تشرینی دووەم 19, 2019

ئەمەریکا بە عێراقی گوتووە ئەگەر چارەی حەشدی شەعبی نەکات ئەوا خۆی چارەی دەکات

ئەمەریکا گوشارەکانی خۆی بۆ سەر حکوومەتی عێراق سەبارەت بە چالاکیی میلیشیاکانی حەشدی شەعبی لە عێراق زیاتر دەکات و داوای لێ کردووە ئەگەر خۆی چارەیەکیان نەکات ئەوا ئەمەریکا دەیانکاتە ئامانج بێ ئەوەی بەغدا ئاگادار بکاتەوە.

لە روانگەی ئەمەریکاوە حەشدی شەعبی سەر بە ئێرانن و لە چوارچێوەی عێراقدا خەریکە رۆژ بە رۆژ بە هێزتر دەبن و هەژموونی خۆیان زیاتر لە جاران بەسەر خاک و ئیدارە و دام و دەزگاکاندا دەسەپێنن و هەر بۆیەش ئەو پێویستییە هاتووتە کایەوە یەکێک بەم هێزانە بڵێت بوەستن.
هێزەکانی حەشدی شەعبی دوو ساڵی رابردوودا هەمان ئەو رۆڵەیان بە دژی کورد گێڕاوە کە پێشتر بەعسییەکان گێڕایان و هەرچەندە کورد ئەمەریکای لەمە ئاگادار کردبووەوە بەڵام ئەمەریکا کەمتەرخەم بوو و لە پرسی رووداوەکانی 16ی ئۆکتۆبەریش دا سەرەرای ئەوەی کە بە دەیان هەزار کەس لە ماڵ و حاڵی خۆیان ئاوارە بوون و دووبارە تووشی تەعریب و کوشتن بوونەوە کەچی ئەمەریکا تەنیا سەیری کرد.
دەگوترێت لە دیداری ئەمدواییەی مایک پۆمپیۆ وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا لە گەڵ سەرۆک وەزیران و بەرپرسانی تری عێراق پێداگری لە چارەسەرکردنی پرسەکە کردووە.
سەرچاوەیەکی سەربازیی عێراقی بە رۆیتەرزی گوتووە پەیامەکەی ئەمەریکا لەبارەی حەشدی شەعبی زۆر روون ئاشکرایە و خوازیارن بەم کارەیان پێش بە هەر جۆرە مەترسییەک بۆ سەر بەرژەوەندییەکانی ئەمەریکا بگرن. دوایین قسەی ئەمەریکا ئەوە بووە ئەگەر بەرژەوەندییەکانیان لە لایەن ئەم گرووپەوە بخرێتە ژێر مەترسی ئەوا بە بێ ئاگادارکردنەوەی عێراق دەیانکەنە ئامانج.
سەرچاوەیەکی تریش ئەمەی درکاندووە کە گفتوگۆی تەلەفونی ژمارەیەک لە فەرماندەکانی حەشدی شەعبی ئەوە دەسەلمێنێت کە ئەو میلیشیایانە خۆیان بۆ هێرش و نانەوەی کێشە و ئاڵۆزی ئامادە دەکەن و ئەمەریکاش بەو هەنگاوانەی زانیوە.
بەپێی ئەو زانیارییانەی رۆیتەرز ئاشکرای کردوون هەواڵگری ئەمەریکا ئەوەی زانیوە مووشەک لە ئێرانەوە بۆ میلیشیاکانی حەشدی شەعبی گواستراونەتەوە و لەو شوێنانە جێگیر کراون کە لە بنکەکانی ئەمەریکا نزیکن.
بە پێی خەملاندن نزیکەی 150 هەزار چەکداری حەشدی شەعبی هەن کە لە عێراقن و لە لایەن ئێران پاڵپشتی دەکرێن لە کاتیکدا ژمارەی هێزەکانی ئەمەریکا لە عێراق سەرووی پێنج هەزار و 200 کەس دەبێت.
رەنگە هەر ئەمەش هۆکاری ئەوە بێت سەرجەم هێزەکانی ئەمەریکا کە لە عێراق نیشتەجێن، ئامادەباشی خۆیان دەرببڕن . بیل ئۆریان گوتەبێژی فەرماندەیی ناوەندی هیزەکانی ئەمەریکا لە رۆژهەڵاتی نێوەراست و ئاسیای ناوەندی رۆژی سێشەم ئەوەی راگەیاندبوو هەستیان بە مەترسی نوێ کردووە و بۆیەش ئامادەباشییان دەربڕیوە.
پێویستە بگوترێت تا ئەم ساتەش ئەو رۆڵ و پێگەیەی حەشدی شەعبی لە عێراق هەیەتی سوپاش خاوەنی نییە و سەرەڕای ئەوەی کە وا باس دەکرێت لە چەند رۆژی رابردوودا حەشدی شەعبی لە رۆژئاوای مووسڵ کشاونەتەوە و دۆسیەی ئەمنییان رادەستی سوپای عێراق کردووە بەڵام راستییەکە بەم شێوەیە نییە و لە رووبەرێکی فراوانی خاکی عێراق و سەریجەم ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێم بڵاوەیان پێ کراوە و نەشیانتوانیوە ئاسایشی ناوچەکە بپارێزن.
نەبوونی ئاسایش لە ناوچە کوردستانییەکان و بۆشایی ئەمنی لە دوای کشانەوەی پێشمەرگەیە وای کردووە خەڵک رۆژانە تووشی نەهامەتی بن، جگەرگۆشەکانیان سەرببڕدرێن و گەنم و دانەوێڵەشیان ئاگری تێ بەردرێت هەر وەک چۆن لە دوو رۆژی رابردوو چەکدارانی داعش لە قەراج ئەنجامی دا.
دەرەنجامی فرەهیزی و پاشاگەردانی گرووپە سەربازییەکان لە عێراق بە قازانجی تیرۆریستانی داعشدا شکاوەتەوە و لە وزەی سوپا و هێزە ئەمنییەکانی عێراقی کەم کردوەتەوە و گەیاندوویەتە ئاستێک بەرانبەر مەترسییەکانی داعش دەستەوەستان بن و دواجار ژمارەی هێرش و تەقینەوەکانیش رۆژ بە رۆژ زیاد بکات و دووبارە خەوی دانیشتووانی بەغدای پایتەخت بزیڕێنێت.

 

 

سلێمان تاشان - هه‌ولێر

© 2017 Hawler