تشرینی یەکەم 16, 2019

سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان و شاندی یاوەری بەشدار بوون لە په‌نجاوچواره‌مین كۆنفرانسی ئاسایشی میونشن

رۆژی هەینی 16-2-2018 په‌نجاوچواره‌مین كۆنفرانسی ئاسایشی میونشن لە وڵاتی ئەڵمانیا دەستیپێکرد و بۆ ماوەی سێ رۆژ بەردەوامدەبێت. زیاتر لە 600 کەسایەتی لە سێ رۆژی کۆنفرانسەکەدا بەشداردەبن، لەنێویاندا سەرۆکی وڵاتان و رێکخراوەکان و بەرپرسە باڵاکان هەن. نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان شاندێکی یاوەریشی تیایدا بەشدارن.

شاندی کوردستان و شاندێكی وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌ی ئه‌ڵمانیا كۆبوونه‌وه
له چوارچیوه‌ی به‌شداریكردنی له كۆنفرانسی ئاسایشی میوشن له ئه‌ڵمانیا،نێچیرڤان بارزانی سه‌رۆك وه‌زیرانی هه‌رێمی كوردستان و شاندی یاوه‌ری، له‌گه‌ڵ شاندێكی وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌ی ئه‌ڵمانیا به سه‌رۆكایه‌تییواڵته‌ر لینده‌ر سكرتێری ده‌وڵه‌ت له وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌ی ئه‌ڵمانیا كۆبووه‌وه‌كه‌ ئێستا كاروباری وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی ئه‌ڵمانیا به‌ڕێوه‌ ده‌بات.
له كۆبوونه‌وه‌كه‌دا لینده‌ر خۆشحاڵیی خۆی به دیداری نێچیرڤان بارزانی و شاندی یاوه‌ری ده‌ربڕی و جه‌ختی له‌وه‌ كرده‌وه كه ئه‌وان به‌دواداچوون بۆ بارودۆخی ناوچه‌كه به‌گشتی و ڕه‌وشی عێراق و هه‌رێمی كوردستان به‌تایبه‌تی و ئاستی په‌یوه‌ندییه‌كانی نێوان هه‌ولێر و به‌غدا و هه‌ڵبژاردنه‌كانی عێراق و هه‌رێمی كوردستان ده‌كه‌ن، هه‌روه‌ها كاری لێژنه هاوبه‌شه‌كانی نێوان هه‌ولێر و به‌غدای بۆ چاره‌سه‌ركردنی كێشه‌كان به‌رز نرخاند و هیوای به‌رده‌وامی و فراوانكردنی زیاتری گفتوگۆكانی خواست.
لای خۆیه‌وه نێچیرڤان بارزانی وێڕای ده‌ربڕینی خۆشحاڵی به دیداری به‌ڕێزیان‌، سوپاسی هاوكارییه به‌رده‌وامه‌كانی ئه‌ڵمانیای له بواره‌كانی مرۆیی و سه‌ربازی بۆ هه‌رێمی كوردستان كرد، ده‌رباره‌ی په‌یوه‌ندییه‌كان و دیالۆگی نێوان هه‌ولێر و به‌غداش بۆ چاره‌سه‌ركردنی كێشه‌كان، هه‌ڵوێستی هه‌رێمی كوردستانی دووپات كرده‌وه كه هیواخوازه دیالۆگێكی جددی و فراوانتر له‌سه‌ر بنه‌مای ده‌ستووری عێراق له‌نێوان هه‌ردوولادا ده‌ستپێبكات و بگه‌نه ئه‌نجامێكی باش، هه‌ر له‌مباره‌یه‌وه ڕۆڵی كۆمه‌ڵگه‌ی نێوده‌وڵه‌تی به ‌پێویست زانی. به‌ڕێزیان دووپاتی كرده‌وه كه وه‌ك هه‌رێمی كوردستان به‌شداری له هه‌ڵبژاردنه‌كانی عێراقدا ده‌كه‌ن، خوازیارن سه‌قامگیری له ناوچه‌كه‌دا به‌رقه‌رار ببێت و كێشه‌كان چاره‌سه‌ر بكرێن.
تاوتوێكردنی قۆناغی دوای داعش و پرسی ئاواره و په‌نابه‌رانی ده‌ستی تیرۆر و دابینكردنی ئاسایش و خزمه‌تگوزاری بۆ هاووڵاتیان و ئاوه‌دانكردنه‌وه‌ی ئه‌و ده‌ڤه‌رانه‌ی به‌هۆی شه‌ڕه‌وه زیانیان پێگه‌یشتووه‌، لایه‌نێكی دیكه‌ی دیداره‌كه بوو.

شاندی کوردستان له‌گه‌ڵ وه‌زیری به‌رگریی ئه‌ڵمانیا كۆبووه‌وه‌
لە دووه‌م كۆبوونه‌وه‌یاندا رۆژی هه‌ینی 16/2/2018ی نێچیرڤان بارزانی سه‌رۆك وه‌زیرانی هه‌رێمی كوردستان، به‌ ئاماده‌بوونیمه‌سروور بارزانی ڕاوێژكاری ئه‌نجومه‌نی ئاسایشی هه‌رێمی كوردستان و شاندی یاوه‌ری له‌ كۆنفرانسی ئاسایشی میونشن له‌ ئه‌ڵمانیا، له‌گه‌ڵ خاتوو ئورسولا ڤۆن دێر لاین وه‌زیری به‌رگریی ئه‌ڵمانیا بوو.
له‌ كۆبوونه‌وه‌كه‌دا خاتوو ئورسولا وێڕای ده‌ربڕینی خۆشحاڵی به‌ دیداره‌كه‌ و به‌ دوایین سه‌ردانی بۆ به‌غدا و هه‌ولێر و به‌سه‌ركردنه‌وه‌ی سه‌ربازانی ئه‌ڵمانیا له‌ هه‌رێمی كوردستان، خۆشحاڵیشی به‌ ده‌سپێكردنی دیالۆگ و سه‌ردان و دیدار و كۆبوونه‌وه‌كانی نێوان هه‌ولێر و به‌غدا نیشان دا و ستایشی ڕۆڵی پێشمه‌رگه‌ و هاوكارییان له‌گه‌ڵ هێزه‌ ئه‌ڵمانییه‌كان له‌ كوردستان كرد و له‌ دوایین پێشهاته‌كانی دیالۆگی هه‌ولێر ـ به‌غدای پرسی.
نێچیرڤان بارزانی، پوخته‌یه‌كی ده‌رباره‌ی دوایین هه‌نگاو و پێشهاته‌كانی دیالۆگی هه‌ولێر ـ به‌غدا پێشكه‌ش كرد و جه‌ختی له‌ هه‌ڵوێستی هه‌رێمی كوردستان كرده‌وه‌ كه‌ ئاماده‌یه‌ له‌سه‌ر بنه‌مای ده‌ستوور كێشه‌كان له‌گه‌ڵ حكوومه‌تی فیدرالی عێراق چاره‌سه‌ر بكات. هه‌روها سوپاسی ڕۆڵی ئه‌ڵمانیا و پشتگیری و هاوكارییه‌كانی بۆ پێشمه‌رگه‌ و هه‌رێمی كوردستان له‌ كاتی شه‌ڕی دژی تیرۆردا كرد، دروستكردنی نه‌خۆشخانه‌ی پێشمه‌رگه‌ له‌ هه‌ولێر و هاوكارییه‌كانی ئێستای ئه‌ڵمانیایشی بۆ بیناكردنی تواناكان له‌ هه‌رێمی كوردستان به‌رز نرخاند.
له‌ كۆوبونه‌وه‌كه‌دا جه‌خت له‌سه‌ر گرنگیی به‌رده‌وامیی پشتگیری و هاوكارییه‌كان بۆ هه‌رێمی كوردستان كرایه‌وه‌ و دۆخی ئێستای عێراق و هه‌رێمی كوردستان و هه‌ڵبژاردنه‌كانی داهاتووی عێراق و هه‌رێمی كوردستان تاوتوێ كران، هه‌روه‌ها تیشك خرایه‌ سه‌ر بایه‌خدانی ئه‌ڵمانیا و هاوپه‌یمانیی نێوده‌وڵه‌تیی دژی تیرۆر به‌ به‌رده‌وامیی هاوكاری و هه‌ماهه‌نگیی نێوان هه‌رێمی كوردستان و عێراق له‌ ئێستا و داهاتوودا.

نێچیرڤان بارزانی و وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی نۆروێژ گه‌ڕانه‌وه‌ی سه‌قامگیری بۆ عێراق دووپات ده‌كه‌نه‌وه‌
هه‌ر له‌ میانه‌ی یه‌كه‌م ڕۆژی كۆبوونه‌وه‌ و دیداره‌كانیدا له‌ په‌راوێزی كۆنفرانسی ئاسایشی میونشن له‌ ئه‌ڵمانیا، نێچیرڤان بارزانی سه‌رۆك وه‌زیرانی هه‌رێمی كوردستان، له‌گه‌ڵ خاتوو ئینه‌ ئیریكسن سۆرایدی وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی نۆروێژ و شاندێكی یاوه‌ری كۆبووه‌وه‌.
له‌ كۆبوونه‌وه‌كه‌دا خاتوو سۆرایدی كه‌ پێشتر وه‌زیری به‌رگری بووه‌ و ئێستا پۆستی وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی نۆروێژی وه‌رگرتووه‌، تیشكی خسته‌ر سه‌ر ڕه‌وشی عێراق و كاری لیژنه‌ هاوبه‌شه‌كانی نێوان هه‌ولێر و به‌غدا بۆ چاره‌سه‌ركردنی كێشه‌كان، خۆشحاڵیی خۆیشی به‌ بڕیاری هه‌رێمی كوردستان ده‌رباره‌ی به‌شداریكردن له‌ هه‌ڵبژاردنه‌كانی عێراق ده‌ربڕی و به‌رده‌وامیی هه‌وڵه‌كانی وڵاته‌كه‌ی بۆ گه‌ڕانه‌وه‌ی سه‌قامگیری بۆ ناوچه‌كه‌ و هاوكاریی مرۆیی بۆ په‌نابه‌ران، دووپات كرده‌وه‌.
لای خۆیه‌وه‌ سه‌رۆك وه‌زیرانی هه‌رێمی كوردستان پیرۆزبایی وه‌رگرتنی پۆسته‌ نوێكه‌ی وه‌ك وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی نۆروێژ له‌ خاتوو سۆرایدی كرد، پوخته‌یه‌كیشی ده‌رباره‌ی ڕه‌وشی ناوچه‌كه‌، په‌یوه‌ندییه‌كانی نێوان هه‌ولێر و به‌غدا، كاری لیژنه‌ هاوبه‌شه‌كانی نێوان هه‌رێمی كوردستان و حكوومه‌تی عێراقی فیدراڵ، هه‌ڵوێستی هه‌رێمی كوردستان بۆ چاره‌سه‌ركردنی كێشه‌كان به‌پێی ده‌ستووری عێراق، دابینكردنی به‌شه‌ بودجه‌ی هه‌رێمی كوردستان له‌لایه‌ن به‌غدوه و هه‌ڵبژاردنه‌كانی عێراق و هه‌رێمی كوردستان‌، پێشكه‌ش كرد.
له‌ به‌شێكی دیكه‌ی كۆبوونه‌وه‌كه‌دا باس له‌ كۆنفرانسی ئاوه‌دانكردنه‌وه‌ی عێراق له‌ كوێت كرا و هه‌ردوولا به‌ گرنگیان زانی هه‌وڵی زیاتر بۆ گه‌ڕاندنه‌وه‌ی سه‌قامگیری و ئاوه‌دانكردنه‌وه‌ی شوێنه‌ زیانلێكه‌وتووه‌كانی شه‌ڕ بدرێن. له‌مباره‌یه‌وه‌ نێچیرڤان بارزانی سوودمه‌ندبوونی هه‌موو ناوچه‌كانی عێراق و هه‌رێمی كوردستانیشی له‌ به‌رنامه‌ و پڕۆژه‌كانی كۆنفرانسه‌كه‌ به‌ پێویست زانی كه‌ به‌هۆی شه‌ڕی تیرۆر و پێشوازی له‌ ژما‌ره‌یه‌كی یه‌كجار زۆری ئاواره‌ و په‌نابه‌رانان، بارقورسییه‌كی زۆری كه‌وتۆته‌ سه‌رشان‌.
تاوتوێكردنی قۆناغی دوای داعش و گه‌ڕاندنه‌وه‌ی ئاواره‌كان بۆ زێدی خۆیان و دابینكردنی خزمه‌تگوزاری و ئارامی بۆ ئه‌وان، لایه‌نێكی دیكه‌ی كۆبوونه‌وه‌كه‌ بوو.

شاندی کوردستان و شاندێكی په‌رله‌مانی ئه‌ڵمانیا، جه‌خت له‌ دۆستایه‌تیی دوولایه‌نه‌ ده‌كه‌نه‌وه‌
لە پەراوێزی كۆنفرانسی ئاسایشی میوشندا، نێچیرڤان بارزانی سه‌رۆك وه‌زیرانی هه‌رێمی كوردستان، له‌گه‌ڵ شاندێكی لیژنه‌ی په‌یوه‌ندییه‌كانی ده‌ره‌وه‌ی په‌رله‌مانی ئه‌ڵمانیا به‌ سه‌رۆكایه‌تیی ڕۆده‌ریش كیسڤێته‌ ئه‌ندامی لیژنه‌ی په‌یوه‌ندییه‌كانی ده‌ره‌وه‌ ـ نوێنه‌ری تایبه‌ت بۆ كاروباری ده‌ره‌وه‌ی په‌رله‌مانی ئه‌ڵمانیا كۆبووه‌وه‌.
له‌ كۆبوونه‌وه‌كه‌دا شاندی میوان تیشكیان خسته‌ر سه‌ر په‌یوه‌ندییه‌كان له‌گه‌ڵ هه‌رێمی كوردستان و پارته‌ سیاسییه‌كان و ئه‌ركی هێزه‌ مه‌شقكاره‌كانی ئه‌ڵمانیا له‌ هه‌رێمی كوردستان كه‌ مه‌شق و ڕاهێنان به‌ پێشمه‌رگه‌ ده‌كه‌ن، هه‌روه‌ها پرسیاریان ده‌رباره‌ی دۆخی ناوخۆی هه‌رێمی كوردستان، هه‌ڵبژاردنه‌كانی عێراق و هه‌رێمی كوردستان، په‌یوه‌ندییه‌كانی هه‌ولێر ـ به‌غدا و دۆخی ئاواره‌ و په‌نابه‌ران له‌ هه‌رێمی كوردستان كرد.
لای خۆیه‌وه‌ نێچیرڤان بارزانی، سوپاسی په‌رله‌مان و حكوومه‌ت و گه‌لی ئه‌ڵمانیای كرد بۆ پشتگیری و هاوكاریی به‌رده‌وامیان بۆ‌ هه‌رێمی كوردستان له‌ بواری مرۆیی و سه‌ربازی و سیاسیدا، پوخته‌یه‌كیشی ده‌رباره‌ی دۆخی ئێستا، پرۆسه‌ی سیاسی له‌ هه‌رێمی كوردستان، په‌یوه‌ندییه‌كانی هه‌ولێر ـ به‌غدا و هه‌ڵوێستی هه‌رێمی كوردستان بۆ چاره‌سه‌ركردنی كێشه‌كانی له‌گه‌ڵ به‌غدا پێشكه‌ش كرد و ئاماژه‌ی به‌ ڕه‌وشی ئاواره‌كان و نه‌گه‌ڕانه‌وه‌ی ژماره‌یه‌كی زۆریان بۆ زێدی خۆیان كرد، كه‌ به‌هۆی نه‌بوونی ئاسایش و ئارامییه‌وه‌ ناتوانن بگه‌ڕێنه‌وه‌.
تاوتوێكردنی ڕه‌وشی ناوچه‌كه، ئاڵوگۆڕكردنی بیروڕا ده‌رباره‌ی كاری له‌پێشینه‌ و مامه‌ڵه‌كردن له‌گه‌ڵ پێشهاته‌كان، گرنگیی پشتیوانیی نێوده‌وڵه‌تی له‌ پرۆسه‌ی دیالۆگی هه‌ولێر ـ به‌غدا و دووپاتكردنه‌وی دۆستایه‌تیی نێوان هه‌رێمی كوردستان و ئه‌ڵمانیا، لایه‌نێكی دیكه‌ی كۆبوونه‌وه‌كه‌ بوو.

شاندی کوردستان و وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی ئیتالیا دۆخی عێراق و هه‌رێمی كوردستان تاوتوێ ده‌كه‌ن
هه‌ر له‌ به‌رده‌وامیی دیدار و كۆبوونه‌وه‌كانی له‌ میونشی ئه‌ڵمانیا، نێچیرڤان بارزانی سه‌رۆك وه‌زیرانی هه‌رێمی كوردستان و شاندی یاوه‌ری له‌گه‌ڵ ئانجه‌لینۆ ئالفانۆ وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی ئیتالیا كۆبووه‌وه‌.
له‌ كۆبوونه‌وه‌كه‌دا ئالفانۆ ستایشی ڕۆڵی هه‌رێمی كوردستان و پێشمه‌رگه‌ی له‌ شه‌ڕی دژی داعشدا كرد و جه‌ختی له‌ دۆستایه‌تی و پشتیوانیی وڵاته‌كه‌ی بۆ هه‌رێمی كوردستان كرده‌وه‌، هه‌روه‌ها خۆشحاڵی و بایه‌خدانی وڵاته‌كه‌ی به‌ ده‌سپێكردنی پرۆسه‌ی دیالۆگی هه‌ولێر ـ به‌غدا نیشان دا و هیوای سه‌ركه‌وتنی بۆ خواست.
نێچیرڤان بارزانی سوپاسی ئیتالیای كرد بۆ ئه‌و پشتیوانی و هاوكارییانه‌ی له‌ كاتی شه‌ڕی دژی داعشدا پێشكه‌ش به‌ پێشمه‌رگه‌ و هه‌رێمی كوردستانی كردوون‌، جه‌ختیشی له‌ گرنگیی ڕۆڵی هاوپه‌یمانیی نێوده‌وڵه‌تیی دژی تیرۆر كرده‌وه‌ و ئاماژه‌ی به‌وه‌ دا كه‌ له‌گه‌ڵ شكاندنی سه‌ربازییانه‌ی داعش، گرنگه‌ هۆكاره‌كانی دروستبوون و سه‌رهه‌ڵدانی داعش و تیرۆر له‌ عێراق و بیری تیرۆر و توندوتیری ڕیشه‌كێش بكرێن، پوخته‌یه‌كیشی ده‌رباره‌ی قۆناغی ئێستا و پرۆسه‌ی دیالۆگی هه‌ولێر ـ به‌غدا پێشكه‌ش كرد.
تاوتوێكردنی دۆخی ناوچه‌كه‌ و گرنگیی هاوكاری و هه‌ماهه‌نگیی نێوده‌وڵه‌تی بۆ به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ی تیرۆر، لایه‌نێكی دیكه‌ی كۆبوونه‌وه‌كه‌ بوو.

شاندی هەرێمی کوردستان لە میونشن لەگەڵ جۆزیف بایدن كۆبوونه‌وه‌
لە پەراوێزی دووەم رۆژی کۆنفڕانسی ئاسایشی میونشن، شاندی باڵای هەرێمی کوردستان، لەگەڵ جۆزیف بایدن جێگری سەرۆکی پێشووی ئەمریکا کۆبوونەوە.
شاندی هەرێمی کوردستان لەکۆبوونەوەکەیان لەگەڵ بایدن بریتی بوون لە نێچیرڤان بارزانی سەرۆک ‌حکوومەتی هەڕێمی کوردستان و مەسروور بارزانی راوێژکاری ئەنجوومەنی ئاسایشی هەرێمی کوردستان، فوئاد حوسێن سەرۆکی دیوانی سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان و فەلاح مستەفا بەرپرسی فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی هەرێمی کوردستان بوون.

سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان لەگەڵ شاندێکی حکومەتی کوێت کۆبۆوە
لە پەراوێزی دووەم رۆژی کۆنفرانسی ئاسایشی میونشن نێچیرڤان بارزانی سه‌رۆكوه‌زیرانی هه‌رێمی كوردستان و شاندی یاوه‌ری له‌گه‌ڵ شاندێکی حکومەتی کوەیت بە سەرۆکایەتی شێخ خالید سەباح، جێگری سەرۆکوەزیرانی ئەو وڵاتە کۆبووەوە.
شایانی باسە شاندی باڵای کوردستان لە درێژەی کۆبوونەوە و دیدارەکانیاندا لەگەڵ هەریەکە لە ئەلێتسەر بێت، وەزیری دەوڵەتی بەریتانیا و پیتەر هۆڵدکویست، وەزیری بەرگریی سوید کۆبوونەوە.

© 2017 Hawler