کانونی یەکەم 13, 2019

ئەمڕۆ دەرگای خۆپاڵاوتن بۆ پۆستی سەرۆكی هەرێم دادەخرێت

بە بڕیاری دەستەی سەرۆكایەتی پەرلەمانی كوردستان بۆ ماوەی سێ رۆژ دەرگای خۆپاڵاوتن بۆ پۆستی سەرۆكی هەرێمی كوردستان كرایەوە، ئەمڕۆ كاتژمێر 11ی پێشنیوەڕۆ پێشكەشكردنی ناو و سی ڤی كاندیدانی پۆستی سەرۆكی هەرێم كۆتایی دێت.

تاوەكو ئێستا تەنیا بەربژێر كە ناوی هەیە بۆ پۆستەكە و لەلایەن پارتی دیموكراتی كوردستانەوە بەربژێركراوە و یەكێتی و گۆڕان و پارتی لەسەری رێككەوتوون، نێچیرڤان بارزانی، سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی كوردستان و جێگری سەرۆكی پارتییە.
رۆژی چوارشەممە، 8-5-2019 پەرلەمانی كوردستان كۆبووەوە بەمەبەستی دەنگدان لەسەر پرۆژەیاسای "كاراكردنەوەی دامەزراوەی سەرۆكایەتیی هەرێمی كوردستان - عێراق و هەمواری شێوازی هەڵبژاردنی سەرۆك تاوەكو پەسندكردنی دەستوور"، دواتر بەدەنگی 89 پەرلەمانتار پرۆژەیاساكە پەسندكرا.
هەروەك لە یاسای كاراكردنەوەی دامەزراوەی سەرۆكایەتی هەرێمی كوردستاندا هاتووە هەڵبژاردنی سەرۆك لە نێو پەرلەمان و بەشێوەی دەنگدانی ئاشكرا دەبێت.
بەپێی پرۆژەیاساكە سەرۆكی هەرێمی كوردستان دوو جێگری دەبێت كە بۆ گۆڕان و یەكێتی دەبێت، دەسەڵاتەكانی هەردوو جێگری سەرۆك لەلایەن سەرۆكی هەرێمی كوردستانەوە دیاری دەكرێن.
پەرلەمانی كوردستان مەرجەكانی خۆپاڵاوتن بۆ ئەو پۆستەش راگەیاند، بەو مەرجانەی كە لە ماددەی پێنجەمی یاسای سەرۆكایەتی هەرێمی كوردستان-عێراق ژمارە (1)ـی ساڵی 2005ـی هەمواركراودا هاتووە، مەرجەكانیش بریتین لەوەی تەمەنی لە 40 ساڵ كەمتر نەبێت، هاووڵاتی و نیشتەجێی هەرێمی كوردستان بێت و لە هەموو مافە مەدەنی و سیاسییەكانی بەهەرەمەند بێت.
خەدیجە عومەر تەها، ئەندامی لیژنەی یاسایی لە پەرلەمانی كوردستان بۆ "هەولێر" گوتی:" ئەمڕۆ كاتژمێر 11 پێشكەشكردنی ناو و سی ڤی كاندیدانی پۆستی سەرۆكی هەرێم كۆتایی دێت، بە گوێرەی یاسا ماوەكە درێژ ناكرێتەوە، لە ماوەی دوو رۆژدا پێداچوونەوە بە سیڤییەكان دەكرێت، كە تا چەند مەرجە یاساییەكانیان تێدایە، دواتریش دوو رۆژیش وادەیە بۆ ئەو كەس و لایەنانەی دەیانەوێت لە دادگا تانە بدەن، پاش ئەوە بە سێ رۆژ پەرلەمان كۆدەبێتەوە و سەرۆكی هەرێم بە دەنگدانی ئاشكرا هەڵدەبژێردرێت".

 

ڕائیب جادر ـ هەولێر

© 2017 Hawler