تشرینی یەکەم 21, 2019

فراكسیۆنە كوردستانییەكان: هەوڵدەدەین بوودجە نەخرێتە دەنگدانەوە

سەرۆكایەتی پەرلەمانی عێراق توانی خوێندنەوەی دووەم بۆ پرۆژە یاسای بوودجە بكات و تێبینی فراكسیۆنەكانیشی وەرگرت، بەڵام پرۆژە یاساكە نەخرایە دەنگدانەوە و مایەوە بۆ دانیشتنی داهاتوو، مۆڵەتی یەك هەفتەشی خستە پێش فراكسیۆنەكان تاكو بگەنە ڕێگە چارەیەك و دەنگ بە بوودجە بدەن، بەڵام فراكسیۆنە كوردستانییەكان دەڵێن، لە بەغدا كەس دان بە مافی كورد دانانێت، هەر لەبەر ئەوەشە هەوڵدەدەین بوودجە نەخرێتە دەنگدانەوە، ئەگەر خرایە دەنگدانەوەش پەنا بۆ دادگای فیدڕاڵی دەبەین. مامۆستایانیش دەڵێن، حەیدەر عەبادی مووچەی ئێمە ڕەوانە ناكات و پابەندی بەڵێنەكانی نابێت بەرامبەر بە مووچە خۆرانی كوردستان. حكوومەتی هەرێمی كوردستانیش لە هەوڵدایە بەم داهاتەی لە دوای رووداوەكانی 16ی ئۆكتۆبەر دەست دەكەوێت مووچەی فەرمانبەران پێ دابین بكات.
مامۆستا حەیدەر عەلی، بۆ "هەولێر" ڕوونیكردەوە، حەیدەر عەبادی لە جیاتی چارەسەركردنی كێشەكان، رۆژ بۆ رۆژ كێشەكان قوڵتر دەكاتەوە و بەردەوام بوودجەی كوردستان كەم دەكاتەوە، بەغدا یاری هەڵبژاردن لە سەر قوت و بژێوی خەڵكی كوردستان دەكات، ئەوە سێ مانگە دەڵێ، مووچەی مامۆستایان ڕەوانە دەكەم و هیچیش دیار نیە، ڕەوانەشی ناكات، بۆیە پێویستە هەرێمی كوردستان لەو چاكسازییەی كە دەستی پێ كردووە بەردەوام بێت بۆ ئەوەی مووچەی فەرمانبەران لە كاتی خۆیدا دابین بكات.
مامۆستا ڕزگار سدقی، كە لە سۆران مامۆستایە بۆ "هەولێر" دەڵێ، ئەوە سێ مانگە حەیدەر عەبادی دەڵێ پابەند دەبم بە ناردنی مووچەی فەرمانبەرانی كوردستان، بەڵام تا ئێستا هیچ بڕە پارەیەكی ڕەوانە نەكردووە و بوودجەی كوردستانیشی لە 17% بۆ 12% كەم كردۆتەوە، بۆیە ئەوەی سەرۆكوەزیران دەیكات تەنیا كات كوشتنە و هیچی دیكە نییە.
موشیر بەحری، ئەویش كە مامۆستایە، بۆ "هەولێر" ئاشكرای كرد، ئەگەر ئێمە عێراقین دەبێت عەبادی مووچە ڕەوانە بكات، بەڵام دیارە ئێمە بە عێراقی نازانێت هەر لەبەر ئەوەشە مووچە نانێرێت، سەرۆكوەزیران مووچە ڕەوانە ناكات، یاری بە هەست و سۆزی فەرمانبەران دەكات، ئەوەش تەنیا بۆ ئەوەیە لە هەڵبژارن دەنگێكی زیاتر بهێنێت.
خاڵس مستەفا، مامۆستایەكی دیكەیە بۆ "هەولێر" دركاندی، هەتا بە تەمای عەبادی بین، تێر ناخۆین، چونكە ئەوانە دوژمنی كوردستانن، نەك دۆستی كوردن، ئەگەر ریفراندۆم كرابایە و نەكرابایە ئەوان ئەوەیان بەسەر كوردا هەر دەهێنا، بۆیە ئێستا ئێمەی مووچە خۆران هیچ باوەڕییەكمان بە عەبادی نەماوە.
لەلایەن خۆیەوە، سەرحان سلیڤانەیی، پەرلەمانتاری پارتی لە ئەنجوومەنی نوێنەران دەڵێ، چوونە ژوورەوەی ئێمە بۆ ناو هۆڵی پەرلەمان بۆ ئەوە بوو ڕێگری بكەین لە پەسەندكردنی بوودجە، هەموو فراكسیۆنە كوردستانییەكان یەكدەنگ و یەكهەڵوێستن، داوای ئێمە ئەوە بوو كە خوێندنەوەی دووەم بۆ پرۆژە یاساكە نەكرێت، زۆر هەوڵیشمان دا، بەڵام لە هەوڵەكان سەركەوتوو نەبووین و سوننە و شیعە بوونە یەك و هیچ حسابێكیان بۆ كورد نەكرد، ئەمە لە كاتێكدایە كە داواكارییەكانی كورد دەستووری و یاسایین، بەڵام لە بەغدا كەس پێگری بە دەستوورەوە ناكات و حساب بۆ دەستوور و یاسا ناكەن، سەرۆكی پەرلەمان لەگەڵ سەرۆكوەزیران هاوڕان لە برسی كردنی خەڵكی كوردستان و هەموو دژی كوردستانن.
ڕوونیشیكردەوە، ئێمە وەكو ئەندامانی كورد لە بەغدا چی دەكەین، ئەمە لە كاتێكدایە كە كەس گوێ بە ئێمە نادات، كەس داواكارییەكانی كورد جێبەجێ ناكات، هەر لەبەر ئەوە پێویستە حكوومەتی هەرێم هەڵوێست وەربگرێت و بایكۆتی پرۆسەی سیاسیی لە عێراق بكەین".

© 2017 Hawler