تشرینی یەکەم 16, 2019

بەشداری شاندی هەرێم لە كۆنفرانسی میونشن نیشانەی بەهێزی پێگەی دیپلۆماسی هەرێمی كوردستانە

رۆژی هەینی 16/2/2018، 54ـەمین كۆنفرانسی ئاسایشی میونشن لە وڵاتی ئەڵمانیا دەستیپێكرد و بۆ ماوەی سێ رۆژ بەردەوام بوو، شاندێكی حكوومەتی هەرێمی كوردستانیش بەسەرۆكایەتی نێچیرڤان بارزانی لە كۆنفرانسەكەدا بەشدار بوو و لەگەڵ چەندین سەركردەی جیهان و وەزیرانی دەرەوە و بەرگری وڵاتان كۆبوونەوە و ئاسایشی ناوچەكە و پەیوەندی نێوان هەرێمی كوردستان و حكوومەتی ناوەندی، تەوەری سەرەكی گفتوگۆی شاندی حكوومەتی هەرێم و سەركردەكانی جیهان بوون.

بە بڕوای چاودێران و مامۆستایانی زانكۆ، بەشداری شاندی حكوومەتی هەرێم لە كۆنفرانسی ئاسایشی میونشن، مانای وایە كە هەرێمی كوردستان ناوەندێكی بەهێزە بۆ بڕیاردان و نیشانەی بەهێزی پێگەی دیپلۆماسی هەرێمی كوردستانە، هەتا كۆبوونەوەی شاندی هەرێمی لەگەڵ سەرۆكوەزیرانی عێراق لە چوارچێوەی كۆنفرانسی میونشن ئەنجامەكانی باشتر دەبن، چونكە لایەنی نێودەوڵەتی زیاتر فشار دەخاتە سەر هەردوولا، بەتایبەتی عێراق كە لەگەڵ هەرێمی كوردستان بگاتە ڕێككەوتن.
د. عەبدوالوهاب سەعید، مامۆستای زانكۆ بۆ "هەولێر" دەڵێ: بەشداری شاندی حكوومەتی هەرێمی كوردستان لە كۆبوونەوەی ئەنجوومەنی ئاسایشی میونشن زۆر گرنگ بوو، بانگهێشتی شاندی هەرێم بۆ ئەو كۆنگرەیە ئەوە نیشان دەدات كە هەرێمی كوردستان فاكتەرێكی گرنگی كاریگەرە لە بەرقراركردنی ئاسایشی جیهان، هەروەها وڵاتانی جیهان دان بەوە دادەنێن كە هەرێمی كوردستان رۆڵێكی گرنگی هەیە، ئەوەش مانای وایە كە كوردستان ناوەندێكی بەهێزە بۆ بڕیاردان، هەروەها ئەو دیدار و كۆبوونەوانەی لە نێوان شاندی حكوومەتی هەرێم و سەركردەی وڵاتانی جیهان كران زۆر گرنگ بوون.
د. رەشید موحسین، چاودێری سیاسی بۆ "هەولێر" دیاركرد، بەشداری شاندی هەرێم لە كۆبوونەوەی میونشن، دەگەڕێتەوە بۆ پێگەی سیاسی هەرێمی كوردستان لەناوچەكەدا، بەتایبەتی لە پەیوەندییەكانی دەرەوە لەگەڵ وڵاتانی ئەوروپا، ئەویش كاریگەری ئیجابی هەیە، بۆیە پێویستە خەڵكی كوردستان، لایەنەكان پاڵپشتی حكوومەتی هەرێم بكەن، چونكە دیدار و چاوپێكەوتنەكانی شاندی هەرێم لەگەڵ سەركردە و سەرۆكی وڵاتانی جیهان لە بەرژەوەندی خەڵكی كوردستاندایە.
ئاماژەی بەوەش كرد، پێگەی هەرێمی كوردستان لەسەر ئاستی جیهان زۆر بەهێزە و كاریگەری هەیە لەسەر سەقامگیری عێراق و ناوچەكە و جیهانیش، بۆیە بانگهێشتكرا بۆ كۆنگرەی ئاسایشی میونشن، ئەمەش دەرفەتێكی باش بوو بۆ هەرێمی كوردستان، بۆ ئەوەی لەگەڵ بەرپرسانی وڵاتان باسی كێشەكانی نێوان هەرێم و بەغدا بكات و بۆیان ڕوون بكاتەوە سەقامگیری عێراق پەیوەستە بەجێبەجێ كردنی داواكارییەكانی كوردەوە.
هۆزان محەمەد، چالاكوانی بواری سیاسی، بۆ "هەولێر" دركاندی، بانگهێشتی شاندی حكوومەتی هەرێم و دیدار و كۆبوونەوەكانی لەگەڵ گەورە بەرپرسانی جیهان، نیشانەی پێگەی دیبلۆماسی هەرێمی كوردستانە لەناوچەكەدا، پرسی شەڕی تیرۆریستانی داعش و بەهێزی هێزی پێشمەرگە و كێشەكانی نێوان هەولێر و بەغدا تەوەری سەرەكی شاندی هەرێم و سەركردەكانی جیهان بوون، چونكە ئەمرۆ كورد چووەتە قۆناغێكی نوێ و كەس ناتوانێت پەراوێز بخات، بەتایبەتی پاش ئەوەی هێزی پێشمەرگەی كوردستان لە جیاتی هەموو جیهان شەڕی تیرۆری كرد و توانی گەورەترین ڕێكخراوی تیرۆریستی لەناو ببات، كە مەترسی بوو بۆ سەر هەموو جیهان، بۆ ئەوەش دەبێت لایەنەكان پێشوازی لەو دیدار و كۆبوونەوانە بكەن و بە گرنگیەوە باسی بەشداری شاندی كوردستان لە كۆنفراسەكەدا بكەن.
د. ڕەزا مەهدی، مامۆستای زانكۆ بۆ "هەولێر" گوتی: لە ماوەی سێ رۆژی رابردوودا لە پەراوێزی كۆنفرانسی میونشن، سەرۆكی حكوومەت و شاندی یاوەری لە ماوەیەكی كوردتدا توانیان چەندین دیدار و كۆبوونەوەی گرنگ لەگەڵ گەورە بەرپرسانی جیهان ئەنجام بدەن، ئەوەش بۆ ئەوەیە كە پاڵپشتی نێودەوڵەتی بۆ كورد بە دەست بهێنن، هەتا كۆبوونەوەی شاندی هەرێمی لەگەڵ سەرۆكوەزیرانی عێراق لە چوارچێوەی كۆنفرانسی میونشن ئەنجامەكانی باشتر دەبن، چونكە لایەنی نێودەوڵەتی زیاتر فشار دەخاتە سەر هەر دوولا، بەتایبەتی عێراق كە لەگەڵ هەرێمی كوردستان بگاتە ڕێككەوتن و مافەكانی هەرێمی كوردستان بدات".

© 2017 Hawler