تشرینی یەکەم 21, 2019

فۆرن پۆڵسی جۆرناڵ:ستایشی نێچێرڤان بارزانی كراوه‌ بۆ ڕێگرتن له‌ شه‌ڕی نێوان عێراق و كوردستان

ڕۆژنامه‌ی فۆرن پۆڵسی جۆرناڵ له‌ وتاریكدا باس له‌ هه‌وڵه‌ دیپلۆماتی و ئاشتیخوازه‌كانی نێچیرڤان بارزانی سەۆک وەزیرانی هەرێمی کوردستان ده‌كات له‌ پێناو چاره‌سه‌ركردنی كێشه‌كانی عێراق به‌ ڕێگه‌ی ده‌ستوور له‌هه‌مان كاتدا، پێشلێكارییه‌ ده‌ستووری و یاساییه‌كانی حكومه‌تی عێراقیش به‌رامبه‌ر به‌ خه‌ڵكی كوردستان باسكراوه‌ و ده‌ڵێت: سه‌ڕه‌رای هه‌موو هه‌وڵه‌كانی سه‌ركردایه‌تیی كوردستان بۆ هه‌بوونی په‌یوه‌ندیی ئاشتیانه‌ له‌گه‌ڵ عێراق به‌ڵام به‌غدا به‌رده‌وامه‌ له‌ سزادانی كورده‌كان له‌دژی خواستەکانی بۆ مافی چاره‌نووسی خۆی.

لە وتارەکەی فۆرن پۆڵسی جۆرنالدا هاتووە: له‌دوای ڕیفراندۆمی سه‌ربه‌خۆیی كوردستانه‌وه‌ په‌یوه‌ندیی نێوان هەولێر و به‌غدا تووشی چەقبەستوویی هات، به‌ڵام پێش ڕیفراندۆمیش په‌یوه‌ندییه‌كان باش نه‌بوون چونكه‌ حكومه‌تی بەغدا له‌ساڵی 2014ەوه‌ هیچ بودجه‌یه‌كی بۆ هه‌رێمی كوردستان نه‌ناردووه‌. به‌ڵام عێراق ڕیفراندۆمی وه‌ك بیانوویه‌ك به‌كارهینا بۆ ئه‌وه‌ی هێرشی سه‌ربازی بكاته‌ سه‌ر پێشمه‌رگه‌ی كوردستان و شاری ده‌وڵه‌مه‌ند به ‌نه‌وتی كوردستانی گرت.
هه‌روه‌ها ده‌شڵێت: له‌گه‌ڵ ئه‌و هه‌موو شه‌پۆلی توندوتیژییانه‌دا حكومه‌تی هه‌رێم بڕیاریدا ڕێگری له‌ پیكدادانی سه‌ربازی بكات و له‌جیاتی ئه‌وه‌ سه‌رنجی خسته‌ سه‌ر چاره‌سه‌ركردنی كێشه‌كان به‌ڕێگه‌ی دیالۆگ، نێچیرڤان بارزانی سه‌رۆك وه‌زیرانی هەرێمی كوردستان ستایش ده‌كرێت به‌ ڕۆڵی ڕێگرتن له‌ شه‌ڕ له‌نێوان كوردستان و عێراق و ته‌نانه‌ت ڕۆژنامه‌ی واشنتۆن تایمزیش نووسیویەتی كه‌ نێچیرڤان بارزانی شایسته‌ی خه‌ڵاتی نۆبڵی ئاشتییه‌.
هه‌ر له‌ وتاره‌كه‌دا باس له‌ دیدار وكۆبوونه‌وه‌كانی نێچیرڤان بارزانی كراوه‌ له‌گه‌ڵ سه‌ركرده‌كانی جیهان و دەنووسێت: نێچیرڤان بارزانی دیداری له‌گه‌ڵ چه‌ندین سه‌ركرده‌ی جیهانیدا ئه‌نجامداوه‌ وه‌ك ڕاوێژكاری ئه‌لمانیا ئەنگێلا میركڵ و سه‌رۆك كۆماری ئیران حه‌سه‌ن ڕۆحانی بۆ ئه‌وه‌ی فشار بخه‌نه‌ سه‌ر حكومه‌تی عێراقی بیته‌ سه‌ر مێزی گفتوگۆ و كێشه‌كان به‌ ڕێگه‌ی ده‌ستوور چاره‌سه‌ر بكه‌ن. هه‌روه‌ها بارزانی به‌شداریی كۆنفرانسی ئاسایشی میونخ ده‌كات بۆ دروستكردنی په‌یوه‌ندی و هه‌ماهه‌نگی له‌ نیوان حكومه‌تی هه‌رێم و كۆمه‌ڵگەی نێوده‌وڵه‌تی بۆ به‌هیزكردنی ئاسایشی نێوده‌وڵه‌تی، به‌ڵام سه‌رەڕای کۆبەوونەوەکانی حكومه‌تی هه‌رێم له‌گه‌ڵ بەغدا، هێشتا په‌یوه‌ندییه‌كانیان ئاسایی نه‌بوونه‌ته‌وه‌، فڕۆكه‌خانه‌كانی هه‌رێمی كوردستان به‌ داخراوی ماونه‌ته‌وه‌، سه‌ره‌ڕای به‌ڵێنه‌كانی بەغدا بۆ لابردنی گه‌مارۆكه‌، نێچیرڤان بارزانی خۆی به‌ شه‌خسی گله‌یی له‌ حكومه‌تی عێراقی كردووه‌ له‌ لانه‌بردنی گه‌مارۆی سه‌ر فڕۆكه‌خانه‌كان و وتوویه‌تی "زۆر به‌داخین كه‌ حكومه‌تێك ده‌یه‌وێت بەمجۆرە سزای هاوڵاتییانی خۆی بدات، ئه‌گه‌ر ئه‌وان ده‌یانه‌وێت ده‌سه‌ڵاتی مه‌ده‌نیی خۆیان بچه‌سپینن، ئیمه‌ زۆر ده‌مێكه‌ وتوومانه‌ كه‌ ئاماده‌ین بۆ ئه‌وه‌ و پێشوازی لیكردنیان"
له‌ كۆتایی وتاره‌كه‌دا، ڕۆژنامه‌ی فۆرن پۆڵسی جۆرناڵ ئاماژه‌ به‌ به‌شه‌ بودجه‌ی هه‌رێمی كوردستان له‌ پڕۆژه‌ یاسای بودجه‌ی فیدراڵیی 2018 دەکات و نووسراوه:‌ بودجه‌ی 2018 یه‌كێكی دیکەیە له‌ خاڵه‌ ناكۆكه‌كان، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ی حكومه‌تی هه‌رێم جه‌خت له‌سه‌ر ئه‌وه‌ ده‌كاته‌وه‌ كه‌ ده‌بێت %17 پشكی بودجه‌ی هه‌رێم بیت، به‌ڵام به‌غدا ده‌یه‌وێت ته‌نیا %12.6 بۆ هه‌رێم دابنیت و حكومه‌تی هه‌رێم له‌ساڵی 2014ەوه‌ هیچ پاره‌یه‌كی له‌ به‌غدا‌وه‌ وه‌رنه‌گرتووه‌ و ته‌نیا پشتیان به‌ هه‌نارده‌ی نه‌وت به‌ستووه‌ بۆ دابینکردنی مووچه‌ی فه‌رمانبه‌رانی، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا داهاتی نه‌وتی هه‌رێم دابه‌زی له‌گه‌ڵ له‌ده‌ستدانی كه‌ركوك و‌ هه‌رێمی كوردستانی خسته‌ چه‌قبه‌ستوویی داراییه‌وه،‌ بۆیه‌ ناردنی بودجه‌ له‌ گفتوگۆ سه‌ره‌كییه‌كانی حكومه‌تی هه‌رێمی کوردستانە.

© 2017 Hawler