تشرینی یەکەم 14, 2019

له‌ پارێزگای كه‌ركووك خه‌ڵكی كورد رووبه‌ڕووی مامه‌ڵه‌ی نا ده‌ستووری ده‌بنه‌وه‌

دوای ئەوەی ڕۆژی سێ شه‌ممه‌ نزیكه‌ی ٢٠٠ چه‌كداری عه‌ره‌ب چوونه‌ سه‌ر ماڵه‌ كورده‌كانی گوندی په‌لكانه‌ی سه‌ربه‌ ناحیه‌ی سه‌رگه‌ڕان له‌ قه‌زای دووبز و داگیریان كرد، فراکسیۆنی پارتی لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق ڕاگەیەندراوێکی بڵاو کردەوە و ئیدانەی کرد و ڕایانگەیاند، بێدەنگ نابن، دواتریش بە گووتەی ئەندامێکی لیژنەی ئاسایی کردنەوەی دۆخی کەرکووک، شاخەوان عەبدوڵا، دوێنێ لە میانەی بەشدارکردنی لە بەرنامەیەکی کەناڵی ڕووداو، ئاشکرایکرد سەرۆک بارزانی لە هەمبەر ئەو ڕووداوە هاتۆتە سەر هێڵ و کێشەکەی چارەسەر کردووە و لە ئێستادا عەرەبە هاوردەکان دەرکراون و تەنیا یەک خێزان لەو عەرەبە هاوردانە ماون و ئەوانیش دەگەڕێنرێنەوە.

دوێنێش، ڕۆژی چوار شەممە، هەر لەسەر رووداوەكانی گوندی پەلكانە لە سنووری پارێزگای كەركووك و دۆخی نا ئارامی ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێم، لیژنەی ناوچە كوردستانییەكانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێم لە پەرلەمانی كوردستان هەڵوێستیان دەربڕی و، داوای ئاساییكردنەوەی دۆخی ناوچە كوردستانییەكانیان کرد و پێیان وایە كە ئەم دۆخە لە بەرژەوەندی هیچ لایەكدا نییە.
لیژنەی ناوچە كوردستانییەكانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێم لە پەرلەمانی كوردستان هەڵوێستی پەرلەمانی كوردستانی لەسەر رووداوەكانی گوندی پەلكانە لە سنووری پارێزگای كەركووك خستە ڕوو و لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانییدا، سەرۆكی لیژنەی ناوچە كوردستانییەكانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێم لە پەرلەمانی كوردستان، جوان یونس رۆژبەیانی رایگەیاند: ''دوای ئەوەی لە ماوەی رابردوودا دۆخێكی بە زۆر سەپێندراو لە ناوچە كوردستانییەكان سەپێندراوە بەتایبەتی لە پارێزگای كەركووك خەڵكی كورد رووبەڕووی مامەڵەی نا دەستووری دەبنەوە كە رەفتاری رژێمی بەعس و حكوومەتەكەی دەخەنەوە بیرمان و ئەو هێزانەی ئێستا هەر كاتێك بۆیان بڕەخسێت ئەوا خەڵكی كوردیان ئازار داوە''.
جوان یونس رۆژبەیانی، گوتیشی: ''نوێترین رەفتاری ئەو هێزانە بەرامبەر خەڵكی پەلكانەیە كە هێزێكی زۆر و خەڵكێكی عەرەب هێرشیان كردووەتە سەر كوردانی ئەو گوندانە و بە هەموو شێوەیەك ئازاریان داون''.
سەرۆكی لیژنەی ناوچە كوردستانییەكانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێم لە پەرلەمانی كوردستان ئاماژەی بۆ ئەوەشكرد: "هەربۆیە لیژنەكە پێی وایە كە ئەو دۆخە، لێكتێگەیشتنی ئەم داوییەی نێوان هەولێر و بەغدا و هەوڵەكانی لێكتێگەیشتن هەڵدەوەشێنێتەوە، بۆیە داوا دەكەین دۆخی ناوچە كوردستانییەكان ئاسایی بكرێتەوە".

 

ڕائیب جادر ـ هه‌ولێر

© 2017 Hawler