ئەم پەڕەیە چاپ بکە

وەزارەتی ناوخۆ وادەی شوفێریی تەكسی بۆ فەرمانبەران درێژكردەوە

بەپێی نووسراوێكی وەزارەتی ناوخۆی هەرێمی كوردستان، كە وێنەیەكی دەست "هەولێر" كەوتووە، جێبەجێكردنی رێنمایی ژمارە 1ی ساڵی 2019 تایبەت بە رێكخستنی كاری شوفێریی تەكسی تاوەكو 1-9-2019 درێژ دەكرێتەوە.

لە نووسراوەكەی وەزارەتی ناوخۆ هاتووە: "ئاماژە بە رێنمایی ژمارە (1)ی ساڵی 2019 تایبەت بە رێكخستنی كاری شوفێری تەكسی لە شارەكانی هەرێمی كوردستان ژمارە (1687) لە 24/1/2019، بەپێی ئەو دەسەڵاتەی پێمان دراوە لە یاسای وەزارەتی ناوخۆ ژمارە (6) ساڵی 2009 بڕیارماندا: بە درێژكردنەوەی ماوەی جێبەجێكردنی مادەی شەشەم لە بڕگەی (2)ی رێنمایی ئاماژەپێكراوی سەرەوە تا 1/9/2019".
پێشتر بەپێی نووسراوێكی وەزارەتی ناوخۆ كە واژۆی كەریم سنجاری، وەزیری ناوخۆی هەرێمی كوردستانی لەسەر بوو، كاری شۆفێریی تاكسی لە هێزەكانی ئاسایشی ناوخۆ ‌و كارمەندانی فەرمانگەی پەیوەندییەكانی دەرەوە ‌و بەشێك لە فەرمانبەرانی دیكەی حكوومەت قەدەخەكرا.
د.سامی جەلال، بەڕێوەبەری گشتیی دیوانی وەزارەتی ناوخۆی حكومەتی هەرێمی كوردستان ئاماژەی بەوەدا "كەمتەرخەمیەك لە رێكخستنی كاروباری تاكسییەكانی هەرێمی كوردستان هەیە ‌و پرۆژەیەكەیش بۆ رێكخستنیان ئامادەكراوە".

 

ڕائیب جادر ـ هه‌ولێر