ئایار 25, 2019

مه‌سروور بارزانی پێشوازی لە باڵیۆزی به‌ریتانیا له‌ عێراق دەکات

ئه‌مڕۆ چوارشەممە 15/5/2019 مه‌سرور بارزانی راوێژكاری ئه‌نجوومه‌نی ئاسایشی هه‌رێمی كوردستان پێشوازی له‌ جۆن وێڵكس باڵیۆزی به‌ریتانیا له‌ عێراق و شاندی یاوه‌ری كرد. له‌ دیدارێكدا، كه‌ مارتن وار كونسوڵی گشتی به‌ریتانیا له‌ هه‌رێمی كوردستان ئاماده‌ی بوو، په‌ره‌سه‌ندنەکانی ناوچه‌كه‌ و هەنگاوەکانی  پێكهێنانی حكوومه‌تی هەرێمی کوردستان و پێشڤەچوونی په‌یوه‌ندی نێوان هه‌ولێر و به‌غدا تاوتوكرا.

لەو دیدارەدا کێشە و تەنگژەکانی کەرکووک و شنگال و هەماهەنگی نێوان هێزی پێشمەرگە و سوپای عێراق لە دژی تیرۆریستانی داعش گفتوگۆیان لەبارەوە کرا، مه‌سرور بارزانی تیشکی خستە سەر گفتوگۆکانی نێوان بەغداو هەولێر و هیوای خواست لە ئایندەیەکی نزیکدا ئەو گفتوگۆیانە بە ئەنجام بگەن، بە پێویستیزانی لەوبارەوە بەریتانیا رۆڵی ئەرێنی خۆی بەشێوەیەک بگێرێت، کە لە بەرژەوەندی چارەسەرییەکان بێت.

لەلای خۆیەوە باڵیۆزی بەریتانیا خۆشحاڵی بەرامبەر پێشکەوتنەکانی هەرێمی کوردستان و درێژەدان بە گفتوگۆکانی نێوان بەغدا و هەولێر دەربڕی و پشتگیری وڵاتەکەشی بۆ پەرەپێدانی پەیوەندییەکان و یارمەتیدانی هەرێمی كوردستان لە گشت بوارەکان نیشاندا و هیوای سەرکەوتنی بۆ مەسرور بارزانی خواست لە سەرۆکایەتیکردنی کابینەی نوێی حکوومەتی هەرێمی کوردستان.


 

© 2017 Hawler