ئایار 24, 2019

دەست بە گەشتی ئاسمانیی نێوان ورمێ و هەولێر دەکرێتەوە

ماوەیەکی زۆرە گەشتی ئاسمانیی لە نێوان هەولێری پایتەختی هەرێمی کوردستان و ورمێی رۆژهەڵاتی کوردستان وەستاوە و بەرپرسانی فڕۆکەخانەی ورمێش باس لەوە دەکەن بەمزووانە گەشتی فڕۆکەکانیان بە ئامانجی هەولێر دەست پێ دەکاتەوە.

کەمال پەرهیزکار بەڕێوەبەری گشتی فڕۆکەخانەکانی پارێزگای ورمێ بۆ میدیاکانی ئێران ئاشکرای کردووە هەوڵەکانی خۆیان چڕ کردووەتەوە بۆ ئەوەی بەمزووانە گەشتی ئاسمانی نێوان فڕۆکەخانەی ورمێ و فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی هەولێر دەست پێ بکاتەوە.
بە گوتەی ئەو بەرپرسە سەرەتا ژمارەی فڕینەکان و ئەو گەشتانەی کە لە نێوان ئەم دوو شارە ئەنجام دەدرێن سنووردار دەبێت بەڵام لەگەڵ بەرزبوونەوەی ژمارەی گەشتیاران و داواکاری گەشتکردن، ئەوا گەشتەکانی فڕۆکەش زیاد دەکەن.
گەشتکردنەکە لە نێوان ئەم دوو فڕۆکەخانەیە بە شیوەی راستەوخۆ دەبێت و بەرپرسانی ورمێش ئەوەیان ئاشکرا کردووە کە ژمارەیەکی زۆری هاووڵاتی پاریزگای ورمێ هاتوچۆی هەولێر دەکەن و ئەم هەنگاوەش دەبێتە کارئاسانییەکی باش بۆ گواستنەوەی گەشتیاران و پەرەپێدانی پێوەندییەکانی نێوان هەر دوو پارێزگا.
ئەو باسی لەوە نەکردووە لە چ رۆژێک یان لە چ کاتێکەوە گەشتەکان دەست پێ دەکەن بەڵام گوتوویەتی لە یەکەم دەرفەتدا دەست بە گەشتەکان دەکەن.
پێویستە بگوترێت ئێران لە سەرەتای ئەم مانگەوە ڤیزای لەسەر هاووڵاتیانی عێراق و هەرێمی کوردستان لابرد و پێنجشەمی رابردووش کە دەکاتە 18ی نیسان وەزارەتی ناوخۆی حکوومەتی هەرێمی کوردستانی بڕیاری دا چیتر 25 هەزار دینار لە گەشتیارانی ئێران لە کاتی هاتنیان بۆ هەرێمی کوردستان نەستێنێت.
نەمانی رسوومات و باجی هاتوچۆی هاووڵاتیان دەبێتە هۆکارێک کە هەم لە هەرێمی کوردستانەوە خەڵکێکی زۆر سەردانی شارەکانی ئێران بکەن و لە ئێرانیشەوە خەڵکێکی زۆر سەردانی هەرێمی کوردستان بکەن. هاووڵاتیانی ئێران پێشتر جگە لەو پارەیەی بە هەرێمی کوردستانیان دەدا دەبوایە لە کاتی چوونەدەرەوە بۆ جاری یەکەم 220 هەزار تمەن و بۆ جاری دووەم 330 هەزار تمەن و بۆ جاری سێیەمیش 440 هەزار تمەنیان بە ئێران دابا. کۆی ئەو برە پارەیە لەگەڵ 25 هەزار دینارەکە بە گران لەسەریان دەوەستا و ئەمەش هۆکار بوو لەوەی ژمارەیەکی زۆر کەم هاووڵاتی و گەشتیاران بە مەبەستی جیاواز سەردانی هەرێمی کوردستان بکەن. ئەو گەشتیارانەی لە ئێرانەوە دێنە هەرێمی کورستان هیشتا دەبێت رسووماتی چوونەدەرەوە لە ئێران بەو وڵاتە بدەن.
قەیرانی ئابووری، بێکاری، هەژاریی لە ژێر کاریگەریی سزاکانی ئەمەریکا لە دژی ئێران هۆکاری سەرەکین لەوەی بەشێک لە هاووڵاتیانی ئێران و رۆژهەڵاتی کوردستان بەمەبەستی کرێکاری یان هەر کاسبییەکی تر سەردانی هەرێمی کوردستان بکەن.
بەهیزبوونی بەهای دیناریش لە بەرانبەر تمەنی ئێرانی هۆکاری سەرەکییە لەوەی زیاتر لە جاران هاووڵاتیانی عێراق و هەرێمی کورستانیش بۆ مەبەستی گەشت، چارەسەری یان هەر هۆکارێکی تر سەردانی ئێران بکەن.
پێدەچێت زۆریی سەردانکەران هۆکار بێت لەوەی فڕۆکەخانەی ورمێ هەنگاو بۆ دەستپێکردنەوەی گەشتەکانی بۆ هەولێر بنێت.

© 2017 Hawler