ئاب 19, 2019

بە بڕیاری سه‌رۆكوه‌زیرانی كوردستان وەرگرتنی پارە لە گەشتیارانی ئێرانی هەڵگیرا

كۆنسوڵی ئێران لە هەولێر رایگەیاند، بەبڕیاری سەرۆكوەزیرانی هەرێمی كوردستان لەمەودوا پارە لە گەشتیارانی ئێرانی بۆ نێو هەرێمی كوردستان وەرناگیرێت. لەلایەكی دیكەوە بەڕێوەبەرایەتی پۆستەی هەولێر، هاووڵاتیان ئاگاداردەكاتەوە، لەمەودوا بۆ وەرگرتنی ڤیزای ئێران، دەتوانن سەردانی نووسینگەكانی پۆستە بكەن و داوای ڤیزای ئێران بكەن.

ئەو بڕیارەی سەرۆكوەزیران بۆ وەرنەگرتنی ئەو 25 هەزارەی كە لە گەشتیارانی ئێرانی وەردەگیرا، بووە جێگەی خۆشحاڵی گەشتیارانی ئێرانی و سوپاسی سەرۆكوەزیرانی كوردستان دەكەن، بۆ ئەو بڕیارەی كە دراوە.
شەهریار محەمەدی، كە گەشتیارێكی ئێرانییە بۆ "هەولێر" دیاركرد:" ئەو 25 هەزار دینارەی كە لە دیوی هەرێمی كوردستان لە ئێمە وەردەگیرا بۆ ئێمە دەكردە 260 هەزار تومەن، ئەوەش بۆ ئێمە بڕە پارەیەكی زۆر بوو، بەڵام دوای ئەوەی نێچیرڤان بارزانی، سەرۆكوەزیرانی كوردستان ئەو بڕیارەی دا، ئێدی ئەو بڕە پارەیە لە ئێمە وەرناگیرێت، ئەوەش بۆتە جێگەی خۆشحاڵی ئێمە و سوپاسی سەرۆكوەزیران دەكەین بۆ ئەو بڕیارەی كە دراوە.
سەركۆنسوڵی ئێران مورتەزا عەبادی، لە هەولێر رایگەیاند: ئەوكاتەی ئێران پارەی بۆ پێدانی ڤیزا وەردەگرت هەرێمی كوردستانیش بڕی 25000 دیناری لە گەشتیارانی ئێرانی وەردەگرت كە دەهاتنە هەرێمی كوردستان، بەڵام رۆژی رابردوو دیدارێكمان لەگەڵ سەرۆكوەزیرانی هەرێمی كوردستان ئەنجامدا و بەڕێزیان بڕیاری دەركرد بەوەی كە چیدیكە ئەو 25 هەزار دینارە لە گەشتیارانی ئێرانی وەرنەگیرێت.
بۆیە حكوومەتی هەرێمی كوردستان، بە نوسراوێك خاڵە سنورییەكانی ئاگاداركردوونەتەوە كە ئەم بڕە پارەیەی لەكاتی هاتنی هاووڵاتیانی ئێران بۆ هەرێمی كوردستان وەردەگیرا، رابگیرێت.
لەلایەكی دیكەوە زرار حوسێن، بەرپرسی نشینگە و پاسپۆرتی دەروازەی سنووری حاجی ئۆمەران بە "هەولێر"ـی گوت:" بە فەرمانی وەزارەتی ناوخۆی حكوومەتی هەرێمی كوردستان وەرگرتنی رسومات لە گەشتیارانی هەڵگری پاسپۆرتی ئێرانی، كە بڕەكەی 25 هەزار دینار بوو، هەڵگیراوە و چیدیكە رسوماتیان لێوەرناگیرێت.
وەرگرتنی ڤیزای كۆماری ئیسلامی ئێران، لە نووسینگەكانی سەر بە بەڕێوەبەرایەتی پۆستەی هەولێر دەبێت و پێویستە هاووڵاتییان بۆ وەرگرتنی ڤیزا، سەردانی نزیكترین نووسینگەی پۆستە بكەن.
وەك لە راگەیەندراوەكەدا ئاماژەی بۆ كراوە، نرخی خزمەتگوزاری وەرگرتنی ڤیزا، تەنها 2 هەزار دینار دەبێت و زووترین كاتیش ڤیزاكان دەگەیەنرێنەوە دەست هاووڵاتیان لە شوێنی نیشتەجێبوونی خۆیان.
بە گوێرەی رێككەوتنێكی نێوان ئێران و عێراق، كۆماری ئیسلامی ئێران لە بەرامبەر پێدانی ڤیزا و سەردانیكردنی هاووڵاتییانی هەرێمی كوردستان و عێراق بۆ ئەو وڵاتە، هیچ بڕە پارەیەك وەرناگرێت و هیچ مۆرێكییش لە پاسپۆرتی هاووڵاتییان نادات".

دواترین دەستکاریکردن لەسەر یەک شەممە, 21 نیسان 2019 05:55
© 2017 Hawler