كردووە، داوا دەكەن هەرچی زووە دووسایدەكە تەواو بكرێت، بۆ ئەوەی چی دیكە توشی زیانی گیانی و ماددی نەبنەوە.

سنووری نێودەوڵەتی حاجی ئۆمەران رێگەیەكی نێودەوڵەتیە و رۆژهەڵاتی كوردستان بە پارێزگای هەولێرەوە دەبەستێتەوە، بە رێگەی مەرگ ناسراوە، لە زستان و هاویناندا كێشە بۆ شۆفێران دروست دەكات.
ستار محەمەد، رۆژانە بەو رێگایەدا هاتوچۆ دەكات بۆ "هەولێر" دەڵێت:" زیاتر لە چوار رۆژە بەهۆی خراپی رێگاوبان ئۆتۆمبێلەكەم لە چاڵێكم داوە و پەكەی كەوتووە، ئەوە سێ رۆژە خەریكی چاككردنەوەی ئۆتۆمبێلەكەم و تا ئێستا چاكم نەكردۆتەوە، بۆیە داوا دەكەین هەرچی زووە ئەو رێگایە چاك بكرێت، بۆ ئەوەی چی دیكە توشی زیانی گیانی و ماددی نەبینەوە.
نازم كەریم، كە خەڵكی حاجی ئۆمەرانە بۆ "هەولێر" ئاشكرای كرد:" ئێمە وەكو خەڵكی حاجی ئۆمەران داوا دەكەین هەرچی زووە دوو سایدی چۆمان – حاجی ئۆمەران تەواو بكرێت، چونكە رۆژ بۆ رۆژ خراپ دەبێت، ئەگەر وا بڕوات و دوو سایدەكە تەواو نەكرێت لە ماوەیەكی نزیكدا رێگاكە دادەخرێت.
عەزیز خدر، شۆفێرێكی دیكەیە و هەفتانە دووجار سەردانی رۆژهەڵاتی كوردستان دەكات و كەلوپەلی بیناسازی دەگوازێتەوە، بۆ "هەولێر" دەڵێ:" چەندین ساڵە بەردی بناغەی دوو سایدی حاجی ئۆمەران – چۆمان دانراوە، بەڵام تا ئێستا پرۆژەكە تەواو نەكراوە، بۆیە داوا دەكەین هەرچی زووە ئەو دوو سایدە تەواو بكرێت، بۆ ئەوەی لە خراپی رێگاوبان رزگار بین.
مەغدید سەلیم، شۆفێرێكی دیكەیە بە "هەولێر"ـی گوت:" داوا دەكەین ئەو رێگایە بۆ مان چاك بكرێت و دوو سایدەكە تەواو بكرێت، چونكە هەموو بۆتە تاسە و چاڵ ئەوەش بۆتە هۆی ئەوەی كە رۆژانە رووداوی هاتوچۆ رووبدات، بەوەش شۆفێران توشی زیانی گیانی و ماددی دەبنەوە، بۆیە داوا لە حكوومەت و لایەنە پەیوەندیدارەكان دەكەین هەرچی زووە رێگاكە تەواو بكەن.
سامی شاكر، شۆفێرێكی دیكەیە بۆ "هەولێر" دركاندی، رێگاكە زۆر خراپە هەموو بۆتە تاسە و قۆرت و چاڵ، داواكارین رێگاكەمان بۆ چاك بكەن، رۆژانە ئۆتۆمبێلی زۆر بچووك و بارهەڵگر پێدا تێپەڕ دەبن و سنووری نێودەوڵەتی حاجی ئۆمەران لەسەر رێگاكەیە و زۆری رووداوەكانی هاتوچۆ شۆفێران و هاووڵاتیانی بە تەواوەتی بێزار كردووە.
"هەولێر" داواكاری و گلەیی شۆفێر و هاووڵاتیانی گەیاندە قایمقامی چۆمان، بە وتەی ئەحمەد قادر، پرۆژەی دوو سایدكردنی چۆمان –حاجی ئۆمەران پرۆژەیەكی گرنگە و یەكێكە لە پرۆژە ستراتیژییەكان، بۆ ئەوەش لە هەوڵداین لە رێگەی ئەنجوومەنی وەزیران ئەگەر بە شێوەی قۆناغیش بێت جێبەجێ بكەین، بۆیە لە هەوڵەكانمان بەردەوام دەبین، ئەو پرۆژەیە بۆ هاتووچۆ، گەشتوگوزار لەرووی بازرگانی كە رێگایەكی نێودەوڵەتییە كاریگەری باشی لەسەر ئابووری كوردستان دەبێت".

ڕائیب جادر ـ سۆران

© 2017 Hawler