ئەم پەڕەیە چاپ بکە

داوا دەکرێت وەرگرتنەوەی پێشینەکانی هاوسەرگیری و خانوبەرە و قەرزی بچووک دوابخرێت

فراکسیۆنی پارتی لە ئەنجوومەنی پاریزگای هەولێر، داوای لە ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێم کردووە، وەرگرتنەوەی قەرزی فەرمانبەران بە ناوی پێشینەی خانو و هاوسەرگیری و قەرزی بچووک لانی کەم بۆ ساڵێک دوابخات. ئەمەش بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە کە ناڕەزاییەتییەکی زۆر هەبوو سەبارەت بە وەرگرتنەوەیان لەگەڵ سەرەتای چاککردنەوەی مووچەی فەرمانبەران و داوا دەکەن ڕابگیرێت .

سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی لە ئەنجوومەنی پارێزگای هەولێر، بە کوردستان ٢٤ی ڕاگەیاندووە:" داوامان لە ئەنجوومەنی وەزیران کردووە، وەرگرتنەوەی پێشینەكان لانی كه‌م بۆ ساڵێکی دیكە دوابخات، تا بارودۆخی ئابووری هاووڵاتیان به‌ گشتی ده‌چێته‌ قۆناخێكی باشتر".
ئەوەشی ڕاگەیاندووە، کە ئەنجوومەنی پارێزگاکانی هەرێم بە هاوبەشی ئەو داوایەیان ئاراستەی سەرۆکایەتیی ئەنجوومەنی وەزیران کردووە.
لەماوەی رابردوودا بەهۆی دانانی یاسای پاشەکەوتی مووچەوە، حکومەت وەرگرتنەوەی ئەو قەرزانەی لەسەر فەرمانبەران هەڵگرت، بەڵام لە ئێستادا بەهۆی چاکبوونەوە و هەڵگرتنی یاساکە وەرگرتنەوەی پارەی پێشینەکان دەستی پێکردۆتەوە.