ئاب 19, 2019

هاوپەیمانیی نێودەوڵەتیی دژی داعش پاڵپشتی ئەنجامدانی چاکسازی و یەکخستنی هێزەکانی پێشمەرگەیە

هێزەکانی هاوپەیمانی نێودەوڵەتیی دژی داعش کە لە ورە و توانای هێزەکانی پێشمەرگە تێگەیشتوون بە هیچ شیوەیەک ناخوازن تەنانەت لە دوای نەمانی داعش وازیان لێ بهێنن و کار لەسەر بەردەوامیدان بە پشتگیریکردنی ئەو هێزە و تەنانەت چاکسازی و رێکخستنیان لە چوارچێوەی وەزارەتی پێشمەرگە و دامەزراندنی سوپایەکی نیشتیمانی دەکەن.

شاندی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی دژی داعش لە چەند رۆژی رابردوو لە هەولیر لەگەڵ بەرپرسانی وەزارەتی پێشمەرگەی حکوومەتی هەرێمی کوردستان کۆ بوونەوە و باسیان لە دوایین قۆناغەکانی هەنگاونانبۆ یەکخستنی هەر دوو لیوای 70 و 80ی هێزەکانی پێشمەرگە کرد. ئەوەی هاوپەیمانان پێداگری لەسەر دەکەن و وەزارەتەکەش پیشوازی لێ کردووە ئەنجامدانی چاکسازی بنەڕەتییە لە وەزارەتەکە و یەکخستنی هێزەکان و دروستکردنی هێزێکی نیشتیمانییە.
هاوپەیمانان پێداگرییان لە یارمەتیدانی هێزی پێشمەرگە کردووە و هۆکاری سەرەکی سووربوونی هاوپەیمانانیش بۆ یارمەتیدانی پێشمەرگە بۆ ئەو رۆلە دەگەڕێتەوە کە لە جەنگی دژی داعش پیشمەرگە نواندی و توانی سەرکەوتنی گەورە تۆمار بکات و داعش تێکبشکێنێت.
هێزەکانی هاوپەیمانان حەزیان لێ نییە پێشمەرگە بەو کەم و کورتیانەوە جێ بهێڵن کە لە رابردوودا بە دەستی ناڵاندوویانە و دابەشبوونی بەشێک لە هیزەکانی پێشمەرگە بەسەر یەکێتی و پارتی، هۆکار بووە لەوەی هاوپەیمانانیش نەتوانن بە رێکی یارمەتی پێشکەش بەم هێزە بکەن.
لە دوایین کۆبوونەوەی شاندی هاوپەیمانان لەگەڵ وەزارەتی پێشمەرگە کە لە چەند رۆژی رابردوو بەڕێوەچوو هاوپەیمانان سووربوونی خۆیان بۆ پاڵپشتیکردنی پێشمەرگە و ئەنجامدانی چاکسازی دووپات کردووەتەوە.
بەیان سامی عەبدولرەحمان نوێنەری حکوومەتی هەرێمی کوردستانیش لە چەند رۆژی رابردوو بۆ ماڵپەڕی فەرمی پارتی دیموکراتی کوردستان باسی لەوە کردبوو کە پشتیوانییەكانی ئەمەریكا بۆ هێزەكانی پێشمەرگە درێژەیان دەبێت، ویلایەتەیەكگرتووەكان و بەریتانیا و ئەڵمانیاڕاوێژ و ئامۆژگاریی وەزارەتی پێشمەرگە دەكەن لە بواری چاكسازی لە وەزارەتدا، سەركەوتنی ئەم چاكسازییەش،یەكێك لە مەرجەكانی مەشقكردن و هاوكاریی دیكەی ئەمەریكایە بۆ پێشمەرگە.
پێویستە بگوترێت ساڵی رابردوو حکوومەتی ئەمەریکا 850 ملیۆن دۆلاری بۆ یارمەتیدانی ‌هێزەکانی عێراق تەرخان کردبوو کە لەو بڕە پارەیە 365 ملیۆن دۆلاری بۆ پێشمەرگە بوو و بەشێک لە مووچەی هیزەکانی پێشەرگەی پێ دابین کرد و ئەم یارمەتییانەش هیشتا بەردەوامن. جگەلەمە لە بودجەی ساڵی 2019 عێراق بە یاسا بەشێک لە بودجەی پێشمەرگەی جێگیر کردووە.
جگە لە ئەمەریکا ئەندامەکانی تری هاوپەیمانی نێودەوڵەتی دژی داعش یارمەتییان پێشکەش بە پێشمەرگە کردووە و هێشتا راوێژکارە سەربازییەکانیان مەشق بە پێشمەرگە دەکەن و هەر ماوەی رابردوو بوو کە ئەڵمانیا نەخۆشخانەیەکی تایبەت بە چارەسەرکردنی پێشمەرگەی بنیات نا و رادەستی وەزارەتەکەی کرد.
راستە داعش رووخاوە و هیچ رووبەرێکی نەماوە حوکمی بکات بەڵام پاسماوەی چەکدارەکانی داعش و شانە نوستووەکانی هەر دەم مایەی هەڕەشە و ترس و تۆقاندنن لە ناوچەکە و تەنانەت وڵاتانی تری جیهان و بڵاوبوونەوەی تۆماری ڤیدیۆیی ئەبووبەکر بەغدادی ئەمەی دەرخست کە ئەو هیزە تیرۆریستییە دەیەوێت بە شێوازێکی تر مەترسییەکانی بڵاو بکاتەوە.
کۆی ئەو گۆڕانکارییانە و هەوڵەکانی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی دژی داعش ئەوە دەسەلمێن کە بەشێکی گرنگ لە ئاسایشی ناوچەیی و تەنانەت جیهانیش بەوە گرێ دراوە ئەو هێزانەی لە مەیدانەکەن تۆکمەتر و بەهێزتر بکرێن. هێزەکانی پێشمەرگەش کە ئەزموونێکی زێڕینیان لە کارکردن لەگەڵ هێزەکانی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی دژی داعش و شکستپێهێنانی داعش پێشکەش کردووە فاکتەر دەبن لە سەقامگیری و ئاسایشی ناوچەکە و لە داهاتوودا پشتیوانی و یارمەتی دەدرێن و تۆکمەتر دەکرێن.

© 2017 Hawler