تشرینی یەکەم 16, 2019

ئەوروپا و ئەمریكا ترسیان لە گەڕانەوەی چەكدارانی داعش ھەیە

گەڕانەوەی چەکدارانی پێشووی داعش بۆ وڵاتانی خۆیان لە ئەوروپا و ئەمریكا، بووەتە بابەتێکی سەرەکی و سەنتەرەکانی لێکوڵینەوەی بەخۆیەوە سەرقاڵ کردووە. لە ئەمریکا شرۆڤەکاران پێیانوایە لەگەڵ گەڕاندنەوەی ئەم کەسانە بۆ ناو کۆمەڵگە پێویستە هەموو لایەنە ئەمنیی و هەواڵگرییەکان هەماهەنگییەکی تەواویان هەبێت بۆ ئەوەی دڵنیابن، ئەم کەسانە چاودێرییان لەسەر دەبێت و نابنە هەڕەشە.

مایکل فرەنکن، سەرۆکی هۆبەی یاسایی هێزەکانی دەریایی ئەمریکا، بە كوردستان24 راگەیاند: "بە دڵنیاییەوە ئەوەی پێویستە بریتییە لە دروستکردنی هێڵێکی پەیوەندیی روون و سادە لەنێوان وەزارەتی بەرگری و دەزگاکانی هەواڵگری بۆئەوەی دەسەڵاتدارانی هەر ناوچەیەك، لەگەڵ دەزگای هەواڵگری فیدراڵ بزانن ئەم کەسانە لەژێر چاودێریدان و گەڕێندراونەتەوە ناو کۆمەڵگە و نیازی دوژمنکارانەیان نییە". ھەر لەسەر ئەم پرسە ئارۆن زێلین، لێکۆڵەر لە بواری دژە تیرۆر و هەواڵگری گوتی: "وەك دەیەیەك لەمەوبەر بینیمان کاتێك هێزەکانی ئەمریکا عێراقیان جێهێشت، ئەمە هەلێکیدا بەم گرووپانە تا بگەڕێنەوە، چونکە سوپا و هەواڵگری عێراق مەرج نییە هەمان ئاستی توانا و کاراییە لۆجیستییەکانی ئەمریکای هەبێت. لە زۆر رووەوە گرژی تایفی بوونی هەیە. دەبینین زۆر خەڵك تەنیا لەبەر سوننی بوونی دەکوژرێت و مەرج نییە پەیوەندی بە داعشەوە هەبووبێت".
لە ھاوینی ساڵی 2014 داعش بەشێكی خاكی عێراق و سووریای داگیركرد، زۆرێك لە چەكدارانی ئەو رێكخراوە توندڕەوە خەڵكی وڵاتانی ئەمریكا و ئەوروپا بوون، دوای لەناوچوونی داعش لە ناوچەكە، ئەو چەكدارانەی داعش كە لە ژیان ماون ھەوڵدەدەن بگەڕێنەوە وڵاتەكانیان.
لە کوردستان ٢٤ـەوە

© 2017 Hawler