تەمموز 19, 2019

چوار مووچەی هێزەكانی پێشمەرگە ئامادەیە و تەنیا ماوە بگاتە هەرێمی كوردستان

جێگری سەرۆكی پەرلەمانی عێراق رایدەگەێنیت، چوار مووچەكەی هێزەكانی پێشمەرگە ئامادەیە و بەیەكەوە خەرج دەكرێت و تەنیا ماوە پارەكە بگاتە هەرێمی كوردستان.

د.بەشیر حەداد، جێگری سەرۆكی پەرلەمانی عێراق رایگەیاند، دوای ئەوەی لەلایەن عادل عەبدولمەهدی، وەك وەزیری بەرگریی بە وەكالەت و سەرۆك وەزیرانی عێراق ڕەزامەندی درا كە وەزارەتی بەرگری پارەكە كە هی چوار مانگە و بۆ هەر مانگێك 68 ملیار دینارە بۆ هێزەكانی پێشمەرگە خەرج بكرێت، بەڵام وەزارەتی بەرگری پارەكەی بۆ وەزارەتی دارایی گەڕاندووەتەوە بۆ ئەوەی ئەوان پارەكە خەرجبكەن.
جێگری سەرۆكی پەرلەمانی عێڕاق گوتیشی:" پارەكە ئامادەیە و خەرجكراوە تەنیا ماوە بگاتە هەرێمی كوردستان و مووچەكە هێزەكانی پێشمەرگە هەمووی بەیەكەوە دابەش دەكرێت".
لەلایەكی دیكەوە لیوا بابەكر فەقێ ئەحمەد، بەڕێوەبەری راگەیاندن و رۆشنبیری وەزارەتی پێشمەرگەی حكوومەتی هەرێمی كوردستان، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی ڕاگەیاند، هاتنی شاندی وەزارەتی بەرگری عێراق بۆ هەرێمی كوردستان، چەندین پرسی لە خۆی گرتووە، وەك پرسی مووچە و هاوكاری لۆجستی بۆ پێشمەرگە.
لیوا بابەكر ئاماژەی بەوەشدا، كە سەرۆكوەزیرانی عێراق بڕیاری خەرجكردنی چوار مووچەی پێشمەرگەی داوە و لە ئێستادا خراوەتە سەر حیسابی وەزارەتی پێشمەرگە.
ئەو شێوازی ناردنی مووچەی هێزەكانی پێشمەرگەیشی روون كردەوە، كە مانگانە رەوانە دەكرێت، هەر چواری پێكەوە رەوانە ناكرێت، كاتێ شاندەكە هاتەوە، ئەوكات باسی وردەكاری زیاتر دەكرێت".

© 2017 Hawler