تەمموز 20, 2019

زیاتر لە ٢٠ بنەماڵەی عەرەبی هاوردە بە پاڵپشتی سوپای عێراق دەستیان بەسەر گوندی پەلکانەدا گرتووە

دۆخی کەرکووک، دوای هاتنی حەشدی شەعبی و سوپای عێراق و دەرکردنی هێزەکانی پێشمەرگە، بە هەڵدێرێکی خراپدا دەڕوا و کارە نایاساییەکانی پارێزگاری سەپێنراوی ئەو شارە، بە تەواوی هاووڵاتیانی کوردی نیگەران کردووە، بە جۆرێک هەمان ئەو کارانەی ڕژێمی بەعس لە شاری کەرکووکدا ئەنجامی دەدا، ئێستا بەردەوامی هەیە و سەرجەم هەوڵەکانیشی بە پشتیگیری و هاوکاری سوپای عێراق و حەشدی شەعبیە، کە ئەمە وایکردووە شارەکە بەتەواوی سیستمێکی سەربازی بەڕێوەی ببات نەک مەدەنی.

دوێنێ، سێشەممە ژمارەیەك عەرەبی هاوردە بە 25 ئۆتۆمبێل هاتوونەتە گوندی پەلكانە و خانووە بەتاڵەكانی گوندەكە داگیر دەكەن، كە هێزێكی زۆریان لەگەڵ بووە و ژمارەیەكی زۆری هاووڵاتیانی كوردیان دەستگیركردووە.
ژمارەیەك عەرەب كە زیاتر لە 300 كەس دەبوون، هاتنە گوندی پەلكانە بە مەبەستی داگیركردن و دووبارە تەعریبكردنەوەی گوندەكە، هاتنە نێو ئەو خانووە بەتاڵانەی كە لەنێو گوندەكەدابوون.
دانیشتووانی گوندی پەلكانە بۆ بەرگریكردن لە خۆیان و زەوییەكانیان دەستیان دایە دار و بەرد و هەوڵی رێگركردن لەو كارەی عەرەبە هاوردەكان كرد.
كرمانج عەبدوڵڵا، بەرپرسی لقی 23ی پارتی دیموكراتی كوردستان رایگەیاند، زیاتر لە 16 گوندی كوردنشین لەژێر هەڕەشەی تەعریبدان و عەرەبی هاوردەش ماڵە كوردەكانی پەلكانە داگیر كردووە".
لە بەرامبەردا فراکسیۆنی پارتی لە پەرلەمانی عێراق بە تووندی ئیدانەی ئەو هەوڵە شۆڤینییە دەکات و ڕایدەگەیەنن، لە ئاست ئەو زوڵم و ستەمەی لە خەڵک دەکرێت دەستەوەستان نابن.
فاکسیۆنی پارتی لە پەرلەمانی عێراق، بەیاننامەیەکی بڵاو کردەوە و ڕایگەیاند:" هەوڵەکانی گۆڕینی دیمۆگرافیای گوندەواری کەرکووک بەردەوامە و پارێزگاری سەپێندراو و دەسەڵاتی سەربازی خەریکی گۆڕینی دیمۆگرافیای ناوچەکەن".
هەروەها داوا دەکەن لایەنە پەیوەندیدارەکان لەسەر ئەم جۆرە هەوڵانە بێنە دەنگ، کە بە هیچ جۆرێک لەگەڵ دەستوور و عێراقی نوێ یەکناگرنەوە.
لە بڵاوکراوەکەیاندا ئەوەش هاتووە، فراکسیۆنی پارتی پشتیوانی خۆی بۆ خه‌ڵكی گونده‌كان دووپات ده‌كاته‌وه‌ و هه‌موو رێگه‌یه‌كی یاسایی و ده‌ستووری ده‌گرنه‌به‌ر و له‌ئاست ئه‌و سته‌مه‌ی له‌ خه‌ڵك ده‌كرێت ده‌سته‌وه‌ستان ناوه‌ستن.
پەلکانە گوندێکی کورد نیشینە و لە سەردەمی ڕژێمی بەعسدا، تەعریب کراوە و دوای ڕووخانی ڕژێم خەڵکەکەی گەڕاونەتەوە زێدی خۆیان، گووندەکە لە قەزای دووبزە سەر بە پارێزگای کەرکووک.

 

پاڤین ڕەمەزان - هەولێر

© 2017 Hawler